پەیامی عەلی قەرەداغی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان
- ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان، دکتۆر عەلی قەرەداغی پەیامێك ئاراستەی لایەنەكان دەكات بۆ چارەسەرکردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.

As Sulaymaniyah
سلێمانی ـ AA
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان، دکتۆرعەلی قەرەداغی لەو پەیامەیدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ناردووە، تێیدا چەند داواكارییەك ئاراستەی لایەنی كوردی و حكوومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەكات لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكاندا.
عەلی قەرەداغی سەرەتای پەیامەكەی روو لە گەلی كورد دەكات و چەند داواكارییەكی كردووە، ئەو داواكارییانەش بریتین لە:
ـ داوا دەكەم هەموو كورد بە هەموو هێزە جیاوازەكانیيەوە هاوهەڵوێستبن و خاوەنی گفتوگۆیەكی بەهێز و بنیاتنەر بن، چونكە یەكبوون فەرزێكی شەرعی و پێویستیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، ئێستا كاتی تەخوینكردن و یەكتر شكاندن نییە، بەڵكو پێویستە چارەسەری ئەم كێشانە هەڵبگیرێن بۆ كاتێكی تر، ئەمڕۆ پێویستە هەموومان خەبات بكەین بۆ پاراستنی یەكڕیزی نیشتیمانی و دووركەوتنەوە لە جیاوازی و دووبەرەكی (یان كورستان یان نەمان)، چونكە یەكبوونی سەركردایەتی كورد لە هەرێمی كوردستاندا دەتوانێت ناكۆكیيەكان تێبپەڕێنێت یان بە لای كەمەوە دوای بخات بۆ كاتێكی تر. لە پێناو پاراستنی هەموو ئەو دەستكەوتانەی كە گەلی كورد دەستی كەوتووە كە بەخوێن و ئەنفال و جینۆساید و رووبەڕووبوونەوەی داعش دەستمان كەوتوە.
ـ هەركەسێك ئێستا كە بچووكترین هەستكردن بە بەرپرسیارێتی تێدابێت، باس لە بەرژەوەندی تاكەكەسی و حزبی ناكات، بەڵكو بەرژەوەندیەكانی گەل و نیشتیمان دەخاتە پێش هەموویانەوە، چونكە ناكۆكیيەكان لە ئێستادا تەنها بە قازانجی دوژمنە و هەموومان لێی زیانمەند دەبین.
ـ لە ئێستادا داوای چەسپاندنی یەك ریزی و وازهێنان لە دووبەرەكی دەكەم، چونكە درێژەدان بە ناكۆكیيەكان بە زیانی هەموو لایەكمان تەواو دەبێت، خۆشتان دەزانن كە ئێوە لە پێش راپەڕیندا لە چ دۆخێكدا دەژیان و دوای ئەوەش كەوتنە چ ژیانێكی تر.
ـ داوا دەكەم كە پەیڕەوی لە پرۆسەیەكی چاكسازی بنەڕەتی بكەن بۆ چارەسەری قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و قۆرخكردنی دەسەڵاتەكان، داوا دەكەم كە هەموو لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و بە ئەندامان و سەرۆكی پەرلەمانیشەوە، لەم رێگەیەشەوە بڕیار لە دروستكردنی حكوومەتێكی نیشتیمانی بنكە فراوان بدەن كە هەموو لایەن و پێكهاتەكان بگرێتەوە.
ـ داوا دەكەم دەستەیەكی نەتەوەیی دابمەزرێنن بۆ لێپرسینەوەو پێداچوونەوە.
ـ داوا لە حكوومەت دەكەم كە هەموو داتاو راستیەكان بخاتە روو لە رووی گرێبەستەكانی نەوت و پەیوەنديیە نێودەوڵەتیەكان، بۆ ئەوەی گەل ئاگادار بێت لە سەرچاوە و رێژەی داهاتەكان و ئەوەش كە روودەدات لەناو حكوومەت و دەرەوەی حكوومەتدا.
ـ داوا لە بەرپرسان و سەركردایەتی كورد دەكەم كە دەرگای گفتوگۆ بكەنەوە لەگەڵ بەرپرسی پێكهاتەكانی تری عێراق.
ـ داوا لە سەركردایەتی سیاسی كورد دەكەم كە بە ئەقڵێكی ستراتیجی مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكاریەكاندا بكەن و خوێندنەوەیەكی نوێ بكەن بۆ پەیوەندیەكانیان لەگەڵ زلهێزەكان و ئەو گۆڕانكاریانەش كە لە مێژوودا بەسەر جوگرافیای كوردستان و گەلی كورددا هاتووە لە رێگەی پەیماننامەی (سایكس-پیكۆ).
لەگەڵ ئەمەریكاشدا پێویستە كۆتایی بە خوێندنەوە رووكەشەكان بهێنین و بە قوڵاییەكی ستراتیجی مامەڵە لەگەڵ ئەم زلهێزەدا بكەین و لەم رێگەیەوە بتوانین بەرژەوەندی گەلی كوردمان بخەینە پێش بەرژەوەندی هەموو لایەكەوە و گەلەكەشمان نەكەینە سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندی هیچ زلهێزێكی جیهانی.
هەروەها لەچوارچێوەی پەیوەندیەكانیش لەگەڵ ئیسرائیلدا دەبێت ئەو راستیە بزانین كە ئەوانیش دەیانەوێت كورد لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی خۆیاندا بەكاربهێنن و هەتا ئێستاش كە ئەم كارەساتەش بەسەر كورددا هاتووە لە واقیعدا نەهەنگاوێكی ئیجابیان ناوەو نە دەسەڵاتەكانی خۆشیان بەكارهێناوە لە ئەمەریكا و ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ ئەوەی نەهامەتیەكان لەسەر گەلی كوردمان كەم بكەنەوە، بە پێچەوانەوە هەر لێدوانێكی ئەوان لەسەر كورد زیاتر بۆتە هۆی توڕەبوونی گەلان و وڵاتانی ناوچەكە و زیاتر نەهامەتی بەسەر كورددا هێناوە.
لێرەدا دەمەوێت ئەو راستیە بڵێم كە لە پاش پشت بەستنمان بەخوا دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین و یەكڕیزی گەلەكەمان بپارێزین و پلانی ستراتیجیمان هەبێت بۆ ئایندە.
لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا، ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان روو لە حكوومەتی عێراقی دەكات و داوا دەكات، "بە هاوسەنگی گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەن لە پێناو رێگرتن لە رژانی خوێنی زیاتر و گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ عێراق و بە تایبەتیش بۆ ناوچە جێ ناكۆكەكان، هەروەها چەسپاندنی ئاشتەواییەكی گشتگیری دادپەروەرانە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق و دوورخستنەوەی تارماییەكانی رەگەزپەرستی و تائیفیەت .
بۆ ئەوەی بەم هۆیەوە عێراق گەشەپێدانێكی نوێ دەست پێ بكات لەژێر سایەی ئارامی و ئاسایش و پێكەوە ژیانی نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەكان" .
قەرەداغی لە پەیامەكەیدا دەڵێت "دەوڵەتی عێراق لەگەڵ شەڕی ناوخۆیی و دەرەكیدا مێژویەكی تاڵ و سامناكی هەیە و ملیۆنەها كەس لە نیو سەدەدا بوونە قوربانی و تەڕو وشكی عێراق تیایدا بەیەكەوە سووتاوە، پێویستە هەموو سەركردەكانی عێراق ئەو راستیە بزانن كە لە رێگەی جەنگەوە كێشەكانی گەلێك یان ئومەتێك لەناو خۆدا چارەسەر نابن و هیچ گەلێكیش بە شەڕ لەناو ناچێت و نابێتە هۆی چەسپاندنی هیچ خێرو چاكەیەك" .
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان لە بەشی كۆتایی پەیامەكەی روو لە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان دەكات و لە پەیامەكەیدا هاتووە "داوا لە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان دەكەم كە ئەو وێنە تەڵخەی كە بۆیان دروست بووە بەرامبەر بە كورد بیسڕنەوە و وەك گەلێكی هاوشێوەی خۆیان لە تورك و فارس و عەرەب مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و دان بەمافە رەواكانیدا بنێن لەچوارچێوەی برایەتی ئیسلامی و یاسای نێودەوڵەتیدا، بۆ ئەم مەبەستەش دڵسۆزانە نێوەندگیری بكەن لە نێوان بەغداو هەولێر بۆ چارەسەرکردنی ئەو كێشانەی كە هەیانە لە رێگەی گفتوگۆ و لەیەكتر تێگەیشتنەوە، فشاریش بخەنە سەر حكوومەتی بەغدا كە واز لە رێگەچارەی سەربازی بهێنێت بۆ كێشەكان و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ كورددا، چونكە ناوچەكە گرژی و ئاڵۆزیەكی تر هەڵناگرێت، هەروەها لە بەرژەوندی هیچ لایەكدا نییە كە گەلێك سەرشۆڕ بكەن یان بەزۆر ئازادی لێ بسەندنەوە، چونكە تەنها چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ ئاشتەوایی و چارەسەری كێشەكان لە رێگەی گفتوگۆوە".