ئەشکەوتەکانی "یەدی ئویویانڵار" و "زیوس" دوو شوێنی گەشتیاری مێژوویی گرنگن لە تورکیا
- بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سەلجوق ئیفێس، جەنگیز تۆپاڵ: " لە نێو ٤٠ شوێنی گرنگی جیھانی بۆ شوێنکەوتووانی ھەردوو ئایینی مەسیحی و ئیسلامی، تورکیا سێ شوێنی مێژوویی لەخۆدەگرێت".

Aydın
ئیزمیر – AA
تورکیا چەندین شوێنی گرنگ بۆ شوێنکەوتووانی ئایینی مەسیحی لەخۆدەگرێت کە بەھۆی گرنگی مێژووییەوە، شوێنکەوتووانی ئایينەکانی دیکە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن لەوانە ئەشکەوتەکانی "یەدی ئویویانڵار"(حەوت خەوتووەکە-هاوەڵانی ئەشکەوت) لە پارێزگای ئیزمیر و "زیوس" لە پارێزگای ئایدن کە دەکەونە ڕۆژئاوای تورکیا.
- ئەشکەوتی یەدی ئویویانڵار (حەوت خەوتووەکە-هاوەڵانی ئەشکەوت)
ئەشکەوتی یەدی ئویویانڵار دەکەوێتە بناری چیای بایندەر لە قەزای سل، نزیک شاری مێژوویی ئیفێس کە ئەویش لەگەڵ "ماڵی دایکە مریەم"ی پاک، بە گرنگترین شوێنی گەشتیاری ئایینی بۆ مەسیحی و موسڵمانانی ناوچەکە دادەندرێن.
لەئێستادا، کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە ئەشکەوتی یەدی ئویویانڵار ئەنجام دەدرێن، ئەوەیش بە ئامانجی پاراستنی تایبەتمەندییە مێژووییەکەی و نۆژەنکردنەوەی ژینگەی دەوروبەری ئەشکەوتەکە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سەلجوق ئیفێس، جەنگیز تۆپاڵ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە نێو ٤٠ شوێنی گرنگی جیھانی بۆ شوێنکەوتووانی ھەردوو ئاینی مەسیحی و ئیسلامی، تورکیا سێ شوێنی مێژوویی لەخۆدەگرێت.
جەنگیز تۆپاڵ باسی لە مێژووی ئەشکەوتەکە کرد و گوتی: "بەپێی گێڕانەوەی مەسیحی، ئیمپراتۆری ڕۆمانی، تریانۆس دکیۆس (دەقیانووس) لە ساڵی ٢٥٠ی زاینی، ڕێگای نەداوە ھیچ کەسێک ئایینی مەسیحی پەیڕو بکات، ھەروەھا پەرستگایەکی لە ئیفێس دروست کردبوو، دانیشتووانی ناوچەکەی ناچار کرد لە پەرستگاکە، بت بپەرستن و قوربانی بدەن، بەڵام حەوت گەنج ئەم بڕیارەیان ڕەتکردەوە، و کاتێک دکیۆس بیستی کە ئەو حەوت گەنجە بت پەرستنیان ڕەت کردووەتەوە، ماوەیەکی وەک مۆڵەت بۆیان دیاری کرد تا لە بڕیارەکەیان پاشگەزببنەوە".
گوتیشی: " بەڵام حەوت گەنجەکە ئیفێس-یان بەجێھێشت و پەنایان بۆ ئەم ئەشکەوتە برد، کاتێک ئیمپراتۆری ڕۆمانی بە شوێنەکەیان زانی، فەرمانی دا دەروازەی ئەشکەوتەکە دابخرێت، بۆیە گەنجەکان بڕیاریان دا کە ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان لەناو ئەشکەوتەکەدا ئەنجام بدەن، پاشان کەوتنە خەوێکی قووڵەوە".
باسی لەوەیش کرد: "کاتێک حەوت گەنجەکە لە خەو ھەستان، یەکێکیان نارد بۆ ئەوەی خواردن لە ئڤێس بکڕێت، کاتێک گەیشتە ناو بازاڕ، خاچەکەی لە دەروازەی شارەکە بینی و زانی کە دانیشتووانی ناوچەکە گەڕاونەتەوە بۆ مەسیحیەت، کاتێک پارەکەی دا بۆ کڕینی خۆراک، دەرکەوت کە دەگەڕێتەوە بۆ ۳۰۰ ساڵ پێش ئێستا، و ئەم ڕووداوە گەیشت بە بیستنی فەرمانڕەوای ئەو کاتەی ناوچەکە، تیۆدۆسیۆسی دووەم کە دواتر فەرمانی دروستکردنی کڵێسایەکی کرد لە ئەشکەوتەکە دوای مردنی حەوت گەنجەکە".
ڕوونیشیکردووە کە لەئێستادا، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی گۆڕەکانی نێو ئەشکەوتەکەدا ئەنجام دەدرێت و دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە، ئەشکەوتەکە بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سەلجوق ئیفێس، جەنگیز تۆپاڵ ڕاشیگەیاند کە لە میانی ئەمساڵدا، ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچەی ئیفێس-یان کردووە.
گوتیشی: "ئەگەر تەنھا لەسەدا ٢٠ی ئەو کەسانەی کە سەردانی ئەشکەوتەکەیان کردووە، واتا ژمارەکە ٤٠٠ ھەزار کەس دەبێت، ھەروەھا (ئەشکەوتەکە) بۆ مەسیحییەکان و موسڵمانان شوێنێکی گرنگی گەشتیاری ئاینییە بۆ مەسیحی و موسڵمانان".
- ئەشکەوتی "زیوس"
ئەشکەوتی "زیوس"، دەکەوێتە سەر نیمچە دورگەی دیلێک سەربە شارۆچکەی کوش ئاداسی، درێژییەکەی ٦٠ مەتر و پانییەکەیشی ٢٠ مەتر دەبێت.
بەھۆی ئەو کانیاوەی کە لە بەردە کانزاییەکانی ناو ئەشکەوتەکەدا تێدەپەڕدەبێت، بە تێپەڕبوونی کات دەریاچەیەکی تیایدا دروستبووە کە ئاوەکەی لە ھاویندا ساردە و لە زستاندا گەرمە.
ھەروەھا لەناو ئەشکەوتەکە، ڕێڕەوی تایبەتی ھەیە بۆ بینین و وێنەگرتن.
بەڕێوەبەری پارکی دێلتا بیوک مێندێرس، ئۆزجان مێرسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زۆربەی ئەو کەسانەی کە سەردانی پارکی نیشتمانی دەکەن، ھەروەھا سەردانی ئەشکەوتەکە دەکەن کە دەکەوێتە ناو پارکەکەوە".
ئاماژەی بەوەیشدا کە ئەشکەوتەکە گرنگی ئاینی خۆی ھەیە و بەپێی گێرانەوەی ئەو چیرۆکەی کە باس دەکات: "دەکرێم مریەم-ی پاک، دایکی مەسیح، لەم ئەشکەوتەدا پشووی داوە لە کاتی گەشتکردنی بۆ ئیفێس".