شیکردنەوە, عێراق

شیکاریی.. هێرشی مووشەکیی بۆسەر هەولێر.. پەیام بۆ ئیسرائیل یان هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان

دوای نیوەشەوی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢، ١٢ مووشەک لە باکووری رۆژئاوای ئێران، کە سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە "ناوەندێکی ستراتیجیی زایۆنیزم"یان کردووتە ئامانج.

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 18.03.2022 - نوێکردنەوە : 19.03.2022
شیکاریی.. هێرشی مووشەکیی بۆسەر هەولێر.. پەیام بۆ ئیسرائیل یان هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان

Arbil

هەولێر - AA / فەخرەدین ئیبراهیم محەمەد

دوای نیوەشەوی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢، خەڵکی هەولێر بە بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز راچڵەکان، هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا، بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، کۆنسولخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەردەوام ئامانجی بوردومانی ئێران و گرووپە نزیکەکانی ئەو وڵاتە بوون، بەڵام رەهەندەکانی هێرشەکەی ئەمجارە بەپێی کات و لێدوانەکان، زۆر جیاوازتر و سامناکتر لە جاران دەبینرا.

١٢ مووشەک (بەپێی گوتەی دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان) لە تەورێز باکووری رۆژئاوای ئێران، مەودایەکی نزیک بە ٣٠٠ کیلۆمەتریان بڕی و لە نزیک کۆنسولخانەی نوێی ئەمریکا کە تا ئێستا بارەگاکەی تەواو نەکراوە و کارکردن تیایدا بەردەوامە، کەوتنە خوارەوە.

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ناوی "هەولێر" بکات رایگەیاند کە "ناوەندێکی ستراتیجیی زایۆنیزم"یان کردووتە ئامانج، تەنانەت ماڵپەڕەکانی نزیک لە حکوومەت وەک "مێهرنیوز" چەند ناوێکیان بڵاوکردەوە کە گوایە چەند ئەفسەرێکی ئیسرائیلی لە هێرشەکەدا برینداربوون، ئەو هێرشەی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ کوژرانی دوو ئەفسەری سوپای پاسداران بە ناوەکانی ئێحسان کەربەلایی پوور و مورتەزا سەعید نەژاد لە گوندەواری دیمەشق پایتەختی سووریا راگەیەندرا کە لە رۆژی هەشتی ئادار کەتبوونە بەر بۆردومانێکی مووشەکیی سوپای ئیسرائیل.

وەڵامدانەوەی حکوومەتی هەرێم بۆ سوپای پاسداران جەخت کردنەوە بوو لەوەی هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەرێمدا بوونی نییە و ئەوەی لەلایەن ئەو مووشەکانەی بە ناوی مووشەکی "فاتح ١١٠" کراوەتە ئامانج، شوێنکی مەدەنی بووە و سەرمایەدارێکی هەولێر خاوەنی بووە.

- فاتح ١١٠ چییە؟

لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٤ واتە چەند ساڵێک دوای تەواوبوونی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، پێویستی دروستکردنی مووشەکێکی کورت مەودای زەمین-زەمین بە یەکێک لە بنکە پیشەسازییەکانی بەرگریی سەربازیی سەربە سوپای پاسداران سپێردرا، فاتح ١١٠ لەسەر بنەمای مووشەکەکانی کورت مەودا کە پێشتر چەند نموونەیەکی وەک "زلزال"ی لێی دروست کرابوو، بەرهەم هێنرا.

فاتح ١١٠ لە ساڵی ٢٠٠٢ پەردەی لەسەر لادرا و ١٠ ساڵ دواتر، سیستەمی ئاراستەپێدانی لەسەر دانرا کە مەبەست لێی ئاراستەکردنی وردی مووشەکەکە بوو تا گەیشتنی بە ئامانجەکە و پێکانی، ئەو جۆرە مووشەکانە بەناوی مووشەکی "نقطه زن" واتە لێدان لە خاڵ ناسراون.

دوا بەرهەمی مووشەکی فاتح ١١٠، سێ هەزار و ٤٥٠ کیلۆگرام قورسە و هەشت مەتر و ٨٦ سانتیمەتر درێژە و تیرەکەی ٦١ سانتیمەترە و ٤٠٠ کیلۆمەتر مەودا دەبڕێت کە مەودای سوودبەخشەکەی بە ٣٠٠ کیلۆمەتر راگەیەندراوە.

ئەم جۆرە مووشەکە بالیستییانە پێشتر چەند جارێک لە شەڕی سووریا بەکارهێنراوە، بەڵام پێدەچێت پشکی شێر لە بەرکەوتنی مووشەکە بالیستییەکانی سوپای پاسداران کە بە فەرمی لە ئەستۆشیان گرتووە، بەر هەرێمی کوردستان کەوتبێت کە بەو شێویە بوو:

- هەشتی ئەیلوولی ٢٠١٨ حەوت مووشەکی فاتح ١١٠ بارەگای سەرەکی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە لە قەزای کۆیە سەربە پارێزگای هەولێریان کردە ئامانج.

- هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، ژمارەیەک مووشەکی فاتح هاوکات لەگەڵ بە ئامانجگرتنی بنکەی سەربازیی "عێن ئەسەد" لە پارێزگای ئەنبار، بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە شارۆچکەی هەریر سەربە پارێزگای هەولێریان کردە ئامانج، مەبەست لەم هێرشە ئاسمانییە تۆڵەکردنەوەی کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران راگەیەنرا کە پێنج رۆژ پێشتر کەوتەبەر ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا و لە میانی دەرچوونی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی حەشدی شەعبی کوژرا.

- دواجاریش ١٣ی ئادار، مووشەکە بالیستییەکانی سوپای پاسداران دەورووبەری شاری هەولێریان کردە ئامانج.

- دوا هێرشەکەی سەر هەولێر و کاردانەوەکان

کاتژمێر ٠١:٠٣ی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢، ١٢ مووشەکی فاتح ١١٠ هەولێریان پێکا. سەرەتا مەبەست لێی کۆنسولخانەی ئەمریکا راگەیەنرا کە نزیک لە شوێنی پێکانەکە بوو. کۆنسولخانەی ئەمریکا کە لە نیسانی ساڵی ٢٠١٨ەوە بەردی بناخەی بۆ دانراوە بە گەورەترین کۆنسولخانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان باسی لێوە دەکرێت.

تەنها چەند کاتژمێرێک دوای مووشەکبارانە لە رێگەی بەیاننامەکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند کە مەبەست لە مووشەکبارانەکە باڵیۆزخانەکە نەبوو، بەڵکو ماڵێکی ڤیلایی بووە لە دەرەوەی سەنتەری شاری هەولێر کە وەک لە بەیاننامەکەدا هاتبوو "ناوەندێکی ستراتیجیی ئیسرائیل" کرابوویە ئامانج.

مشتومڕەکان لەبارەی هۆکاری ئەم مووشەکبارانە زۆر بوو و باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرا و ناڕەزایەتی حکوومەتی فیدراڵیی پێ راگەیەنرا، بەڵام ئیرەج مەسجدی هەر هەمان رۆژ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە کەربەلا رایگەیاند، پێشتر لەم بارەیەوە هۆشدارییان بە حکوومەتی هەرێم داوە.

مەسجدی بەرگریی لە کردەوەکانی سوپای پاسداران لە هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لە کوردستان بنکە بۆ ئیسرائیلییەکان کراوەتەوە و دژبە بەرژەوەندییەکانی ئێران کاری کردووە. ئەوە (مووشەکبارانەکە) پەیوەندی بە سەروەری حکوومەتی عێراقەوە نییە و بێ رێزیش بە خەڵک و حکوومەتیش نییە. ئەوە کردەوەیەک بوو دژبە زایۆنیستەکان، نە ئەمریکا و نە عێراق".

هەمان رۆژ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان هێرشی ئێرانی بە "دەستدرێژی" ناوبرد و رایگەیاند "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ٢٠٢٢/٣/١٣ی سەر ھەولێر کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کۆنسولخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە".

لە راگەیەنراوەکەدا ھەروەھا ئاماژە بەوەش کرابوو کە بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانە، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە "داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، کۆمکاری عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بەپەلە لێکوڵینەوە لەم ھێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".

ھێرشەکە ھەروەھا لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتییشدا کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەلایەن ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی؛ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بازرانی؛ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بەتوندی سەرکۆنە کرا.

هەروەها ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان داوای کرد کە حکوومەتی فیدراڵیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر ئێران تۆمار بکات.

هەر لەبارەی مووشەکبارانەکە هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی جیاواز بوو لە هەموو لایەنە عێراقییەکانی دیکە. ئەو لایەنە شیعانە لە راگەیەندراوێکدا خۆیان لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکە پاراستبوو و رایانەگەیاندبوو کە “پێویستە ئەو شوێنەی کە لەبارەی راستییەکانیدا تا ئێستا هەواڵی دژ بە یەک بڵاودەکرێتەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت” و جەختیان لە پێویستی روونکردنەوەی بەرپرسان و پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی و حکوومی کردەوە، بۆ ئەوەی وەک لە بەیاننامەکەدا هاتبوو، “خاکی عێراق نەبێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و بیانوو نەدرێتە دەست وڵاتان بۆ پێشێلکردنی خاکی عێراق”.

بەڵام خاڵی کۆتایی لە هەموو ئیدانە و سەرکۆنەکانی کردەوەکەی سوپای پاسداران، گوتەیەکی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بوو کە بە یەکلاکەرەوە لە پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەناسرێت.

مەسعود بارزانی لە دیدارێکی لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، ڤیلی ڤارجولا سەبارەت بە ئەنجامدەرانی پەلامارە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر، رایگەیاند کە "ئەوانەی بەرپرسیاریەتی خۆیان لەو پەلامارە راگەیاندووە لە راستیدا ناتوانن بە ھیچ شێوەیەک وەڵامی خەڵکی تر لە شوێنی پێویست بدەنەوە و بۆ کڕینەوەی ئابڕووی خۆیان و شاردنەوەی بێ توانایی خۆیان بیانووی بێ بنەما دەھێننەوە و پەلاماری خەڵکی بێ تاوانی ھەولێر دەدەن".

قسەکانی مەسعود بارزانی ئاماژەیەکی روون بوو بۆ دەستێوردانی ئێران لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئەنجامی دوا هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران تێدا سەرکەوتوو نەبوو.

- پەیام و ئامانجە نهێنییەکانی پشتی پەردەی مووشەکبارانەکە

لە راستیدا دەکرێت کاکڵی شیکردنەوەی مووشەکبارانی هەولێر لە هەناوی ئەم قسەیەی مەسعود بارزانی و پەیامێکی ئیدانەکردنی موقتەدا سەدردا دەربکەوێت.

دەکرێت بپرسین هەرێمی کوردستان لە کوێی قوڵایی مەترسییەکانی ئێران دایە لە عێراق کە بەرپرسانی حکوومەت و سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە وەک هەڕەشەیەک دەیبینن و بۆردومانی دەکەن؟

+ پرسی ئابووریی

ئەوە دەزانرێت کە سەدەی داهاتوو لە بواری وزەدا بە پێچەوانەی رابردوو، رەهەندەکانی روو لە گازی سروشتی بێت. هەرێمی کوردستان بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم خاوەنی یەدەگێکی ٥.٧ ترلیۆن مەتر سێجا گازی سروشتییە. لەئێستادا تەنیا کۆمپانیای دانە غاز کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە گرێبەستی لەگەڵ هەرێم هەیە، لەم بوارەدا کار دەکات.

هەنووکە خواستی هەرێم بۆ هەناردەکردنی گازی سروشتی خۆی زیاتر لە رابردوو بەیان دەکرێت و هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە نەخشەی نوێی وزەی جیهاندا بەشدار بێت.

ئەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە گرنگترین وەچەرخانەکان لە پرسی وزە لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش بەرپرسانی هەرێم مەیلیان بۆ بەشداریپێکردنی تورکیایە لەم کەرتەدا، ئەوەش بە ئاشکرا لە دیدارێکی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی باسی لێکرا.

ئەوەش رەنگە بۆ ئێرانییەکان ئاسایی نەبێت، چونکە دەیانەوێت هەر خۆیان بە بوونی یەدەگی گازی ٢٧.٨٠٠ ترلیۆن مەتری سێجا یەکلاکەرەوەی پڕۆسەکە بن. ئەو گوتەیە ئێستا زۆر بە ئاشکراتر هەستی پێ دەکرێت کە ئەورووپا چاوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت وەک سەرچاوەیەکی باش بۆ دەستخستنی وزە بەمەبەستی جێگرەوەی گازی سروشتی رووسیا.

ئێرانییەکان پێیان وایە کە "گازی سروشتی داھاتووی وزەی جیھان دیاریی دەکات" لەم ناوەشدا هەرێمی کوردستان بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە بوونی یەدەگێکی ٥.٧ ترلیۆن مەتر سێجا گاز لەسەر ئاستی جیهان دەتوانێت لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا رۆڵێکی گرنگ ببینێت. عێراق گازی سروشتی هەیە، بەڵام بەهۆی نەگەڕانی کۆمپانیاکان تا ئێستا ئەو بڕەی کە هەیە یەکلا نەکراوەتەوە.

+ پرسی سیاسەت

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ کە دوای رەوتێکی ناڕەزایەتی دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ئەنجامدرا، کارتێکی سووری خەڵکی عێراق بوو بۆ هەموو ئەو گرووپانەی کە نزیک لە ئێران دەژمێردران. بە جۆرێک هەردوو سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە ١٢ ساڵ حوکمی عێراقیان کرد، نوری مالیکی ٣٣ کورسی و حەیدەر عەبادی دوو کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەست هێنا.

پێ دەچێت بردنەوەی سەدر بە ٧٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٣١ کورسی و رێککەوتنی لایەنە سوننەکان لە یەکتریش لە چوارچێوەی بەرەیەکی هاوبەشدا بەناوی "سەروەری" جۆرێک لە نیگەرانی لەناو ئێرانییەکاندا دروست کردبێت.

دواتریش نزیکی سەدر لە بارزانی و سوننەکان لە چوارچێوەی بەرەیەکدا، بووە هۆی پەراوێزخستنی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەوەش نیگەرانییەکی دیکەی ئێرانییەکان بوو. ئەم هاوپەیمانییە ئەگەری هەیە لە رۆژانی داهاتوودا لە شێوازی فراکسیۆنێکدا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوونی خۆی رابگەیەنێت، بۆ ئەوە لە رووی یاساییەوە زۆرترین فراکسیۆن بێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

سەردانە یەک لە دوایەکەکانی ئیسماعیل قائانی، جێگرەوەکەی قاسم سولەیمانی بۆ بەغدا و بە تایبەتیش بۆ هەولێر ئاماژەیەکی زەق بوو بۆ براوەکانی هەڵبژاردنەکان کە دەست بۆ پەراوێزخستنی لایەنەکانی دیکەی نزیک لە ئێران نەبن. لەوەش بەرفراوانتر ئێرانییەکان بە بەرپرسانی هەولێر و لە سەرووی هەموویانەوە، بارزانی-یان راگەیاندبوو، نابێت رۆڵیان هەبێت لە ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە و دەبێت چاوەڕوان بن و دوای رێککەوتنی شیعەکان لەناوخۆیاندا، ئەو کاتە هاوپەیمانیان لەگەڵ پێکبهێنن. ئەوان هۆشداری دەدەن کە "هەولێر دەبێت رۆڵی بەشدارییکردنی هەبێت نەک دیارییکردن" لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا.

لە پاڵ پەیامە توندەکەی مەسعود بارزانی بۆ ئێرانییەکان، پەیامە تویتەرییەکەی موقتەدا سەدر-یش چەند خولەکێک دوای هێرشەکە بووە جێی سەرنجی چاودێرانی سیاسیی. سەدر وەک ئاماژەیەک بە بەئامانجگرتنی هەولێر، گوتی: "هەولێر نیشانە و ئاگری شکست خواردووەکان و شەرمەزارەکانە. لەژێر ئاگر و مووشەکی شکستخواردووەکانە، وەکو ئەوەی کوردەکان عێراقی نەبن، بەڵکو ئەوان شادەماری عێراقن". بەوەش نەوەستا و بۆ وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکە، سەدر نووسیبووی "هەولێر خۆناچەمێنێ و چۆکدانادات، تەنیا بۆ میانڕەوی و سەربەخۆیی و سەروەری نەبێت".

بۆیە دەشێت گەریمانەی ئەوە بکرێت، مووشەکەکانی ئێران ئاراستەیان روو لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و رۆڵی هەولێر بێت، تا بوونی "ناوەندێکی ستراتیجیی ئیسرائیلی".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın