شیکاریی.. بەرنامەی مووشەکیی بالیستیی سعوودیە: کێبڕکێی ئەمریکا-چین لە کەنداو
- هەڵوێستی نابەدڵی ئەمریکا لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی سەر رژێمی سعوودیە، سعوودییەکانی ناچار کرد لەبارەی بەرگرییدا بە دوای جێگرەوەدا بگەڕێن.

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
دکتۆر نەجمەددین ئاجار لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مێزی شیکاریی ئاژانسی ئانادۆڵودا، هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا و چین کرد بەهۆی پەرەپێدانی مووشەکیی بالیستی لەلایەن سعوودیەوە بە پشتیوانی چین.
دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو کۆمەڵە زانیارییەکی بڵاوی کردەوە کە دەریدەخەن سعوودیە بە پشتیوانی چین پەرەی بە مووشەکیی بالیستی داوە. [١] لە دوای ماوەیەکی کەم لەو هەواڵانە، دەستپێکردنی مانۆڕی ''پێغەمبەری گەورە ١٧'' لەلایەن ئێرانەوە کە مووشەکیی بالیستی تێدا بەکارهێندرا [٢] سەرلەنوێ کەنداوی کردەوە بە بابەتی سەرەکی رۆژەڤی نێودەوڵەتیی.
لە کاتێکدا هەردوو وڵات پەرەیان بە بەرنامەی مووشەکیی بالستی داوە، وەرگرتنی هاوکاری لە چین لە رووی سیاسەتی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی ئەو وڵاتە کێشەی جددی دروست دەکات. ئیدارەی ئەمریکا کە کاردانەوەی توندی نیشانداوە لە پەرەپێدانی هاریکاری هاوپەیمانانی ناوچەکە لە بواری ستراتیجییدا لەگەڵ چین، دەبێت هەڵوێستی چۆن بێت بەرامبەر ئەو هەڵمەتەی سعوودییەکان.
بە پەسەندکردنی وەک ئەندامی تەواوی رێکخراوی هاریکاری شەنگەهای، ئێران بە پارێزەرێکی بەهێزی وەک چین گەیشت بۆ ناچالاککردنی ئەمریکا لە بارەی رێگربوون لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی. ئەوەش بووەهۆی فراوانبوونی هێز لە دژی سعوودییەکان لە کێبڕکێی ئێران-سعوودیەدا لە کەنداو. هەڵوێستی نابەدڵی ئەمریکا لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی سەر رژێمی سعوودیە کە سەرچاوەکەی ئێرانە، تەنیاکردنی سعوودیە لە جەنگی یەمەندا و کشانەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە باشووری ریاز [٣] سعوودییەکانی ناچار کرد لەبارەی بەرگرییدا بە دوای جێگرەوەدا بگەڕێن.
ئەگەر ئەو مووشەکە بالیستیانەی Dongfeng-3 ئەژمار نەکەین کە لە ساڵی ١٩٨٨دا لە چین هاوردەیان کردوون [٤]، سعوودییەکان کە لە ١٩٣٢ەوە تا ئەمڕۆ هەموو چەکەکانیان لە وڵاتانی خۆرئاوا کڕیوە بەتایبەتی ئەمریکا، دەستیان کرد بە تێڕامان لە پشتبەستنیان بە خۆرئاوا لە بواری بەرگریدا.
رووکردنی سعوودیە لە چین لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ کڕینی چەک و کەلوپەلی سەربازیی لە کاتێکدا کە چین گەورەترین رکابەری ئەمریکایە، پەیامێکی گرنگی هەیە. ئەمریکا، بە ئامانجی رووخاندنی یەکێتی سۆڤییەت، دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە و پشتیوانیکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل لە ماوەی رابردوودا، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەک رۆژەڤی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی دەبینی، بەڵام لەئێستادا لەم سیاسەتەدا رووبەڕووی گۆڕانکارییەکی زۆر بووەتەوە. تا سەرەتای ٢٠١٠ ئەمریکا، گرنگترین دڵنیاکەری سەقامگیری سیاسیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی کەنداو بوو، بەڵام لە دوای ٢٠١٠ دەستی بە پاشەکشێ کرد لە بینینی رۆڵی دڵنیاکەر.
لەگەڵ شۆڕشی غازی خەڵووزی بەردین ئەمریکا لەڕێی ستراتیجییەتی “Asya Pivot” سنووردارکردنی گەشەکردنی چینی کردە ئامانجی سەرەکی سیاسەتی وڵاتەکەی، بەم شێوەیەش وڵاتانی کەنداو لە رۆژەڤی سەرەکی ئەمریکادا دەستیان بە پاشەکشێ کرد.
هەرچەندە ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئایزنهاوەر، نیکسۆن و کارتەر ناوچەی کەنداوی وەک گرنگترین ناوچەی بەرژەوەندییەکانی خۆی راگەیاندبوو و بەئاشکراش ئەوەی خستبووەڕوو کە بەرپەرچی هەر هەڕەشەیەک دەداتەوە کە بکرێتە سەر ئەم ناوچەیە، بەڵام وازهێنانی ئەمریکا لە رۆڵی دڵنیاکەری ئاسایشی حکوومەتی وڵاتانی کەنداو و ناچاربوونی هاوپەیمانەکانی ناوچەکە بۆ ئەوەی خۆیان بەرگریی لە خۆیان بکەن، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی سعوودیە بەدوای جێگرەوەیەکدا بگەڕێت.
- سیاسەتی هاتنەناوەوەی چین بۆ وڵاتانی کەنداو
دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە رۆڵی دڵنیاکەری ئاسایشی کەنداو، هەلێکی ناوازە بوو بۆ چین کە ساڵانێکی درێژە بەدوای پێگەیەکی سیاسی‌دا دەگەڕێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. دەکرێت بشگوترێت کە چین کار بۆ ئاسایشی وزە، بازرگانی و وەبەرهێنان و وەڵامدانەوەی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەریای چیندا دەکات و لە هەوڵیشدایە بۆ پێکهێنانی ستراتیجییەتێکی تایبەت بە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی هەرێمی دەربارەی پرسی هاووڵاتییانی تورکستانی رۆژهەڵات.
بۆ چین كه ئابوورییه‌كه‌ی به‌خێرایی گه‌شه ده‌كات و په‌یوه‌ست به‌وه‌ش پێویستی به وزه زیاد ده‌كات، ناوچه‌ی كه‌نداو له‌ڕووی ئاسایشی وزه‌وه ئێجگار گرنگه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ناوچه‌ی كه‌نداو دوو له‌سه‌ر سێی یه‌ده‌گی نه‌وت و گازی سروشتیی له جیهاندا له خۆده‌گرێت و له‌ڕووی جوگرافیشه‌وه تا بڵێی نزیكه له چینه‌وه، ئه‌مرۆ له‌سه‌دا ٥٥ی هاورده‌ی چین له‌ڕووی نه‌وته‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. تا دێت خواست له‌سه‌ر گازی سروشتی به‌هۆی هه‌ستیارییه‌كان له‌باره‌ی به‌كاربردنی وزه‌ی پاك، زیاد ده‌كات. له ساڵی ٢٠٢١دا چین له رۆژێكدا ١٥ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی به‌كارده‌هێنا و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌م خواسته‌ی چین ده‌گاته ٢٠ ملیۆن به‌رمیل و ئه‌وه‌ی كه مه‌حاڵه ئه‌م پێداویستییه جگه له ناوچه‌ی كه‌نداو له شوێنێكی دیكه پڕ بكرێته‌وه، وای كردووه ناوچه‌ی كه‌نداو له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی چیندا ئێجگار گرنگ بێت.
خاڵێكی دیكه كه وا ده‌كات كه‌نداو بۆ چین گرنگ بێت، ئه‌و ده‌رفه‌ته ئابووریی و جیۆپۆڵه‌تیكییانه‌یه كه ناوچه‌كه له‌ڕووی وه‌به‌رهێنان و بازرگانییه‌وه پێشكه‌شی ده‌كات. ناوچه‌ی كه‌نداو له‌ڕووی سه‌ركه‌وتنی "ده‌ستپێشخه‌ریی پشتێن و رێگا" كه له ساڵی ٢٠١٣دا راگه‌یه‌ندراوه، خاوه‌نی گرنگییه‌كه كه ده‌ستبه‌رداربوونی مه‌حاڵه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو كه خاوه‌نی یه‌ده‌گی ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌وتن و له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌و سندوقه زه‌به‌لاحانه‌ی كه هه‌یانه به‌ره‌و پرۆژه‌ی گرنگی ژێرخان هه‌نگاویان ناوه، ئه‌مه‌ش بۆ چین كه وه‌به‌رهێنان و بازرگانی كردووه‌ته دوو گرنگترین رۆژه‌ڤی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، ده‌رفه‌تی زێڕینن.
سێیه‌م خاڵ بریتییه له‌وه‌ی كه چین ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی په‌یوه‌ندیی نزیك له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو ئه‌و گه‌مارۆیه بشكێنێت كه به‌هۆی ژێرده‌ریاییه ناوه‌كییه‌كانه‌وه له‌نێوان به‌ریتانیا-ئوسترالیا-ئه‌مریكا خراوه‌ته سه‌ر و ئامانج لێی سنوورداركردنی چینه له ده‌ریای باشووری چین. به‌تایبه‌ت له‌ڕووی ئه‌وه‌ی چین ئه‌و گه‌مارۆیه ببه‌زێنێت، هاریكاریی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا كه تاكه ئه‌كته‌ره توانا و پاڵنه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ڕه‌شه له‌و دۆخه ناوچه‌ییه‌ی ئه‌مریكا دروستی كردووه، بكات، خاوه‌نی گرنگییه‌كی چاره‌نووسسازه.
لە کۆتاییدا، ئەو کێشانەی کە لەگەڵ پرسی ئویگور دەرکەوتووە و چینی لە سیاسەتی ناوەوە و دەرەوە خستووەتە دۆخێکی خراپ، ھەوڵی ئەوە دەدات کە لەگەڵ (ئێران و سعوودیە) ھاوپەیمانی درووست بکات و ئەو دۆخە تێپەڕێنێت. لە روانگەی چینەوە پرسی ئویگور، بە ھەڕشەیەکی ناوخۆیی دەیبینیت ھەروەکو چۆن ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو لە ئەفغانستان روویدا کاتێک بووە جیھادێکی جیھانی. چین بە سایەی ئەو پەیوەندییە نزیکەی کە لەگەڵ ئێران و سعوودیە پێکیھێناوە، پلانی ئەوەی ھەیە بە پاڵپشتی ئەم دوو وڵاتە گرنگەی جیھانی ئیسلامی بەدەست بھێنێت و بۆچوونەکانی خۆی لە پرسی ئویگور لە بەرامبەر رۆژئاوادا بخاتەڕوو.
- رکابەریی جیۆسیاسیی ئەمریکا- چین لە ناوچەی کەنداو
لە قۆناغی ئێستای سیاسەتی جیھاندا، رکابەرییەکی چڕی جیۆسیاسیی لە نێوان ئەمریکا و چین لە ئارادایە. لەم رکابەرییەدا، ناوچەی کەنداو بەھۆی پێگەی جیۆسیاسیی، تایبەتمەندیی ئایدۆلۆجی و دەوڵەمەندیی سەرچاوەکانی وزەوە وەکو ناوچەیەکی گرنگ دەردەکەوێت. ئەمریکا، ساڵانێکی زۆرە دژبە ئەنجامدانی ھەماھەنگی لە بوارەکانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و پیشەسازیی بەرگری لەنێوان ھاوپەیمانەکانی و چین دەوەستێتەوە. (٥) بەڵام نارڕوونیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئەو ھەڕەشانەی کە زیادیکردووە، ھاوپەیمانانی ئەمریکای ناچار کردووە بە دوای جێگرەوەیەک بگەڕێن. چین کە ماوەیەکی دوورودرێژە پاڵپشتیی پرۆگرامی مووشەکیی ئێران دەکات، ئێستاش سعوودیە لە بواری پیشەسازیی بەرگری ناچار کراوە رووبکاتە چین. ئەمە لە رووی داھاتووی هەژموونی ئەمریکا بەسەر ناوچەی کەنداو مەترسیی گەورەی ھێنایە کایەوە.
[1] https://edition.cnn.com/2021/12/23/politics/saudi-ballistic-missiles-china/index.html.
[2] https://www.cnnturk.com/dunya/iran-askeri-tatbikat-sirasinda-temsili-israil-nukleer-tesisini-vurdu.
[3] https://www.trthaber.com/haber/dunya/abd-suudi-arabistandaki-savunma-sistemlerini-cekti-608188.html.
[4] https://www.iiss.org/blogs/analysis/2021/08/saudi-arabia-ballistic-missile-programme.
[5] https://www.hurriyet.com.tr/dunya/abdden-israile-cine-liman-kiralama-uyarisi-41246161.
***
(دکتۆر نەجمەددین ئاجار سەرۆکی بەشی زانستە سیاسیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە کۆڵێژی ئابووریی و زانستی کارگێریی زانکۆی ماردین ئارتوکلو )