ڕێژەی سەربڕینی ئاژەڵ لە جەژنی قورباندا سەدا پەنجا دابەزیووە بەراورد بە سێ ساڵی ڕابردوو
- بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، هەڵمەت هەمزە سلێمان: "لە سێ ساڵی ڕابردوودا سەدا پەنجای سەربڕینی ئاژەڵان بۆ جەژنی قوربان کەمی کردووە".

Arbil
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر ڕایدەگەیەنێت کە ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە چوار ڕۆژی جەژنی قوربان ئەو ئاژەڵانە سەرببڕدرێن کە هاووڵاتیی و دەزگا خێرخوازییەکان دەیبەنە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ساڵی ڕابردوو لە چوار ڕۆژی جەژن هەزار و ٨٢ ئاژەڵ سەربڕدراوە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢ سێ هەزار و ٤٧٥ ئاژەڵ سەربڕدرابوون.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، هەڵمەت هەمزە سلێمان لە بارەی ئامادەکارییەکانییان بۆ جەژن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیارە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان لە کاتژمێر شەشی بەیانی تا شەشی ئێوارە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە ڕووی هاووڵاتی و دەزگا و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بکرێتەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە ستافی پزیشکانی ڤێتێرنەری و کارمەندی تەندروستی ئامادەدەبن کە ژمارەیان ٢١ کەسە هەروەها قەسابەکان کە ژمارەیان ٦٥ کەسە بە دوو ستافی تۆکمە و کارا ئامادەن بۆ ئەوە بتوانین زۆرترین ڕێژەی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو کوشتارگە ئەنجام بدەین".
ماوەیەکە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون هەیە و ئەمەش کاریگەری لەسەر قوربانی و سەربڕینی ئاژەڵان کردووە و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، هەڵمەت هەمزە گوتی: "دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تای خوێنبەربوون، بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێیەوە، ڕێژەی سەربڕینی ئاژەڵان کەمی کردووە، هەروەها دۆخی دارایی هاووڵاتیانیش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر کەمی خواست لەسەر گۆشتی سوور".
هەڵمەت هەمزە گوتیشی: "ئێمە ڕێکارەکانمان گرتووەبەر و بەردەوام کاری ڕشاندن دەکەین، هەروەها پشکنینێکی ورد دەکرێت بۆ ئاژەڵەکان، مەبەست لێی گەیاندنی گۆشتێکی تەندروستە بۆ هاووڵاتییان".
لەبارەی ئامارەکانی سەربڕینی ئاژەڵان لە ڕۆژانی جەژندا، هەڵمەت هەمزە سلێمان گوتی: "ئەگەر سەیری ئامارەکان بکەین دەبینین لە سێ ساڵی ڕابردوودا سەدا پەنجای سەربڕینی ئاژەڵان کەمی کردووە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە چوار ڕۆژی جەژن سێ هەزار و ٤٧٥ ئاژەڵ سەربڕدراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەم ژمارەیە دابەزیووە بۆ هەزار و ٨٧٢، هەروەها بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بووەتە هەزار و ٨٢ سەر ئاژەڵ، ئەمەش جێی نیگەرانییە و هۆکارەکان بابەتی ترس و دڵەڕاوکێی لە تای خوێنبەربوون و خراپی دۆخی دارایی هاووڵاتییانە".
هەڵمەت هەمزە گوتیشی: "هەرچەندە ئەمساڵ نرخی ئاژەڵ بەراورد بە پارساڵ دابەزیووە، بۆ نموونە ئاژەڵی گەورە ٢٥٠ هەزار و ئاژەڵی بچووک نزیکەی ٤٠ هەزار دابەزیووە بەلام هێشتا پێشبینی دەکەین ئەمساڵ ژمارەی سەربڕینی ئاژەڵان کەمتر بێت بەراورد بە ساڵانی پێشوو".
سەبارەت بە نرخی سەربڕین لە بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، هەڵمەت هەمزە گوتی: "بۆ ئاژەڵی گەورە بڕی ٧٥ هەزار دینار و بۆ ئاژەڵی بچووکیش بڕی ٢٥ هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەم بڕە پارەیە بەراورد بە دەرەوە زۆر کەمترە چونکە لە ناوماڵان و شوێنەکانی دیکەی وەک دەرەوەی کوشتارگەکان، نرخەکە زیاترە".