سياسەت, عێراق

عەبدولـلەتیف ڕەشید: "فیدراڵییەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە"

Zana Natık Kerem  | 19.03.2024 - نوێکردنەوە : 20.03.2024
عەبدولـلەتیف ڕەشید: "فیدراڵییەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید ڕایگەیاند کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵیی و سیستەمێکی کۆماریی و پەرلەمانیییە و جەختیشی لەوە کردەوە کە فیدراڵییەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق، جاسم محەمەد عەبود کۆبووەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، عەبدولـلەتیف ڕەشید باسی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دوای ٢٠٠٣ کردووە کە لە سەر چەند بنەمایەک و ڕێککەوتنی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان دامەزراوە و لە دەستووریشدا جێگیر کراون، سەرەکیترین بنەماکانیش ئەوەیە کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵیی و سیستەمێکی کۆماریی و پەرلەمانییە، ھاوکات ڕاشیگەیاندووە : "فیدراڵییەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە، بەو پێیەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی بە سەر ھەرێمەکە و ھاووڵاتییەکانییەوە ھەیە، بەمەرجێک پێچەوانەی دەستوور و دەسەڵاتە دیاریکراوەکانی ‌حکوومەتی فیدراڵی نەبێت".

باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا،ھەروەھا سەرکۆماری عێراق گوتوویەتی: "دانانی نەخشەی سیاسەتەکانی دارایی گومرگی، بارزگانی لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ دانانی نەخشەی سیاسەتی نەختینە لە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدراڵیین، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیاسیەتە لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی سیاسەتەکە لە دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دایە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لای خۆیەوە سەرۆکی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق، جاسم محەمەد عەبود لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە دادگای باڵای فیدراڵیی پابەندە بە ڕێککەوتنی نێوان دامەزراێنەرانی پرۆسەی سیاسی و باسی لەوەش کردووە کە ئەوەی لە دەستووردا نووسراوە ھاتووە، بۆ ڕازیکردنی عێراقییەکانە، ھەروەھا لەچوارچێوەی دەستووردا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵیی ڕێکخراوە.

ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکی دادگای فیدراڵیی ئاماژەی بەوەشداوە کە سوورن لەسەر جێبەجێکردنی ئەوەی لە دەستوور و یاسا بەرکارەکاندا ھاتووە، چونکە پاڵپشتی سەرەکییە بۆ سەروەریی یاسا و دەبێتە مایەی پاراستنی گشت مافەکانی گەلانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشداوە کە جاسم محەمەد عەبود جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە دادگای باڵای فیدراڵیی چاودێری میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەکات کە لە ٢١ی شوباتی ٢٠١٤دا، دەرچووە و تیایدا دڵنیایی دەدات لە گەیشتنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و ئەوانەی بە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتییەوە بەستراونەتەوە، لەگەڵ کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان.

باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی ئاماژەی بەوەشداوە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی، پەیوەندیدارە بە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەدیھێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی فیدراڵیی ھەماھەنگییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و گوتوویەتی: "ھەژماری بانکی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی عێراق، کاتی پێویستە و لەبەر ئەوە پێویستە مووچەخۆران بە شێوەی کاش مووچەیان بۆ خەرج بکرێت تا ئەوکاتەی پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم تەواو دەکرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın