Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان- عێراق، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان ئەو ھەوڵانەیان تاوتوێ کرد کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر خراونەتەگەڕ.
نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان کۆبووەوە.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی پرۆسەی سیاسی و دوایین پێشھاتەکانی دۆخی عێراق بەگشتی، ھەوڵەکان و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لەسەر بنەمای دەستوور، ئاڵوگۆڕ کراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا باسیان لە گرنگی ھاریکاری و ھەماھەنگی زیاتری نێوان دەسەڵاتی دادوەریی لە عێراق و ھەرێم و سوودوەرگرتنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری دادوەریی ھەرێمی کوردستان لە دەرفەت و تواناکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کردوە و جەختیان کردووەتەوە لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی وڵات.
باسی لەوەشکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا،نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ ھەوڵەکان و ڕۆڵی ئەرێنی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا دەربڕیوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی، پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق.