عێراق گەشتەکانی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتى دیکە هەڵپەسارد
- حکوومەتی عێراق وەک رێکارێک بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەوەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ، گەشتی ھاتنی و چوونی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دیکە هەڵپەسارد.

Arbil
هەولێر - AA
حکوومەتی عێراق وەک رێکارێک بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەوەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ، گەشتی ھاتنی و چوونی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دیکە هەڵپەسارد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی بەڕێوەچوو، راگهیهنراوێكی بڵاوکردەوە.
لە راگهیهنراوهكهدا ئاماژە بەوە دراوە کە وەک رێكارێك بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەوەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ، بڕیادراوە بە هەڵپەساردنی گەشتەکانی ھاتنی و چوون لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دیکە.
پێشتر حکوومەتی عێراق بە بڕیاری ژمارە ٢٣١ بۆ ساڵی ٢٠٢٠، بڕیاریدابوو بە هەڵپەساردنی گەشتەکانی ھاتن و چوون لەگەڵ ھەریەک لە بەریتانیا، ئەفریقای باشوور، ئوسترالیا، دانیمارک، ھۆڵەندا، بەلجیکا، ئێران و ژاپۆن.
بە گوێرەی راگهیهنراوهكهی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانی بڕیاردراوە بە هەموارکردنەوەی بڕیاری ژمارە ٢٣١ بۆ ساڵی ٢٠٢٠، تایبەت بە هەڵپەساردنی گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتانەی کە نەوەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا تۆمارکراوە.
بەپێی راگهیهنراوهكه، لە ئێستادا عێراق گەشتەکانی لەگەڵ هەریەک لە؛ بەریتانیا، نەمسا، بەلجیکا، دانیمارک، فینلەندا، فەڕەنسا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیرلەندا، لۆکسمبۆرگ، سلۆڤاکیا، ئیسپانیا، بەڕازیل، ئەمریکا، هیندستان، ئوستڕالیا، ژاپۆن، باشووری ئەفریقا و زامبیا هەڵپەساردووە.
هاوکات بڕیاردراوە رێگە بە هاتنی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە بۆ عێراق نەدرێت و ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی کە لەو وڵاتانەوە دەگەڕێنەوە پابەند دەکرێن بە کەرەنتینکردن بۆ ماوەی ١٤ رۆژ و تاوەکو ئەنجامی پشکنینی PCRی تایبەت بۆیان دەرنەچێت کە بیسەلمێنێت کە تووشبوو یان هەڵگری ڤایرۆسەکە نییە، رێگەی پێنادرێت لە کەرەنتین دەربچێت.
لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانی عێراق دیپلۆماتکاران، هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماتی، شاندە فەرمییەکان، کارمەندانی باڵیۆزخانەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پسپۆڕان و ئەوانەی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کاردەکەن، بەدەرکراون لەو بڕیارەدا و بەمەرجی بوونی پشکنینی PCR کە ٧٢ کاتژمێر بەر لە هاتنیان ئەنجامدرابێت، رێگەیان پێدەدرێت بە هاتنەناوەوەیان بۆ عێراق.
هاوکات جەخت لە پابەندکردنی کارگێڕی قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکان بە رێنماییەکانی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانی بە دەوامکردنی تەنها یەک رۆژ لە هەفتەیەکدا کراوەتەوە لەگەڵ پابەندبوون بە رێنماییەکانی خۆپارێزی.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سزادانی ئهو کەسانە کراوەتەوە کە پابەندی رێنماییەکانی تەندروستیی نابن و بۆ ئەمەش بڕیاردراوە کە هەر ناوەندێکی بازرگانی و رێستورانت و یانە و قاوەخانە و هۆڵی وەرزشی و هۆڵی بۆنەکان پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبن بە بڕە پارەیەک کە لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت یان داخستن بۆ ماوەیەک کە لە ٩٠ رۆژ زیاتر نەبێت، سزا بدرێن.
هەروەها بڕیاردراوە بە کارکردن بە بنەمای مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ کۆمپانیاکنی فڕۆکەوانی نا ناوخۆیی بە سەپاندنی رسوماتی تایبەت بە پشکنینی PCR بۆ گەشیتاران.
لە راگهیهنراوهكهدا جەخت لە پابەندبوون بە ناوەڕۆکی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانی کراوەتەوە و داوا لە وەزارەت و فەرمانگەکانی دیکەی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا توندتر بکەن و فەرمانبەران و سەردانکارانیان پابەندبکەن بە بەستنی ماسک لەگەڵ پابەندبوون بە دورەپەرێزی کۆمەڵایەتی و دانانی پاکژکەرەوە و کەمکردنەوەی هاتنی هاووڵاتییان بۆ فەرمانگەکان و بۆ راییکردنی کارەکانیان پەنا ببەنە بەر تەکنۆلۆجیای سەردەم.
ئەم بڕیار رێکارانە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، گەیشتووەتە ٦٠٥ ھەزار و ٤١٦ کەس و لەو ژمارەیەش ١٢ ھەزار و ٩١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٦٢ ھەزار و ٥٧٥ی دیکەیش چاکبوونەتەوە.