سەرکۆمار ئەردۆغان: "هیچ کەس لە تورکیا لە سەرووی یاساوە نییە"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: - "ئەو بیروبۆچوونە پڕ ڕق و کینانەی کە باس لەوە دەکەن گومبەزی پۆڵایین تەنیا بەرگریی لە لایەنگرانی دەکات نەک هاووڵاتیان، لە ڕووی ئاسایشی وڵاتەکەمان جێی نیگەرانییە".

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "هیچ کەس لە تورکیا لە سەرووی یاسادا نییە و جەختی لەوەش کردەوە کە ڕەخنەگرتن لە بڕیاری دادگا بابەتێکە، بەڵام بە فەرمی نەناسینی، بابەتێکی جیاوازە.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە گرنگی سیستەمی بەرگریی گومبەزی پۆڵایین بۆ وڵاتەکەی کرد و وەڵامی هەر چەشنە ڕەخنەیەکی لەم بارەیەوە دایەوە و گوتی: "ئەو بیروبۆچوونە پڕ ڕق و کینانەی کە باس لەوە دەکەن گومبەزی پۆڵایین تەنیا بەرگریی لە لایەنگرانی دەکات نەک هاووڵاتیان، لە ڕووی ئاسایشی وڵاتەکەمان جێی نیگەرانییە. ئامانج لە هەر بەرهەمێکی پیشەسازی بەرگریی، لە دەمانچەوە هەتا تفەنگ، لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بگرە هەتا مووشەک، پاراستنی تاک بە تاکی ٨٦ ملیۆن هاووڵاتی تورکیایە. وەک چۆن ڕێگەوبانەکان، فڕۆکەخانەکان و قوتابخانەکان کە لەلایەن حکوومەتەوە دروستکراون لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن، گومبەزی پۆڵایینیش بەهەمان شێوە لەخزمەتی ٨٦ ملیۆن هاووڵاتی تورکیادا دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە گرنگی وێستگەی ناوەکی ئاککویۆ کرد و لەم بارەشەوە گوتی: "بە وەگەڕ خستنی وێستگەی ناوەکی ئاککویۆ کە توانای چوار هەزار و ٨٠٠ مێگاواتی هەیە، وەک چۆن دەڵێن، پێی شەیتانی دەشکێنین. وێستگەی ئاککویو وڵاتەکەمان لە هاوردەکردنی ساڵانە حەوت ملیار مەترسێجا گازی سروشتی ڕزگار دەکات و یارمەتییەکی ٥٠ملیار دۆلاری بە بەرهەمی خاوی وڵاتەکەمان دەگەیەنێت. ئەگەر دژایەتی لەگەڵ وێستگەی ناوەکی لە ڕووی نەزانینەوە نەبێت ئەوە تەنیا نیازخراپییە. بیروبۆچوونێکی وا سەقەت لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ئێمەدا نییە".
پەیوەندیدار بە دۆخی غەززەشەوە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئێمە لەم دۆخە سەختەدا کە حکوومەتەکەی ناتانیاهو بە تەواوی لایداوە، بە هەموو توانایەکمانەوە لە پشت خەڵکە ستەملێکراوەکەی غەززەدا دەبین".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها باسی لەوەش کرد کە زیاتر لە ٧٥ ملیار دۆلار لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکاندا خەرج کراوە. ئامانجیانە هەتا کۆتایی ئەمساڵ، ٤٥٣ هەزار یەکەی سەربەخۆ دابەش بکەن.
لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "هیچ کەس لە تورکیا لە دەرەوەی یاسادا نییە. ڕەخنەگرتن لە بڕیاری دادگا بابەتێکە، بەڵام بە فەرمی نەناسینی، بابەتێکی جیاوازە. هەرگیز ڕێگە نادەین ئاژاوە بکەوێتە شەقامەکانمان و ئاسایشی گەلەکەمان و بە تایبەتیش خۆشک و برایانی دانیشتووی ئیستانبوڵ'مان تێک بچێت. ڕێگە نادەین کە کێشمکێشی نێوان کادیرەکانی پێشوو و نوێی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی، زیان بگەیەنێتە دەستکەوتەکانی وڵاتەکەمان. بە ڕژدییەکی تەواوەوە، ئەرکی خۆمان بۆ گەرەنتیکردنی بەرەپێشچوونی پڕۆسەی دادوەری بێ کێشە و لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکانی وڵاتەکەمان، بەجێ دەهێنین".
لەبارەی پلانی ئابووری حکوومەتەکەی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "دەمانەوێت تورکیا بە شێوەی هەمیشەیی لە ڕێزی وڵاتەکانی داهاتی بەرز جێگیر بکەین. سوورین لەسەر دابەزاندنی هەڵاوسان بۆ ئاستی تاکخانەیی. (پڕۆگرامی مام ناوەندی ئابووری) تەنیا بریتی نییە لە ژمارە. ڕوانگەیەکە، متمانە بە ئابووری بەهێزتر دەکات و توانای پێشبینییەکان بەرزتر دەبێت و ئامانج لێی بەرزکردنی ئاستی خۆشگوزەرانییە".
بەشێکی دیکەی گوتارەکەی سەرکۆماری تورکیا پەیوەندار بوو بە هێرشە چەکدارییەکی سەر بنکەی پۆلیس لە قەزای باڵچۆڤا لە پارێزگای ئیزمیر کە لە لایەن مێرمنداڵێکەوە ئەنجام درا و لەم بارەیەوە گوتی: "(هاندانی منداڵان بۆ ئەنجامدانی تاوان) پێویستە ئەو گرفتانە کە نەک تەنیا زیان بە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەگەیەنن، بەڵکو پەیوەندیدارن بە داهاتووشمان، بە یەکەوە چارەسەری بکەین. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگەرە کە ئەو ڕووداوانەی جەرگمان دەسووتێنێت و لەوانەش ڕووداوەکەی ئەمڕۆ کە تاوانبارەکەی لەو تەمەنە دایە، کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "تۆڕە تاوانکارییەکان، رێکخراوە تیرۆریستییەکان و چەتەکانی سەر شەقام، بە تایبەتی منداڵانی لەم تەمەنانەدا دەکەنە ئامانج. هەنگاوی گرنگمان بۆ منداڵانی وڵاتەکەمان و جیهان ناوە. دەمانەوێت بەجێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان لە جیهانی دیجیتاڵدا کە واژوومان کردووە، ئاگایی جیهانی زیاتر بەرز بکەینەوە".
لەبارەی هەوڵی حکوومەت بۆ پاڵپشتی خێزان و ئەرکی سندووقی لاوان و خێزان لە تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، لە کانوونی دووهەمی ٢٠٢٦ەوە ئەگەر هەردوو هاوسەرەکە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٥ ساڵ بوو، ئەوە بری قەرزەی پێشکەشکراویان دەگەیەنینە ٢٥٠ هەزار لیرە" و مزگێنی ئەوەشی دا کە لەماوەی ٤٨ مانگدا هەر خێزانێک ببێتە خاوەن منداڵ لەسەر ویستی خۆیان، بۆ هەر منداڵێک قستەکانی پەیوەنیدار بە بڕی قەرزی وەرگیراو بۆماوەی ١٢ مانگ وەپاش دەخرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن