عێراق

دۆخی دارایی و تەندروستی بازاڕی ئاژەڵفرۆشانی سست کردووە

- ساڵانە چەند ھەفتەیەک بەر لەھاتنی جەژنی قوربان، دەنگۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، بازاڕی ئاژەڵفرۆشان سست دەکات، ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی پێشوو بازاڕی ئاژەڵفرۆشتن سستت بووە.

Heman Hussein Yaseen  | 04.06.2025 - نوێکردنەوە : 06.06.2025
دۆخی دارایی و تەندروستی بازاڕی ئاژەڵفرۆشانی سست کردووە

Arbil

هەولێر - AA

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، ئاژەڵداران ئەو ئاژەڵانە دەھێننە گۆڕەپانی ئاژەڵان بۆ ئەوەی بیفرۆشنە ئەو ھاووڵاتییانەی کە بە مەبەستی قوربانییکردن سەردانی شوێنەکە دەکەن.

ساڵانە چەند ھەفتەیەک بەر لەھاتنی جەژنی قوربان، دەنگۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، بازاڕی ئاژەڵفرۆشان سست دەکات، ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی پێشوو بازاڕی ئاژەڵفرۆشتن سستت بووە و ئاژەڵدارانیش ھۆکارەکەی بۆ تای خوێنبەربوون و خراپی دۆخی دارایی ھاووڵاتییان دەگەڕێننەوە.

ئاژەڵفرۆشێک لە گۆڕەپانی ئاژەڵانی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی دۆخی دارایی ھاووڵاتییان خراپە و دەنگۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون ھەیە، ھاوکات بەشیک لە ھاووڵاتییان قوربانییکردنەکە دەخەنە دووەم و سێیەم ڕۆژی جەژن بەھیوای ئەوەی ئەو کات ھەرزانتر دەبێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا ئاژەڵی باش تا جەژن نامینێتەوە".

ئاژەڵفرۆش غازی ئیبراھیم لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا لەم گۆڕەپانە، ماڵاتەکە بەشێوەیەکی فراوان ھەیە، بەڵام بازاڕ سستە، ھۆکارەکەیشی ئەوەیە کە ماوەی سێ مانگە دەنگۆی تایخوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە، ئێمە دوو ملیۆن کەس لەناو ئەم گۆڕەپانەین و ھیچ کەسێکمان تووشی ھیچ نەخۆشییەک نەبووینە بۆیە نازانین ڕاستی ئەم بابەتە چییە".

غازی ئیبراھیم گوتیشی: "سەرەڕای سستی بازاڕیش، بەداخەوە بەشێک لەوانەی نەزریان لەخۆیان گرتووە یان قوربانی دەکەن، ئێستا نایەن بۆ کڕینی ئاژەڵەکە و کڕینەکە دەخەنە دووەم و سێیەم ڕۆژی جەژن بەو ھیوایەی کە ئەوکات ھەرزانترە، بەڵام با دڵنیاببنەوە نرخەکان ھەر وەک خۆی دەمێنێت و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، ساڵانی پێشوو لەم کاتەدا، نزیکەی ٣٠ دانە ئاژەڵم بۆ ئەوانە دەکڕی کە داوایان دەکرد، ئێستا پەیوەندیم پێوە دەکەن دەڵێن دەیخەینە دووەم و سێیەم ڕۆژی جەژن، بەڵام نرخ ئێستا و ڕۆژانی جەژنیش ھەر وەک خۆیەتی و لەگەڵ ئەوەشدا ئاژەڵی باش نامینێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئاژەڵی خراپە و گۆشتی کەمترە".

لەبارەی نرخی ئاژەڵیش، غازی ئیبراھیم گوتی: "ئاژەڵدارەکان کیلۆی مەڕ بە پێنج ھەزار و پێنجسەد دینار دەفرۆشنە دەڵاڵەکان، ئەوانیش بە شەش ھەزار دەیفرۆشنەوە، ھەروەھا شەک بە حەوت ھەزار دەکڕین و بە حەوت و نیو دەیفرۆشینەوە، ئاژەڵی گەورەش کیلۆی بە ھەزار دینارە".

ئاژەڵدارێکی دیکەش ئاماژە بەوە دەکات کە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تای خوێنبەربوون کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ کردووە ھەر بۆیەش ئەمساڵ نرخەکان دابەزیووە بەراورد بە پارساڵ.

ئاژەڵفرۆش، ڕۆستەم سەعید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەک ساڵانی پێشتر بابەتی تای خوێنبەربوون کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕ، ھەرچەندە ھیچ کەسێک نەیزانیووە ئاژەڵەکەی تووشی نەخۆشی بووبێت یان بۆخۆی تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت بەڵام ئەم دەنگۆیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی ئاژەڵان دروست کردووە".

ڕۆستەم سەعید گوتیشی: "پارساڵ نرخەکان زیاتربوون و فرۆشتنیش زیاتر بوو، بەڵام ئەمساڵ نرخەکان دابەزیوون و فرۆشتنیش کەمە، چونکە ھەم بابەتی دارایی و ھەم بابەتی تەندروستی، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ دروستکردووە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın