سياسەت, عێراق

"چەکدار کردنی هۆزەکان دژ بە داعش هەڵە بوو"

ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵا: "چەکدارکردنی ھۆزەکان، ئەزموونێکی شکستخواردووی عێراقە، ئەوان بەڕۆژ پیاوی حکوومەت و بەشەو تیرۆریست بوون"

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 21.06.2020 - نوێکردنەوە : 26.06.2020
"چەکدار کردنی هۆزەکان دژ بە داعش هەڵە بوو"

Arbil

هەولێر – AA

سەرهەڵدانەوەی داعش، تەنها گریمانەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو بەواقع جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی لە هەندێک ناوچە، ئەو نیگەرانییەی لای هەرێمی کوردستان دروستکردووە کە بەئاشکرا لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و سەرۆکوەزیران، لەبارەی دۆخی هەندێک ناوچەی عێراق بە تایبەتی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لەنێوان بەغدا و هەولێر هێنایە دەنگ، وێڕای هۆشداریدان لە پەرەسەندنی تیرۆر و حکوومەتی عێراق-یان لێ ئاگادار کردووەتەوە.

رێکخستنە چەکدارییە نهێنییەکانی داعش رۆژانە پەلاماری نەک تەنها هێزە ئەمنییەکان دەدەن، بەڵکو جووتیاران و دەغڵودانیشیان لە دەستی هێرشەکانیان پارێزراو نین و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بە گوتەی شایەتحاڵان بتوانن لە بۆشایی ئەمنی هەندێک ناوچە کەڵک وەربگرن و کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەن.

یەکێک لە هەستارترین شوێنەکان کە داعش بە بەردەوامی چاوی لەسەر بووە، بۆ کوردەکانیش جێگای نیگەرانی بووە، سنووری ماددەی ١٤٠ و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها کەرکووک بووە.

کەرکووک بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەیەکەی، بۆشایی ئەمنی و ناکۆکی نێوان دەسەڵاتداران لە بەغدا و هەرێم لەسەر چەقی ململانێیە چەکدارییەکان بووە و هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی دۆخێکە کە بە تایبەتی دوای ریفراندۆمی کوردەکان بۆ جیابوونەوە لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٧، زیاتر گرژی تێکەوت.

لە بەشی یەکەمی دیمانەکەیدا شاخەوان عەبدوڵڵا، وەک کەسایەتییەکی سیاسی دیاری کەرکووک کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی ئەو لێژنەیە دەکات کە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، باسی لە دۆخی کەرکووک و پرۆسەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئاسایشی و سەقامگیری کەرکووک کرد، لە بەشی دووهەمی دیمانەکەدا ئەو ئەندامەی خولی پێشووی لێژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵسەنگاندن بۆ سەرهەڵدانی داعش، قۆناغەکانی گەشەسەندنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە دەکات.

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "دۆخی ئەمنی ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت لە سێ قۆناغی جیاواز هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت ئەویش؛ دوای رووخانی رژێم تا هاتنی داعش، قۆناغێک دوای هاتنی داعش تا ساڵی ٢٠١٧ و قۆناغی سێیەم، قۆناغی دوای ساڵی ٢٠١٧ بوو..

لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥، دوای رەتکردنەوەی سوننە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی، زەمینەیەکی ناڕەزاییەتی دروست کرد لە ناوچەکانیان و بووە هۆی پەرەسەندنی گرووپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان. بەعسییەکان خۆیان لە گرووپی نەقشبەندییەکان بینییەوە و بەشێکیشیان بوون بە ئەلقاعیدە، هەروەها ئەنسارولسوننە دروست بوو. ئەم گرووپانە دەستیان بە تەقینەوە و کاری خۆکوژی کرد و چالاکییەکانیان لە دژی ئەمریکییەکان بوو و لە هەمانکاتیش دژی حکوومەتی ناوەندی وەستانەوە و پێیان وابوو کە ئەم حکوومەتە هاوکاری داگیرکەرانە. پۆلیسیان دەکوشت، ئاسایشیان دەکوشت".

- گومان هەبوو دەستێکی دەرەکی داعشی هێنایە عێراق

شاخەوان عەبدوڵڵا لەو باوەڕەدایە کە دەستێکی دەرەکی لە پشت داعش بوو لە هێنانیان لە سووریاوە بۆ عێراق و گوتی: "بەشێکی زۆری شارەکانی سووریا کەوتبووە ژێر دەستی داعش و دەسەڵاتی سووریا نزیک بوو لە رووخان، بەشێکی زۆری شارەکانی کەوتبوون و داعش تەنگی بە رژێمی سووریا هەڵچنی بوو. بۆیە گومانی ئەو هەبوو کە دەستێکی سیاسیی داعشی هێنا بۆ عێراق بۆ ئەوەی ئەو گوشارانە لەسەر رژێمی سووریا نەمێنێت و داعش داخلی عێراق بوون".

بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا کە ئەو کات ئەندام بووە لە لێژنەی بەرگریی و ئاسایش و ئەرکی لێکۆڵینەوە و نووسینی راپۆرتی تایبەت بووە لەسەر کەوتنی مووسڵ کە دووەم گەورەشاری عێراقە و خەلافەتەکەی داعشی تیادا راگەیەندرا، تەنها ٣٠٠ چەکداری داعش کە پێشتر مەشقیان پێکرابوو، هێرشیان کردووەتە سەر مووسڵ.

ئەو دەڵێت "خەڵکی مووسڵ و دەورووبەری پێیان وابوو داعش فریادرەسیانە و پێیان وابوو ئەو زوڵمەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و میلیشیاکانەوە کە پێیان دەگوترا 'هێزی سەفەوی' و سەرانەیان لێوەردەگیرا و کوڕیان لێ دەبردرا و دواییش تاوانی تیرۆریان دەخستنە پاڵ، بووە هۆی ئەوەی کە پێیان وابوو رزگاریان دەکات. بۆیە خۆیان تەسلیمی داعش کرد و ئەو هەڵستانەوە جەماوەرییە وایکرد کە زۆربەی هێزە ئەمنییەکانیش نەتوانن پێشیان پێ بگرن کە تەنها لەناو مووسڵ، ٦٥ هەزار کەسی ئەمنی و سەربازیی هەبوون".

- ئێران و ئەمریکا یەکتر بە پشتیوانی داعش تۆمەتبار دەکەن

ئەو قسانەی شاخەوان عەبدوڵڵا پرسیاری ئەوە دروست دەکات، ئاخۆ هێزێکی ٣٠٠ کەسی چۆن و بە چ پشتیوانییەک دەتوانن بەشێکی گەورە لە عێراق و سووریا داگیر بکەن. لەبارەی پشتی پەردەی یارمەتییەکانی داعش لە هەندێک ناوچەی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا بە گومانەوە سەیری ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت:

"لەئێستادا بەرەی ئێران دەڵێت ئەمریکا لە پشت داعشە و بەرەی بەرامبەریش ئێران بە پشتیوانی داعش ناو دەبات. هەر دوولایش فاکتی خۆیان هەیە، بۆ نموونە لە ناوچەیەک وەک قوریچای لە نێوان کفری و دووز، ئەو ناوچەیە هێزی عێراقییە و حەشدی شەعبی لەوێ دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن و ئازادی بکەن، بۆ نایکەن؟ ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکی نییە، بەڵام ئەمریکا تا ئێستا پشتیوانی لە پرۆسەی سیاسیی لە عێراق دەکات و پشتیوانیشی بۆ کازمی دەربڕیوە و پێویست ناکات کە پشتیوانی داعش-یش بێت".

هەروەها ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق لە دوایین بنکەی داعش واتە ناوچەکانی باشووری کەرکووک بۆ شاخەوان عەبدوڵڵا جێگای گومانە و نایشارێتەوە کە ئاگاداری ئەوە نییە لە چوار هەزار چەکداری رێکخراوەکە چەند کەس گیراوە یان کوژراوە و دەڵێت:

"سوپای عێراق بەر لە ١٦ ئۆکتۆبەر ئۆپەراسیۆنێکی لە ناوچەکانی حەویجە ئەنجام دا و بەپێی راپۆرتەکانی ئێمە وەک لێژنەی ئاسایش و بەرگریی کە بەرزمان کردەوە بۆ فەرماندەی هێزەکان کە عەبادی بوو، حەویجە دوایین ناوچەی عێراق بوو کە لە داعش پاککرایەوە و چوارهەزار چەکداری تیادا بوو، بەڵام دوای ئۆپەراسیۆنەکە یەک داعش نە دەستگیر کرا و نە کوژرا. کەواتە ئەو داعشانە بۆ کوێ چوون؟ مانەوەی ئەو چەکدارانە و بوونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە بۆتە هۆکاری ناسەقامگیری ئەمنی".

- یەکەم رووبەڕووبوونەوەی داعش

ئەو ئەندامەی پێشووی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق باس لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی داعش دەکات دوای ئەو هەموو پێشرەوییەی کە چەکدارانی رێکخراوەکە کردبوویان و دەڵێت "پڕۆژەیەکی ئەمریکییەکان هەبوو کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و سوپاسی عێراقەوە بپارێزرێت، بڕیار درا کە لە کەرکووک بەشی باشوور و رۆژئاوای باشوور بکەوێتە دەست سوپای عێراق و باکوور و رۆژهەڵاتی کەرکووک-یش کەوتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و تا ٢٠١٤ ئەو دۆخە بەو شێوەیە بوو و تا ئەو کاتەی کە سوپای عێراق لە ناوچەکانی خۆی داڕما و چۆلیان کرد و مەترسی هات و گەیشتە شەریکەی غازی کەرکووک کە تەقینەوەی یان دەست بەسەرداگرتنی کاریگەری لەسەر هەموو کوردستان و ناوچەکەش دەبوو. بۆیە پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە بەپەلە رووبەڕووی داعش بوونەوە و ئەوە یەکەم رووبەرووبوونەوەی داعش بوو و لە مەخمووریش پێشمەرگە رووبەڕوویان بوویەوە و بەو شێوەیە پێشمەرگە بڕیاری دا کە ناوچەکانی خۆی بپارێزێت، بۆیە هەزاران شەهید و بریندارمان دا بۆ ئەوەی کەرکووک، خورماتوو، مەخموور نەکەوێت، شنگال کەوت، بەڵام بە خوێنی پێشمەرگە رزگار کرایەوە".

شاخەوان عەبدوڵڵا دەشڵێت، هاوکات لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی داعش، کێوماڵکردنی شارەکانیش دەستی پێ کرد و دەزگاکانی ئاسایش و دەزگاکانی تری هەواڵگری دەستیان بە دەستگیرکردنی ئەوانە کرد کە پەیوەندییان بە رێکخراوەکە هەبوو و ئاساشی ئەو ناوچانە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پارێزرا.

- هۆکاری کشانەوی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی عێراق

شاخەوان عەبدوڵڵا پەردە لەسەر هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەڵدەماڵێت و داوایەکی مایک پۆمپیۆ لە عادل عەبدولمەهدی ئاشکرا دەکات کە سەری نەگرتووە، بۆیە ئەمریکییەکان بڕیاری کشانەوەیان لە هەندێک ناوچەی عێراق داوە.

ئەو لەم بارەیەوە گوتی: "مانگی شەشی ساڵی رابردوو، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پەیامێکی بە عادل عەبدولمەهدی دا کە ئەوان لەگەڵ نەمانی حەشدی شەعبی-ن، یان تێکەڵکردنی بە هێزەکانی دیکە (سوپا و پۆلیس و ..) یان بە ئامانج دەکرێت. بۆیە عادل عەبدولمەهدی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ ئەوان (حەشدی شەعبی) و بڕیارێکی دەرکرد لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق تێکەڵ بکرێن، بەڵام دواجار سەرکردەکانی حەشدی شەعبی پاشگەزبوونەوە و وەک خۆیان مانەوە و ئەوە وایکرد کە لە زۆر ناوچە دوور بکەونەوە و بارەگاکانی خۆیان کەم بکەنەوە. ئەگەر حکوومەتی عێراق ئەو داوایەی ئەمریکییەکانی جێبەجێ بکردبایە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانە و چوونی بۆ ژێر رکێفی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان، ئەو بارەگایانەی خۆی نەدەگواستەوە و کەمی نەدەکردەوە و دواجار هاوکاری لەگەڵ دەزگاکانی هەواڵگری دەکرد و ئەوە دەبووە هۆی ئەو میلیشیایانەی ئەگەر لەناو سوپادابان، نەتوانن ئەجیندای بیانی جبەجێ بکەن".

گوتیشی: "یەکێک لە دۆسیە هەستیارەکان کە کازمی لەسەرێتی چارەسەری بکات، دۆسیەی حەشدی شەعبییە. بە شێوەیەک کە رای گشتی ناو شەقامی شیعە رازی بکات و دڵنیایان بکات کە مووچە و ئیمتیازاتیان نابڕدرێت و تێکەڵ بە سوپا دەکرێن و داهاتوویان مسۆگەر دەکرێت".

- تا ئێستاش ئاسمانی عێراق و هەستانی F16 بە ئەمری ئەمریکییەکانە

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی کەرکووک وەک فاکتێکی سەرەکی بۆ واڵاکردنەوەی دەرگای جموجۆڵی داعش لە ناوچەکە سەیر دەکرێت و بەپێی قسەکانی ئەو ئەندامەی پێشووی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمریکییەکان بۆ پاراستنی بنکەکانی خۆیان چاودێری ناوچەکە دەکەن و رۆژانە دەرچوونیان هەیە و کێوماڵی ناوچەکە دەکەن، بۆیە بوونی ئەوان خزمەت بە سەقامگیری لە ناوچەکە دەکات.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرایشی دەکات کە سەرەرای ئەوە عێراق فڕۆکەی F16 ی وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستاش هەستانی ئەو فڕۆکانە لە دەسەلاتی ئەمریکییەکاندایە و ئاسمان بە دەستی ئەوانەوەیە.

دەشڵێت: "تا ئێستا توانای سەربازی عێراق لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێت رووبەڕووی ئەو دۆخە ببێتەوە وەک ئەوەی ئەمریکییەکان لە توانایاندایە".

- چەکدارکردنی هۆزەکان، ئەزموونێکی شکستخواردووی عێراقە

چەکدارکردنی هۆزەکان کە حکوومەتی عێراق لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە وەک پلانێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەکاری دەهێنێت، بە بۆچوونی شاخەوان عەبدوڵڵا "تەسلیمبوونی عێراقە بەو راستییەی کە لەو وڵاتە هەیە".

ئەو پێی وایە کە لە نەبوونی سوپادا کە بەرگەی شەڕی تیرۆری نەگرتووە لە هەندێک ناوچەدا، چەکداری هۆزەکان دادەمەزرێنن کە شەڕ لەنێوان هۆزەکان و چەکدارانی تیرۆریست درووست بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە داعش هەر لەو خەڵکە و دیسان ئەزموونی سەحواتمان هەیە کە لە ئەنبار و کەرکووک درووست کران. سەحەوات بە رۆژ پیاوی دەوڵەت و بە شەو پیاوی ئەلقاعیدە و گرووپە تیرۆریستییەکان بوون. ئێستا بەهەمان شێوە ئەو ئەزموونە دووبارە دەکرێتەوە".

شاخەوان عەبدوڵڵا نەیشاردەوە کە چەکدارکردنی ئەو هۆزە عەرەبانە بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە پێکهاتەی نەتەوەیی دیکەیشی تیادایە، مەترسییەکی دیکەش درووست دەکات بۆ پێکدادان لە داهاتوودا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın