عێراق

دادگای لێکۆڵینەوەی رومادی یاداشتنامەی دەستگیرکردنی بۆ پێنج لە بەشداربووانی کۆنگرەی "ئاساییکردنەوە" دەرکرد

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند کە دادگای لێکۆڵینەوەی رومادی یاداشتنامەی دەستگیرکردنی بۆ پێنج لە بەشداربووانی کۆنگرەی (ئاشتی و گێڕانەوە) کە لە میانیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کرابوو، دەرکردووە.

Zana Natık Kerem  | 26.09.2021 - نوێکردنەوە : 26.09.2021
دادگای لێکۆڵینەوەی رومادی یاداشتنامەی دەستگیرکردنی بۆ پێنج لە بەشداربووانی کۆنگرەی "ئاساییکردنەوە" دەرکرد

Arbil

ھەولێر ــ AA

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند کە دادگای لێکۆڵینەوەی رومادی یاداشتنامەی دەستگیرکردنی بۆ پێنج لە بەشداربووانی کۆنگرەی (ئاشتی و گێڕانەوە) کە لە میانیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کرابوو، دەرکردووە.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوای ئەوەی پارێزگاری ئەنبار، عەلی فەرحان دلێمی سکاڵای لەسەر ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە کۆنگرەی (ئاشتی و گێڕانەوە) کردووە تۆمارکرد، دادگای لێکۆڵینەوەی رومادی بەپێی ماددەی ٢٠١ لە یاسای سزاکان، یاداشتنامەی دەستگیرکردن بۆ ھەریەک لە ویسام عەبد ئیبراھیم حەردان عیساوی، عەلی ویسام عەبد ئیبراھیم عیساوی، ریسان زەعار عەللاوی حەلبوسی، عەبدوڵڵا عەتائەڵڵا ئەحمەد ساڵح جغێفی و سەحەر کەریم تائی دەرکردووە بەھۆی ئەوەی بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کردووە.

هەروەها باس لەوەشکراوە کە دادگای لێکۆڵینەوەی رومادی لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنباری کردووە، داوای کردووە، پێویستە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر لەوبارەیەوە ئاگادار بکرێتەوە، چونکە ئەو کەسانەی کە یاداشنامەی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە نیشتەجێی هەولێرن.

پێشتریش نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاندبوو کە دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ پشت بەستن بەو زانیارییانەی کە لەلایەن راوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەییەوە پێشکەشکرابوو، یاداشتنامەی دەستگیرکردنی بۆ ھەریەک لە ویسام حەرادن، میسال ئالوسی و فەرمانبەر لە وەزارەتی رۆشنبیری، سەحەر کەریم تائی بەھۆی بەشدارییکردنیان لە کۆنگرەی (ئاشتی و گێڕانەوە) دەرکراوە و ئاماژەی بەوەیشدابوو کە رێوشوێنی یاساییش بەرامبەر ھەموو کەسانەی کە بەشدارییان لە کۆنگرەی (ئاشتی و گێڕانەوە)دا کردووە، دەگێرێتەبەر.

کۆنگرەی (ئاشتی و گێڕانەوە) کە رۆژی ھەینی رابردوو بە بەشداری زیاتر لە ٣٠٠ کەسایەتی شیعە و سوننەی عێراقی لە ھەولێر ئەنجامدراوە، ناڕەزایەتی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکوەزیران و چەندین و ھێز و لایەنی سیاسیی عێراقی لێکەوتووە.

ئەو کەسایەتیانە لە راگەیەندراوی کۆتایی دانیشتنەکەیان داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە ھەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بدات.

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی بێئاگایی حکوومەت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، رایگەیاندبوو کە رێکاری پێویست بەرامبەر چۆنیەتی رێکخستنی کۆبوونەوەکە دەگیرێتەبەر.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın