توركيا

کاردانەوەی تورکیا بەرامبەر بەیاننامەی هاوبەشی میسر، یۆنان، به‌شه‌ رۆمیه‌كه‌ی قوبرس، فەڕەنسا و ئیمارات

حامی ئاکسۆی: "ئەو بەیاننامە هاوبەشەی کە لەبارەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لیبیاوە بڵاویان کردووەتەوە، نموونەیەکی پڕپەندی دووڕوویی چەند وڵاتێکە کە لەڕێی سیاسەتەکانیانەوە هەوڵی دروستکردنی پشێوی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە دەدەن "

12.05.2020 - نوێکردنەوە : 12.05.2020
کاردانەوەی تورکیا بەرامبەر بەیاننامەی هاوبەشی میسر، یۆنان، به‌شه‌ رۆمیه‌كه‌ی قوبرس، فەڕەنسا و ئیمارات

Ankara

ئەنقەرە- AA

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە کە لەبارەی راگەیەندراوی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی میسر، یۆنان، به‌شه‌ رۆمیه‌كه‌ی قوبرس، فەڕەنسا و ئیمارات بڵاوکراوەتەوە.

حامی ئاکسۆی نووسیویەتی "ئەو بەیاننامە هاوبەشەی میسر، یۆنان، به‌شه‌ رۆمیه‌كه‌ی قوبرس، فەڕەنسا و ئیمارات کە لەبارەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لیبیاوە بڵاویان کردووەتەوە نموونەیەکی پڕپەندی دووڕوویی چەند وڵاتێکە کە لەڕێی سیاسەتەکانیانەوە هەوڵی دروستکردنی پشێوی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە دەدەن و بەلایانەوە گرنگ نییە ئومێدی دیموکراسیی گەلان بکەن بە قوربانی پەلاماری بێپەروای کودەتاچییە دیکتاتۆرەکان، بەڵام ئەم پلانانەیان لەلایەن تورکیاوە تێکدراوە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، پەنابردنی یۆنان و به‌شه‌ رۆمیه‌كه‌ی قوبرس بۆ چەند وڵاتێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ناوچەکەوە نییە لەبری دانوستانکردن لەگەڵ تورکیا شوێنەواری بیرکردنەوەیەکی کۆیلەگەرانە و بێگانەپەرستانەیە و هەرگیز قبوڵ ناکرێت ئەو هەنگاوانەی تورکیا لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی گرتونیەتییەبەر بەلاڕێداببرێن.

حامی ئاکسۆی تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئەم رەوشە بۆ میسریش بە هەمان شێوەیە، چونکە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەمێکە چاوپۆشییان لە داکۆکیکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەیان کردووە و لە بارەی ئیمارات و فەڕەنساشەوە نووسیویەتی "ئیمارات هیچ پەیوەندییەکی بە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە نییە و ئەوەی لەگەڵ وڵاتەکانی دیکەدا کۆیکردووەتەوە تەنها دوژمنایەتیکردنی تورکیایە. پێشینەی ئیمارات هەم بەرامبەر ئێمە و هەم بەرامبەر لیبیا روون و ئاشکرایە. فەڕەنساش کە لەڕێی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی-یەوە گورزێکی کوشندەمان لە ئومێدەکانی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی تیرۆریستی لە باکووری سووریا وەشاند، ئاشکرایە بۆچی هاوپەیمانی دژی تورکیا دروست دەکات. داوا لە هەموو ئەم وڵاتانە دەکەین بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان رەفتار بکەن. دەتواندرێت لە ناوچەکەدا لەبری هاوپەیمانی دژبە ئاشتی و سەقامگیری، هەماهەنگی و گفتوگۆی راستگۆیانە دروست بکرێت".

راگەیەندراوەکەی حامی ئاکسۆی دوای ئەوە هات کە دوینێ هەریەکە لە میسر، یۆنان، به‌شه‌ رۆمیه‌كه‌ی قوبرس، فەڕەنسا و ئیمارات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بەبێ باسکردن لەو پەلامارانەی هێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر کە بوونەتەوە هۆی کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنی، داوایان کردبوو "لەنێوان لایەنە لیبییەکاندا ئاگربەست رابگەیەندرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن