عێراق

یەکێتیی و گۆڕان: "پیویستە هەرچی زووە رێککەوتن و سازان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بکرێت و لەوە زیاتر دوانەکەوێت"

Sarmand Hameed  | 01.05.2023 - نوێکردنەوە : 02.05.2023
یەکێتیی و گۆڕان: "پیویستە هەرچی زووە رێککەوتن و سازان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بکرێت و لەوە زیاتر دوانەکەوێت"

Arbil

هەولێر - AA

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان جەختیان لەسەر پێویستی پەلەکردن کە رێککەوتن و سازانی لەبارەی هەڵبژاردن کردەوە تاوەکو پرۆسەکە لەوە زیاتر دوانەکەوێت.

شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و پێکەوە باسیان لە دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرد و لەسەر ئەو بنەمایە چۆنییەتی رێکخستنەوەی پیوەندییەکانی هەردوولا قسەی لەبارەوە کرا، دوای کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە سەرەتای کۆبوونەوکەدا، بەبۆنەی جەژنی کرێکارانەوە؛ پیرۆزبایی لە کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان کراوە و جەختیان لە گرنگی جێبەجێ کردنی یاسای کاری نوێ کردەوە بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی ئەو چینە گرنگەی کۆمەڵگە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دواتر بەوردی باس لە رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و هەردوولا جەختیان کردەوە کە؛ ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا دەگوزەرێک نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە.

بەدرێژەدان لەقسە کردن لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە یەکێتی و گۆڕان تەباتر بن و پلانی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دابڕێژنەوە بە شێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغە و رووبەڕوو بوونەوەی ئاڵنگارییەکان بگونجێت و لەئاستی چاوەڕوانی هاووڵاتییانیش بێت.

کۆبوونەوە هەڵسەنگاندنێکی بۆ شێوازی خزمەتگوزاری کرد و جەختی کردەوە: "خزمەتگوزارییەکان لەو ئاستە نییە کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵوەستە کردن هەیە لەپێناو باشتر کردنییان و دەبێت سیاسەتێکی نوێ هەبێت کە جیاکاری و ناعەدالەتی نەهێڵرێت".

هەر لەو کۆبوونەوەیە، باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەوبارەیەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردوەوە کە؛ "پیویستە چی زووە رێککەوتن و سازنی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın