ئابووری, عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق: "بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی نەوتی هەرێم لە لایەن کۆمپانیاکانەوە هەناردەکردن دەست پێ ناکاتەوە"

وەزارەتی نەوتی عێراق: "دەستبەسەرداگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت، گرنگترین ھۆکاری ڕاگرتنی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانن".

Zana Natık Kerem  | 25.03.2024 - نوێکردنەوە : 26.03.2024
وەزارەتی نەوتی عێراق: "بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی نەوتی هەرێم لە لایەن کۆمپانیاکانەوە هەناردەکردن دەست پێ ناکاتەوە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە حکوومەتی فیدراڵی، زەرەرمەندی یەکەمە لە ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەشدا کە دەتواندرێت لەماوەیەکی کەمدا دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بکرێتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، گرێبەست و شایستەی داراییەکانی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە ھەرێم کار دەکەن، بڵاوکردەوە.

ڕایگەیاندووە: "ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بووە و ئەو راگرتنە لەسەر بنەمای بڕیاری عێراقی فیدراڵ نەبووە".

ئاماژەی بەوەشدا کە "لە دوای شەش مانگ لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان عێراق و تورکیا، ھەردوولا گەیشتنە بەو ڕێککەوتنەی کە ئەو ھێڵەی پێشتر نەوتەکەی ھەرێمی لێوە ھەناردە دەکرا، بخرێتەوە کار و لە زووترین کاتدا، ئەو کێشە تەکنیکییانە چارەسەر بکرێن کە بوونەتە ھۆی داخستنی ئەو ھێڵە".

باسی لەوەش کردووە کە حکوومەتی فیدراڵ، زەرەرمەندی یەکەمە لە ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ھاتووە: "لەئێستادا، گرنگترین ھۆکاری ڕاگرتنی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، ڕێگرن لەوەی بە فەرمی بەرھەمھێندراوەکانیان ڕادەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی بەپێی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵی ھەناردە بکرێت و ئەو کۆمپانیایانەش سەربە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستانن کە بە ئەپیکور ناسراوە".

ڕاشیگەیاندووە: "ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە بەرھەمەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسا ڕادەست بکەن، ئەوە دەتواندرێت لەماوەیەکی کەمدا دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بکرێتەوە."

لە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگەدا، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە لەماوەی ساڵێکدا، بەھۆی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، ١١ ملیار دۆلار زیانی بە عێراق گەیاندووە.

لە ٢٥ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا وەستاوە و بەمھۆیەوە بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ڕاگیراوە.

هاوکات لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣دا، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە بەغدا، رێککەوتنێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم واژووکرا، بەڵام ھێشتا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم دەستی پێ نەکردووەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın