ئەردۆغان: "(گرژیی ئەمریکا-ئێران) هیوادارین کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن و پێکدادانی نوێ لە ناوچەکەمان سەرهەڵنەدات"
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "(گرژیی ئەمریکا-ئێران) گرنگە مێزی گفتوگۆ و دانوستان پێکبهێنرێت. هیوادارین کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن و پێکدادانێکی نوێ لە ناوچەکەماندا سەرهەڵنەدات".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە گرژیی ئەمریکا-ئێران ڕایگەیاند: "گرنگە مێزی گفتوگۆ و دانوستان پێکبهێنرێت. هیوادارین کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن و پێکدادانێکی نوێ لە ناوچەکەماندا سەرهەڵنەدات".
پاش سەردانەکانی بۆ سعوودیە و میسر، سەرکۆمار ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە ناو فڕۆکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی سعوودیە و میسر زۆر بەرهەمدار بوون و، تیایاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە هەرێمییەکان، بەتایبەت فەڵەستین و سووریا، لەسەر بنەمای دیدگایەکی هاوبەش تاوتوێ کراون.
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ سعوودیە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لەگەڵ سعوودیە لە بواری پیشەسازی بەرگرییدا هاریکاریی گرنگ واژوو دەکەین و پێداگرین لەسەر پەرەپێدانیان".
گوتیشی: "KAAN تەنیا فڕۆکەیەکی جەنگی نییە. KAAN هێمای توانای ئەندازیاریی تورکیا و ئیرادەی سەربەخۆی بەرگرییە. چەندین فیدباکی پڕ ستایشمان لەبارەی KAAN پێگەیشتووە. لەگەڵ سعوودیە لەم بابەتە وەبەرهێنانی هاوبەش لە ئارادایە. هەر ساتێک دەتوانین ئەم وەبەرهێنانە هاوبەشە ئەنجام بدەین".
سەبارەت بە گرژیی ئەمریکا-ئێران، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "گرنگە مێزی گفتوگۆ و دانوستان پێکبهێنرێت. هیوادارین کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن و پێکدادانێکی نوێ لە ناوچەکەماندا سەرهەڵنەدات".
ڕاشیگەیاند: ''پێش هەموو شتێک ئێمە جەنگێکی نوێمان لە ناوچەکەماندا ناوێت. هەردەم ئەمەمان بە ڕاشکاوترین شێوە دەربڕیوە و دەریدەبڕین".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر هەوڵەکانی تورکیا کردەوە سەبارەت بە پلانی ئاشتیی غەززە و، ڕایگەیاند: "تورکیا ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت بۆ کاراکردنی پلانی ئاشتیی غەززە بەو شێوەیەی کە پێویستە، هەروەها بۆ سەرلەنوێ بەرقەراربوونی ئارامیی و سەقامگیریی لە غەززە".
گوتیشی: "دەمانەوێت خوشک و برایانی فەڵەستینییمان لە غەززە بگەنە ئەو داهاتووە شکۆمەند و ئاشتییە بەردەوامەی شایستەین. ئێمە لەگەڵ ئەوەین ئاشتی بە کردەیی بچەسپێت نەک لەسەر کاغەز بێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوونی تەواو بە ئاگربەست و، ڕایگەیاند: "هێرشە بێ کۆتاییەکانی ئیسرائیل و پێشێل کردنی ئاگربەست قبوڵکراو نین. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوونی تەواو بە ئاگربەست".
سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "تەنانەت نابێت کەس بیر لە خۆشکردنی ئاگری شەڕ و پەرەپێدانی گرژییەکان بکاتەوە. تائەمڕۆ هەر حیسابێکی هەڵە هەبێت لە دیمەشق و ئەنقەرە ڕەتکراوەتەوە و پووچەڵ کراوەتەوە".
دەربارەی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نەتەوەیی و برایەتیی و دیموکراسیی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان خەریکی تەواوکردنی ڕاپۆرتە هاوبەشەکەیە. هیوادارین ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای سازان بێت و ڕوانگەیەکی وای تێدا بێت کە گڕوتین بە پرۆسەکە ببەخشێت".
گوتیشی: "ئامانجمان بۆ تورکیای بێ تیرۆر، بەو هەنگاوانەی دەینێین بەرەو ناوچەیەکی بێ تیرۆر دەچێت و پشتیوان بە خودا بە ئاسانی دەگەینە هەردوو ئامانجەکە".
سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ سووریایەکی یەکگرتوو، تەبا، بەهێز و ئارامین بەهەموو پێکهاتەکانیەوە. پشتیوانی لەسووریا دەکەین. بەبێ جیاکاری کورد، عەرەب، تورکمان و نوسەیری هەمووان لەئامێز دەگرین".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە ساڵیادی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتی تورکیا کرد و، ڕایگەیاند: "بەهۆی ساڵیادی کارەساتی سەدە دیسان ئەوانەی بۆ نمایشی سیاسی سەردانی ناوچەکە دەکەن کەوتوونەتەوە جووڵە. گەورەترین لێهاتووی ئەوانە پشتگوێخستنی ئەو کارانەیە کە لەو ناچانەی سەردانیان دەکەن، ئەنجامدراوە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
