عێراق

ڕێبەر ئەحمەد: "حكوومەتی عێراق کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال"

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێبەر ئەحمەد: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت خەڵكی شنگال بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و حكوومەتی عێراق کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال".

Rawan Subhi Obaiullah  | 04.08.2025 - نوێکردنەوە : 04.08.2025
ڕێبەر ئەحمەد: "حكوومەتی عێراق کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال"

Dahuk

دهۆك - AA

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێبەر ئەحمەد ڕایگەیاند: "جێگای داخە كە تاوەكوو ئێستا ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێنەكراوە. حكوومەتی عێراق كەمتەرخەم بووە، ئێمە وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندین بەم ڕێككەوتنە. هەندێك هێزی میلیشیات كە لە دەرەوەی یاسان لە شنگالن و پێویستە حكوومەتی عێراق ئەم هێزانە دەربكات".

ڕێبەر ئەحمەد دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ١١هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و لەبارەی دۆخی شنگال دوا و گوتی: "دەبێت گرنگی بە ماددەی ١٤٠ بدرێت و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق ئەركی خۆی جێبەجێ بكات لە ڕووی دەستوورەوە. دەبێت ئەم پرسە یەكلا بكرێت و كێشەی ماددەی ١٤٠ چارەسەر بكرێت".

رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق واژوو کرا و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتننامەکە، بریتییە لە کشانەوەی گرووپە میلیشیاکان لە شنگال، بەڵام تا ئێستا بە ھۆی بوونی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و ھێزە و چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکەدا، ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکراوە.

لەم بارەیەوە وەزیری ناوخۆی هەرێم گوتی: "جێگای داخە كە تاوەكوو ئێستا ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێنەكراوە. حكوومەتی عێراق كەمتەرخەم بووە، ئێمە وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندین بەم ڕێككەوتنە، بەداخەوە هەندێك بۆچوون هەن كە نایەوێت ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ شنگال بگەڕێتەوە. حەز ناكەن شنگال بۆ شنگالییان بێت، بۆیە هەندێك هێزی میلیشیات كە لە دەرەوەی یاسان لە شنگالن، پێویستە حكوومەتی عێراق ئەم هێزانە دەربكات".

لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا ڕێبەر ئەحمەد باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و سەبارەت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "بابەتی مووچە بووەتە چیرۆکێکی دورودرێژ و جێگەی داخە، مووچە مافێکی سەرەتاییە و ژیانی خەڵکی کوردستان پێوەی گرێدراوە، بەڵام لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. پێویستە عێراق بگەڕێنەوە خاڵەكانی دەستوور و پێویستە یاساكان جێبەجێ بكات. پێویستە مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین بكات، پێویستە كۆتایی بە سیاسەتی دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان بهێنڕێت".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن