
As Sulaymaniyah
هەڵەبجە - AA
گۆران خدر تەمەن (٢٧ ساڵ)، هاووڵاتییەکەی دانیشتووی شارۆچکەی تەوێڵەی سەربە پارێزگای هەڵەبجەیە، ڕۆژانە دایکی بە کۆڵ دەگێڕێت.
دایکی گۆران، مونیرە حەمە کەریم (٥٧ ساڵ)، کە ماوەی پێنج ساڵە تووشی جەڵتە بووە و توانای ڕۆیشن و قسەکردنی نییە، بە هاوکاری کچ و کوڕێکی کە خزمەتی دەکەن توانیوویەتی بەسەر نەخۆشیەکەیدا زاڵبێت و ژیانی تا ڕادەیەک ئاسایی ببێتەوە.
دایکی گۆران کە شەیدای سروشتی هەورامان و باخ و بێستانی ناوچەکەیە، تا خۆی دەیتوانی سەردانی دەکردن و منداڵەکانی بە ناو باخ و سروشتی ناوچەکەدا گێڕاوە، ئێستاش لە دوای نەخۆشکەوتنی تەنیا دڵی بەو ناوچەیە دەکرێتەوە. لەبەر ئەوە کوڕەکەشی ڕۆژانە بۆ دڵخۆشکردنی دایکی، لە کۆڵی دەگرێت و دەیبات بۆ هەر شوێنێک دایکی دڵی پێ بکرێتەوە و حەزی پێبکات.
سەبارەت بە تەندروستی دایکی، گۆران خدر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێنج ساڵە دایکم وای لێهاتووە و ناتوانێت قسە بکات. لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا بە چارەسەری سروشتی هەستاوەتەوە و کەمێک خۆی گرتووە. نزیکەی ٣ بۆ ٤ ساڵ بەس هاتوچۆی پزیشکمان پێی دەکرد، بە بەفر و باران هاتوچۆمان پێکردووە. لە ماڵی خۆمانەوە بە کۆڵ دەیهێنینە سەر شەقام و لەوێیەوە بە ئۆتۆمبێل دەیبەینە لای پزیشک، لەبەر ئەوەی کۆڵانەکان تەسک و شوێنی هاتوچۆی سەیارەی نییە بەناچاری بە کۆڵ هاتوچۆی پێ دەکەین".
❞ئەگەر دایک و باوک لێت ڕازی نەبن هەرگیز بەهەشت نابینێت❝
❞ڕاستە جەستەم هیلاک دەبێت، بەڵام دەروونم زۆر ئاسوودەیە❝
❞حەز دەکەم بیبەم بۆ عەمرە یان حەجێکی پێ بکەم❝
وەفای گەنجێک بۆ دایکە نەخۆشەکەی بووەتە جێی سەرنجی هەمووان https://t.co/UEOFAjqewZ pic.twitter.com/p3GPQP55S6
گۆران باسی لە بڵاوکردنەوەی چەند دیمەنێکی کرد کە دایکی بە کۆڵ دەگێڕێت و گوتی: "لەم ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا ڕاستە ڤیدیۆی زۆرم هەبووە، بەڵام بڵاوم نەکردووەتەوە هەر لای خۆم بووە، هەندێک شتم بینیوو ە بۆیە حەزم کرد ئەم ڤیدیۆیانە دابنێم تا هەندێک کەس ئەجری دایک بزانن کە ئەرکی بەسەر شانی هەموومانەوەیە، ئەو بەخێو و گەورە کردووە، دەبێت ئێمەش پاداشتەکەی بدەینەوە".
گۆران زۆر بە دڵخۆشی و بەبێ ئەوەی هەست بە بێزاری بکات خزمەتی دایکی دەکات، هەر کارێکی لەدەست بێت دەیکات بۆ ئەوەی دایکی دڵخۆش بکات، وەک خۆی دەڵێت: "دایکم پێنج ساڵە لەم حاڵەتەدایە، بەڵام وا دەزانم پێنج خوولەکە کەوا خزمەتی دەکەین، بێگومان شانازییەکەشم دەگەڕێتەوە بۆ خوشکەکەم کە زۆر هاوکاری دەکات و بەردەوام لەگەڵیی دایە. تا مردن دەستی ئەو ماچ دەکەین و دەستی خۆش بێت، سوپاسی دەکەین".
گوتیشی: "هەندێک کەس هەیە لەگەڵ دایکیدا خراپە، بێگومان ئەوانە پەشیمان دەبنەوە. تا منداڵت نەبێت نازانیت دایک و باوک چەند باشە بۆت. دایکم پێش ئەوەی ئەم حاڵەتەی بەسەر بێت، لە شوێنێک بووایە تەلەفۆنی بۆ دەکردم و دەیگوت تەلەفۆنی بۆ بکەن نەهاتووەتە بۆ ماڵ، منیش کەمێک ئیشەکەم وابوو بە شەودا زۆر لە ماڵ نەبووم. کاتی نانی ئێوارە چەند جار تەلەفۆنی بۆ دەکردم".
گۆران ئاماژەی بە فەرموودەیەکی پێغەمب ەر (د.خ) کرد کە دەفەرمو وێت بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە و گوتی: "ئەگەر دایک و باوک لێت ڕازی نەبن هەرگیز بەهەشت نابینێت. بۆیە دەستی هەردووکیان ماچ دەکەم کە منیان پێگەیاندووە، چاکی خۆیانە، لەگەڵ مندا باشبوون منیش پاداشتەکەیان دەدەمەوە، بەڵام من ناتوانم تەواو پاداشتی ئەوان بدەمەوە. ئەگەر شەو و ڕۆژ بە کۆڵ بیانگەڕێنم و خزمەتیان بکەم ناتوانم پاداشتی یەک خوولەکیان بدەمەوە".
دایکی گۆران لەبەر ئەوەی توانای قسەکردنی نەماوە، بە ئاماژە لەگەڵ منداڵەکانی قسە دەکات و هەر شتێکی بوێت بە ئاماژە پێیان دەڵێت، ئەوانیش بەهۆی خەمخۆریان بۆ دایکی تەواو لەگەڵی ڕاهاتوون و زۆر باش لێی تێدەگەن.
لەو بارەیەوە گۆران دەڵێت: "ئەگەر لە ماڵیشەوە حەزی لە شوێنێک بێت بە ئاماژە پێمان دەڵێت، باسی خواردنێک بکات هەر بە ئاماژە پێمان دەڵێت. پێش ئەوەی ئەو پێمان بڵێت ئێمە خۆمان پێی دەڵێن خۆت حازر بکە دەڕۆین دڵت پێوەیە، جەوەکەی خۆشە، ئەڵێ حەزم لێیە بمبەن. خۆشمان ئەزانین مەبەستی کوێیە، ناوی شوێنەکان دەڵێین و هەر بە ئاماژە وەڵامدەداتەوە، جاری وا هەیە نیو کاتژمێر زیاتر دەیکەمە کۆڵ".
گوتیشی: "ڕاستە جەستەم هیلاک دەبێت، بەڵام دەروونم زۆر ئاسوودەیە. دڵم زۆر پێی خۆشە. ئەویش زۆر دڵی خۆشە، لە ڕێگادا قسەی خۆشی بۆ دەکەم، لە ماڵەوە گۆرانی بۆ دەڵێم. یاری لەگەڵ دەکەم، بەڵام ئەم نەخۆشی یە وەک منداڵی لێکردووەتەوە، هەر شتێکی داوا کرد دەبێت بۆی جێبەجێ بکەین . دەیبەین بۆ هەر شوێنێک پێنج خوولەک خۆی دەگر ێت ، دەیبەین بۆ ماڵێک دە خوولەک دەمێنێتەوە. دوای ئەوە خێرا دەڵێ بمبەرەوە. دەبێت تەحەمولت هەبێت لەگەڵیدا".
گۆران گەشتی زۆر شاری ئێرانی بە دایکی کردووە و دەڵێت شار بە شاری ئێران بۆ وەستاوین بۆ حەسانەوە، بەڵام لە ناو ئۆتۆمبێلدا زۆر خۆی ناگرێت و گوتی: "حەز دەکەم بیبەم بۆ عەمرە یان حەجێکی پێ بکەم. بیبەمە دەرەوەی وڵاتیش. بەس ئیتر ئەگەر بتوانم، توانام لەدەستدا بێت هەموو شتێکی بۆ دەکەم".
دایکی بەشێوەیەک هۆگری گۆران بووە، وەک خۆی دەڵێت ئەگەر ئێوارەیەک نەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە، تا سلێمانی یان شوێنێک بچم و نەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە، دایکم بەردەوام تەلەفۆنم بۆ دەکات.
گوتیشی: "دوو ڕۆژ لە سلێمانی بووم لای خوشکێکم، چەند تەلەفۆنی بۆ کردم و، دەیگوت وەرەوە. منی زۆر زۆر خۆشدەوێت. سێ خوشک و حەوت براین، هەموومانی خۆش دەوێت. براکانیشم هەموویان بەڕێزن. من بچووکی هەموویانم. خوشکەکەمم لە هەموویانم زیاتر خۆش دەوێت. ئەو شانازیەش ئێستا دەیکەم کە دەڕۆمە دەرەوە هی ئەو خوشکەمە. ئەگەر ئەو نەبێت دەبێت من لە ماڵەوە بم لای دایکم. ناتوانم دایکم بەجێبهێڵم".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن