حەشارگەکانی داعش لە عێراق
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، تەواوی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار و ژمارەیەک ناوچەی لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک داگیرکرد کە دواتر لە ماوەی سێ ساڵدا لە دەست ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە رزگارکران.

Arbil
ھەولێر ــ AA
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، تەواوی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار و ژمارەیەک ناوچەی لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک داگیرکرد کە دواتر لە ماوەی سێ ساڵدا لە دەست ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە رزگارکران.
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا، کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم ناوچەکان و سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا راگەیاند.
وێرای راگەیاندنی ئەو سەرکەوتنە، بەڵام ھێشتا شانە نووستووەکانی داعش لە شەش ناوچەی عێراق خۆیان حەشارداوە و ناوە ناوە ھێرش بۆسەر ھێزە ئەمنییەکان و ھاووڵاتییان ئەنجام دەدەن، لەبەرامبەردا ھێزە ئەمنییەکان لە میانی ئەم دوو ساڵەی دواییدا لە میانی ئەنجامدانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا، ژمارەیەکی زۆری چەکداری داعشیان کوشتووە.
بەپێی لێدوانەکانی پێشووی بەرپرسانی عێراق، زیاتر لە ھەزار چەکداری داعش لە عێراقدا ماون، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە ھێشتا ١٠ هەزار چەکداری داعش لە سووریا و عێراق ماون کە زۆربەیان لەناو خاکی عێراقدا، خۆیان حەشارداوە.
ــ حەشارگەکانی ئێستای داعش لە عێراق بەم شێوەیە:
ــ سێگوشەی مەرگ
سێگۆشەی مەرگ، بە گرنگترین حەشارگەکانی داعش لە عێراق دادەندرێت کە بریتییە لە ناوچەیەک دەکەوێتە نێوان باکووری پارێزگای دیالە و باشووری پارێزگای کەرکووک و رۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین.
ناوچەکە، زنجیرە چیاکانی حەمرین لەخۆدەگرێت کە سروشتێکی سەختی جوگرافیی ھەیە، جگە لەوەیش دارستان و باخچەیەکی زۆر لە ناوچە شاخاوییە بوونی ھەیە کە ئەوانەیش ھەموو ھۆکارن بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش، بتوانن خۆیان لە چاوی ھێزەکانی عێراق و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش خۆیان حەشار بدەن.
ھەروەها لە ناوچەکەدا ژمارەیەکی زۆری گرد، دۆڵ و ئەشکەوت ھەن کە چەکدارانی داعش خۆیانی تیایدا حەشاردەدەن بە تایبەتیش لەو کاتەی کە ھێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکە ئەنجام بدەن.
لە ماوەکانی رابردوودا، ھێزەکانی عێراق بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی پاکسازیکردنی ناوچەکە ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستا نەیان توانیوە چەکدارانی داعش لە ناوچەکە رێشەکێش بکەن.
زۆر جار لە میانی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، حەشارگە و چەکدارانی داعش لە ناوچەکە دەکرێنە ئامانج.
چەکدارانی داعش لە حەشارگەکانیانەوە لە ناوچەی سێگۆشەی مەرگەوە، ناوە ناوە ھێرش بۆسەر ئامانجە سەربازیی و مەدەنییەکان لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و سەڵاحەددین و نەینەوا ئەنجام دەدەن.
ــ بیابانەکانی ئەنبار
پارێزگای ئەنبار بە گەورەترین پارێزگاکانی عێراق دادەندرێت بەو پێیەی کە رووبەری پارێزگاکە ١٣٨ ھەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە ئەوەیش دەکاتە یەک لەسەر سێی رووبەری عێراق.
پارێزگای ئەنبار، بیابانێکی بەرفراوانی ھەیە کە لە سنووری رۆژئاوای عێراق لەگەڵ سووریا و ئوردن دەست پێ دەکات تا دەگاتە سنووری سعوودیە بە ئاراستەی باشوور.
بۆیە سروشتی بیابانەکانی پارێزگای ئەنبار، وای کردووە ببێتە حەشارگەیەکی گرنگ بۆ چەکدارانی داعش لە عێراق کە ناوە ناوە ھێرش لە پارێزگاکە تا دەگاتە بەغدای پایتەخت، ئەنجام دەدەن.
ھێزە ئەمنییەکان عێراق بە بەردەوام ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی پاکسازیکردنی بیابانەکانی ئەنبار ئەنجام دەدەن، بەڵام لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان و لەبەر بەرفراوانی ناوچەکە، چەکدارانی داعش ھەڵدێن و خۆیان حەشار دەدەن.
ــ ناوچە دەشتاییەکانی جەزیرە
دەشتاییەکانی جەزیرە ناوچەکەیە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا تا دەگاتە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین.
ناوچەکە بەوە ناسراوە کە سروشتی نیمچە بیابانە، ئەوەیش وایکردووە کە تیرۆریستانی داعش بە ئاسانی بتوانن لەنێوان سنووری پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەددین و ئەنبار تا دەگاتە سەر سنووری سووریا دوور لە چاوی ھێزە ئەمنییەکان، ھاتوچۆ بکەن.
ــ پشتێنەی بەغدا
قەزای تارمییە تا دەگاتە قەزای ئەبو غرێب دەگرێتەوە و ناوچەکەیە سەربە بەغدای پایتەخت.
داراستان و باخچەیەکی زۆر ناوچەکەی داپۆشیوە و ئەوەیش وایکردووە ببێتە ناوچەیەکی گونجاو تا چەکدارانی داعش خۆیانی تیایدا حەشار بدەن و ناوە ناوە لەوێیەوە ھێرش بۆسەر ھێزە ئەمنییەکان و ھاووڵاتییان تا دەگاتە بەغدا ئەنجام بدەن.
ھێزە ئەمنییەکان بەردەوام ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی پاکسازیکردنی ناوچەکە ئەنجام دەدەن، بەڵام ناوچەکە بە یەکێک لە گرنگترین حەشارگەکانی داعش لە نزیک بەغدای پایتەخت دادەندرێت.
ــ سنووری سووریا
بە دریژایی ٦٠٠ کیلۆمەتر لە سنووری سووریا، بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی لە دزەکردنی تیرۆریستیانی داعش لەناو خاکی سووریاوە بۆ ناو عێراق ھەژمار دەکرێت.
چەکدارانی داعش لە دیوی سنووری سووریاوە، دزە دەکەنە سنووری کارگێریی پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار، لەوێیەوە لە رێگای ناوچە بیابانەکانەوە، دزە دەکەنە ناوچەکانی باکووری پارێزگای سەڵاحەددین تا دەگات ناوچەی سێگۆشەی مەرگ.
- بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە
بوونی بۆشایی ئەمنیی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بە تایبەتیش لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئاستەنگی لەبەردەم ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، دروستکردووە.
ئەو بۆشایە ئەمنییانەی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بە تێپەڕبوون بە پارێزگاکانی سەڵاحەددین و کەرکووک تا دەگاتە سنووری پارێزگای دیالە، دروستبووە.
ئەمەیش لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو، وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، چوار ناوەندیی ھەماھەنگیی ھاوبەشیان بە ئامانجی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە کێشەلەسەرەکان پێکھێنا، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع و بە کرداری ھیچ ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەش لەنێوان سوپا و پێشمەرگە ئەنجام نەدراوە، ھەر لەبەر ئەوەیە ھێشتا چەکدارانی داعش لەو ناوچانە بە ئاسانی ھاتوچۆ دەکەن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن