سوودانی: "پێشێلکردنی ئاسمانیی عێراق لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە سەرکۆنە دەکەین"
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین ڕایگەیاند کە پێشێلکردنی ئاسمانیی عێراق، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە سەرکۆنە دەکەن.

Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە پێشھاتێکی مەترسیدارە و جەختی لەوەش کردەوە کە پێشێلکردنی ئاسمانیی عێراق، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە سەرکۆنە دەکەن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجامداوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دوایین پێشھاتەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی تاوتوێ کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە کە عێراق دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕەت دەکاتەوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە پێشھاتێکی مەترسیدارە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێشێلکردنی ئاسمانیی عێراق، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە سەرکۆنە دەکەن و داواشی کردووە کە پاڵپشتی لە ھەنگاوەکانی عێراق بکرێت بۆ ڕێگرییکردن لە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە کە محەمەد شیاع سوودانی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە کە ڕۆڵی گرنگی خۆی بگێرێت بە ئامانجی وەستاندنی شەڕەکە و جەختی لەوەش کردووەتەوە گرنگە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە.
ڕاشیگەیاندووە کە ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە بەردەوامی شەڕی سەر کەرتی غەززە کراوە و لەوبارەیەوە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراوە کە دەستوەردان بکات لە پێناو وەستاندنی شەڕی سەر کەرتی غەززە.
باسی لەوەش کردووە کە لە بەرامبەردا سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی کۆتاییھێنان بە گرژییەکان، ھەروەھا بانگھێشتی عێراقی کردووە، بۆ ئەوەی بەشداری لە لووتکەی نێوان ڕووسیا و عەرەبییدا بکات کە بڕیارە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی داھاتوو دەبەسترێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پتەوترکردنی پەیوەندیی و ھەمانگییەکانی نێوان عێراق و ڕووسیا لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتیش لە بواری نەوت و غازدا.