نووری مالیكی داوا دەکات ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا كارا بكرێتەوە
- سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیكی لەگەڵ جێگری پێشووی یاریدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا تایلۆر کۆبوویەوە.
Arbil
هەولێر ــ AA
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیكی ڕایگەیاند كە عێراق ئامادەییە بەرگریی لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا بكات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە نووری مالیكی پێشوازی كردووە لە جێگری پێشووی یاریدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا تایلۆر.
ڕاشیگەیاندووە كە لە دیدارەكەدا، پێشهاتەكانی دۆخی ناوچە و ڕەنگدانەوەیان لەسەر عێراق و هەروەها پێکهێنانی حکوومەتێكی نوێ عێراق تاوتوێ كراوە.
بە پێی ئەم راگەیاندراوە لە میانی دیدارەكەدا، مالیکی جەختی لەوە كردووەتەوە كە عێراق و ئەمریكا پەیوەندییەكی پتەو پێكەوە دەیان بەستێتەوە و ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە هەردوو ڕێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژییان بە ئامانجی پتەوتركردنی هاریكارییە هاوبەشەكانی نێوانیان لە بوارە جیاجیاكاندا واژووكردووە و داواشی كردووە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕێككەوتننامەكە كارا بكرێتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووری مالیکی ئەوەشی خستووەتەڕوو هەر لە دیدارەكەدا، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە عێراق ئامادەیە بەرگریی لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا بكات و گوتوویەتی: "تێگەیشتنمان لە پتەوتركردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریكا لە بەردەوامیدان بە هاوبەشی ئابووریی دێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆست".
ڕاشیگەیاندووە كە هەر لە میانی دیدارەكەدا، نووری مالیكی ئاماژەی بەوەداوە كە ئێستا عێراق سیاسەتێكی هاوسەنگ لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە پەیڕەو دەكات.
تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە باسکردن بووە لە پێکهێنانی حکوومەتێكی نوێ عێراق.
لە بەرامبەردا جێگری پێشووی یاریدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا تایلۆر جەختی لەوەكردووەتەوە كە عێراق ڕۆڵێكی گرنگ لە ناوچەكەدا دەگێرێت و ئاماژەی بەوەشداوە كە ئێستا عێراق بووەتە لایەنێك گرنگ و كارا لە سەقامگیری و پتەوتركردنی ئاسایشی هەرێمی.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
