عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی خەڵکی شنگال دەکات

- نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین پلاسخارت: "پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی بەشەکانی دیکەی رێكکەوتنی ئاساییکردنەوەی قەزای شنگال، بۆ ئەوەی بتواندرێت دەست بە کارە گرنگەکانی دووبارە ئاودانکردنەوە قەزاکە بکرێت".

Zana Natık Kerem  | 11.01.2021 - نوێکردنەوە : 15.01.2021
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی خەڵکی شنگال دەکات

Arbil

ھەولێر ــ AA

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین پلاسخارت رايگەياند "پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی بەشەکانی دیکەی رێكکەوتنی ئاساییکردنەوەی قەزای شنگال، بۆ ئەوەی بتواندرێت دەست بە کارە گرنگەکانی دووبارە ئاودانکردنەوە قەزاکە بکرێت.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راگەیاندراوێکدا كه‌ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە، جێنین ھێنیس پلاسخارت به‌ مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان بەغدا و ھەولێر کە ئامانج لێی خولقاندنی بارودۆخێکی سەقامگیر و ئارام و خۆشگوزه‌رانییە بۆ دانیشتوانی قەزای شنگال. سەردانی قەزاكه‌ی کردووە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت، لە سەردانەکەیدا بۆ قه‌زای شنگال جەختی لە پێویستی کاری زیاتر کردووەتەوە لە پێناو کەمردنەوەی نەھامەتییەکانی ئێستای دانیشتوانی شنگال و رایگه‌یاندووه‌: "حکومڕانییەکی کارا لە رێگای ئیدارەیەکی یەکگرتوو، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە شنگال و، ئەوەی تا ئێستا بەدەستھاتووە دەکرێت ببێتە رێگا خۆشکەر بۆ باشترکردنی بارودۆخی گوزەران بە شێوەیەکی مەزنتر، بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە روو بدات، پێویستە گشت لایەنەکان ھاوکاری یەکتربن".

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆشحاڵی رێکكەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگالی نیشانداوە و گوتی: "پێویستە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی بەشەکانی دیکەی رێكکەوتنەکە، بۆ ئەوەی بتواندرێت دەست بە کارە گرنگەکانی دووبارە ئاودانکردنەوە شنگال بکرێت، ھەروەھا پێویستە بە شێوەیەکی خێرا بارودۆخ لە سەر ئەرزی واقیع باشتر بکرێت بۆ ئاسانکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی شنگال بۆ زێدی خۆیان" .

رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.

بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.

پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانی دووبارەکرانەوە لە قەزای شنگال کە دووبارە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان، بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی ژینگە و کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەخۆدەگرێت.

پێشتریش سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی (سەبارەت بەرێککەوتننامەی شنگال) رایگەیاندبوو "چاوەڕوانین رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت. بە داخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە".

لە ماوەکانی رابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.

دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارەبووبوون، داوایان دەکرد کە ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆل بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگا بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەموار لە کەمپەکاندا دەژین.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın