عێراق

عێراق کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە بنکەی عەین ئەسەد ڕاگەیاند

- وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕاگەیاند کە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، سوپای عێراق بەڕێوەبردنی بنکەکەی لە ئەستۆ گرتەوە.

Saber Ghanem Ibrahım Eıd  | 18.01.2026 - نوێکردنەوە : 19.01.2026
عێراق کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە بنکەی عەین ئەسەد ڕاگەیاند

Iraq

ئیستانبوڵ ــ AA

وەزارەتی بەرگریی عێراق کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار'ی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا کە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکە، سوپای عێراق بەڕێوەبردنی بنکەکەی لە ئەستۆ گرتەوە.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا لە میانی بەسەرکردنەوەی بنکەی عەین ئەسەد، بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی ئەمنی لە بنکەکە کردووە، ھەروەھا سەرپەرشتی دابەشکردنی ئەرکەکان لەنێوان یەکە سەربازییەکان لە بنکەکە کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکە کشاونەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرۆک ئەرکانی سوپا لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە بنکەی عەین ئەسەد ڕاسپاردووە کە ھەماھەنگی و ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوانیان پتەوتر بکەن.

باسی لەوەشکردووە کە یارەڵڵا جەختی لەوەکردووتەوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندییدارەکان لە بنکەی عەین ئەسەد وەک تیمێکی یەکگرتوو ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، بەشێوەیەک کە ئاسایش و پاراستنی بنکەکە دەستەبەر بکات.

ڕاشیگەیاندووە کە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، سوپای عێراق بەڕێوەبردنی بنکەکەی لە ئەستۆ گرتووە.


- ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق

لە ٣١ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق ڕاگەیاندبوو کە لەچوارچێوەی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، سوپای عێراق بنکەی عەین ئەسەد لە ھێزەکانی ئەمریکا وەردەگرێتەوە. ھەر ئەو کات جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە عێراق، فەریقی یەکەم ڕوکن قەیس مەحمەداوی ڕایگەیاندبوو کە دوای کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق، ھێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە بنکەی عەین ئەسەد دەکێشنەوە و بنکەکەیش ڕادەستی ھێزەکانی سوپای عێراق دەکرێت.

لە ٢٧ ئەیلوولی ٢٠٢٤، ئەمریکا و عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ھاوبەشدا ڕایانگەیاندبوو کە لەبارەی پلانی کۆتاییھێنان بە بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و پلانەکەش بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت.

وەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی پێدرابوو، قۆناغی یەکەمی پلانەکە لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ تەواو دەبێت کە کۆتاییھێنان بە ئەرکی سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دەگرێتەوە لەوانەش کشانەوەی ھێزەکان و ڕادەستکردنەوەی بنکەکان و گواستنەوە بۆ ھاوبەشی ئەمنی دوولایەنە کە پشتیوانی لە ھێزە عێراقییەکان دەکات و بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.

ھەروەھا قۆناغی دووەمی پلانەکە تا ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت کە لە میانیدا، ئەرکی سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە سووریا دەبێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın