سياسەت, عێراق

"حکوومەتی عێراق ئامادە نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت"

ئارام باڵەتەیی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو دۆسیەی نەوت بداتە دەست حکوومەتی ناوەندی عێراق و لەبەرامبەردا عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە بکات، بەڵام ئەوە عێراقە کە ئامادە نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت"

30.06.2020 - نوێکردنەوە : 02.07.2020
"حکوومەتی عێراق ئامادە نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت"

Arbil

دھۆک - AA

گوتەبێژی فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئارام باڵەتەیی رایگەیاند کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو دۆسیەی نەوت رادەستی حکوومەتی فیدرال بکات و لەبەرامبەردا حکوومەتی فیدرال مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە بکات.

ئارام باڵەتەیی لەبارەی دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال لە بەغدا قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "چەندین شاندی ھەرێمی کوردستان بە زنجیرەیەکی سەرەدانکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کوبوونەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشە ھەڵواسراوەکانی بەینی ھەردوولا و حکوومەتی ھەرێم ھەموو داتایەکانی لە بارەی فەرمانبەرانی ھەرێم و دۆسیەی نەوت و غاز و ھەموو ئەو بابەتانەی کە کێشەلەسەرە پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کردووە و عێراقیش تا ئێستا نە ئەم داتایانەی رەتکردوونەتەوە و نە بڕیاری کۆتایشی داوە، ئێمە چاوەرێی بڕیاری کۆتایی بەغداین چونکە ئێستا چەندین بژاردە ھەن و بڕیاری کوتایی بۆ ھەڵبژاردنی یەکێک لە بژاردەکان بەدەست بەغداوەیە".

گوتەبێژی فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئارام باڵەتەیی لەبارەی بژاردەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم گوتی: "ناتوانین باسی ژمارەکان بکەین چونکە ھێشتا ژمارەیەکی دیاریی کراو دەستنیشان نەکراوە، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە کە ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو داھاتی مەرزەکان و داھاتی ناوخۆ و داھاتی نەوت ھەمووی بداتە دەست بەغدا لە بەرامبەردا بەغدا چەند پارە بۆ ھەرێم رەوانە دەکات، بژاردەیەکی تریش ئەوەیە کە ئەگەر حکوومەتی ھەرێم نیوەی ئەم داھاتانە لەگەڵ ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بداتە دەست بەغدا لە بەرامبەردا بەغدا چەند پارە بۆ ھەرێم رەوانە دەکات. لەئێستادا ئەم ھەردوو بژاردەیە ھەن و ھەردوو لا لەسەر دیاریکردنی گوژمەیەکی پارە رێک نەکەوتوون، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ٨٩٥ ملیار دینار ھەیە تەنها بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی جگە لە چەندین خەرجی تر. لەھەر حاڵەتێکدا حکوومەتی ناوەندی عێراق ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیوە بۆ پێدانی ئەم بڕە پارەیە بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".

ئارام باڵەتەیی لە بارەی بەربەستەکان بۆ رێکنەکەوتنی ھەرێم و بەغدا گوتی: "رەنگە بەربەستی سیاسیی یەکێک لە ھۆکارەکانی رێک نەکەوتن بێت چونکە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان و لایەنە دەرەکییەکان فشار لەسەر سەرۆکوەزیران دروست دەکەن و ھەندێک کات بابەتی تەکنیکی دەبنە بەربەست. لە لایەکی تریشەوە ئێستا عێراق خۆی لە قەیراندایە و زۆر زەحمەتە بۆ حکوومەتی عێراق لەئێستادا پارەی پێویست بۆ خەرجییەکانی عێراق دابین بکات".

گوتەبێژی فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئارام باڵەتەیی لەبارەی دۆسیەی نەوت گوتی: "ئێستا لەھەر کاتێک زیاتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو دۆسیەی نەوت بداتە دەست حکوومەتی عێراق، بەڵام ئەو راستییەی کە زۆر باس ناکرێت ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق خۆی ئامادە نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت، چونکە ئەم دۆسیەیە قەرزی لەسەرە، پێش چەند رۆژێکیش لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری نەوت خۆی دانپێدانی کرد کە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە ھەموو دۆسیەی نەوتی ھەرێم وەربگرێت چونکە ئەو دۆسیە زۆر قەرزی لەسەرە".

ئارام باڵەتەیی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای قەرزی دەرەکی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە گوتی: "پەسەندکردنی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانیش دایە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا حکوومەتی عێراق چەندین قەرزی دەرەکی وەرگرتووە و ئەو قەرزانەیش لە پەسەندکردنی بوودجەدا بە سیادی ھەژمارکراون و لە ھەرێمی کوردستانیش بڕدراون، بەڵام ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک سوودمەند نەبووە لەو قەرزانە و ھیچ بڕە پارەیەک لەو قەرزانە نەگەیشتووەتە دەست حکوومەتی ھەرێمی کوردستان" .

گوتەبێژی فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی ئەمساڵ ئاماژەی بەوە دا کە دوو بۆچوون ھەن بۆچوونێک ئەوەیە کە عێراق بوودجەی ھەبێت، بەڵام ئەم بۆچوونە لەئێستادا واقعی نییە، چونکە ئێستا ئێمە لە مانگی حەوت داین و لەبەر بابەتی کۆرۆنا کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاسان نین، بۆچوونێکی تریش ئەوەیە کە ئەمساڵ عێراق بوودجەی نەبێت و حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای یەک لەسەر دوانزدە پارە خەرج بکات تا کۆتایی ئەمساڵ و خۆی ئامادە بکات و بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ بو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەوانە بکات".

ئارام باڵەتەیی لە کۆتایی قسەکانییدا گوتی: "ئێمە وەک نوێنەرانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ئومێدین کە ھەموو کێشەکانی بەینی حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چارەسەربکرێن، هەروەها ئێمە پێگیرین بە دەستووری عێراق و ئێمە لەوبڕوایەداین ئەگەر پێگیری بە دەستووری عێراق بکرێت ھەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن، بەڵام یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە خەڵکانێک ھەن لە مەیدانی سیاسیی عێراقدا کە بڕوایان بە دەستوور نییە و بڕوایان بە فیدرالییەت نییە و بڕوایان بە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان نییە، ئەمەیش دەبێتە ھۆی دروستبوونی بەربەست لە بەردەم دانوستانەکانی ھەولێر و بەغدا".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın