عێراق

هۆشداری حەشدی شەعبی بۆ سوپای ئەمریكا

- جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەبومەهدی موهەندیس هێزەكانی ئەمریكای تۆمەتبار كرد بە هێنانە ناوەوەی فڕۆكەی ئیسرائیلی بۆ كردنەئامانجی بارەگا سەربازییەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 22.08.2019 - نوێکردنەوە : 22.08.2019
هۆشداری حەشدی شەعبی بۆ سوپای ئەمریكا

Iraq

بەغدا ـ AA

جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند، هیچ بژاردەیەكیان لەبەردەست نییە جگە لە پارێزگاریكردن لە خۆیان و بارەگاكانیان نەبێت، هەروەها مامەڵەی دوژمنكارانەش لەگەڵ هەر فڕۆكەیەكی بیانی دەكەن كەبەسەر بارەگاكانیاندا بسووڕێتەوە.

ئەبومەهدی موهەندیس لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو كەوتووە، تیایدا هێزەكانی ئەمریكای تۆمەتبار كردووە بە هێنانە ناوەوەی فڕۆكەی ئیسرائیلی بۆ كردنەئامانجی بارەگا سەربازییەكانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا.

موهەندیس رایگەیاندووە "ئەوەی ئێستا روودەدات لە كردنەئامانجی بارەگاكانی حەشدی شەعبی بڕیارێكی ئاشكرایە و ئامانج لێی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسمانی عێراقە لە لایەن سوپای ئەمریكاوە، ئەوەش بە رێگەی قۆستنەوەی وەرگرتنی مۆڵەتی گەڕان و پشكنین و بەكارهێنانی ئاسمانی وڵاتەكە بۆ ئامانجی مەدەنی و سەربازی خۆیان".

ئەو ئاماژەی بەوەش كردووە، لەو چوارچێوەیەدا و بەگوێرەی ئەوەی سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوەی ئەمریكی و لە لێدوانەكانی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین ناتانیاهۆ) ئاشكرایان كردووە كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل چەندینجار هێرشیان ئەنجامداوە.

ئەوەشی گوت "زانیاری ورد و تەواومان لەبەردەستە كە ئەمریكییەكان لە ئەمساڵدا هەستاون بە هێنانە ناوەوەی چوار فڕۆكەی ئیسرائیلی لە رێگەی ئازەربایجانەوە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی هێزەكانی ئەمریكا و بۆ ئەنجامدانی كردەوەی ئاسمانی و بە ئامانجگرتنی بارەگا سەربازییەكانی عێراق بەكاریان بهێنن".

موهەندیس ئاشكرای كرد كە زانیاری دیكە و نەخشە و تۆماریان لەبەردەستە لەسەر هەموو جۆرە فڕۆكەكانی ئەمریكا، كاتی هەستان و نیشتنەوەیان، ژمارەی كاتەكانی فڕینیان لە عێراق، لەم دواییانەش هەستاون بە چاودێریكردنی بارەگاكانیان لە عێراق لە بری ئەوەی چاودێری ئەندامانی داعش بكەن.

ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی پڕۆژەی داهاتووی ئەمریكای دژبە هێزەكانیان خستووەتەڕوو كە خۆی لە پاكتاوكردن و كوشتنی ژمارەیەك كەسایەتی جیهادی و پشتیوانی حەشدی شەعبی دەبینێتەوە، بەرپرسیارێتی سەرەتا و كۆتایی ئەوەشی كە روودەدات خستووەتە ئەستۆی سوپای ئەمریكا.

موهەندیس لە كۆتایی بەیاننامەكەدا دەڵێت "لە ئەمڕۆوە ئەوەی روودەدات دەخەینە ئەستۆی واشنتۆنەوە، هیچ بژاردەیەكمان لەبەردەست نییە جگە لە بەرگریكردن لە خۆمان و بارەگاكانمان بەو چەكانەی لەبەردەستماندایە كە چەكی زۆر پێشكەوتووشی لەنێودایە، هەروەها سەركردایەتی كردەوە هاوبەشكانی سەربە سوپای عێراقیمان ئاگادار كردووەتەوە لەوەی وەك دوژمن مامەڵە لەگەڵ هەر فڕۆكەیەكی بیانی دەكەین بەسەر ئاسمانی بارەگاكانمان بسووڕێتەوە".

ئەم بەیاننامەیەی بەرپرسەكەی حەشدی شەعبی دوای كردنە ئامانجی چوار بنكەی سەربازی حەشدی شەعبی دێت لە میانی یەک مانگدا، دوایین هێرشیش ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو بوو لە بارەگایەكی نزیك بنكەی سەربازی بەلەد لە باكووری بەغدای پایتەخت روویدا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın