هەرێمی کوردستان.. پێدانی قەرزی کشتوکاڵی درێژخایەن بە هاووڵاتییان
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو عەبدولستار مەجید: "ئێمە پرۆژەی ئاو و ئاودێریمان هەیە و بە تایبەتی بەنداوەکان، لە ئێستادا 24 پڕۆژەی گرنگمان هەیە کە هەندێکیان لەبەر قەیرانی دارایی لە کار کەوتوونە و هەندێکیش بە خراپی کارەکانیان دەکەن".

هەولێر
بەمەبەستی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان، شاندێکی دەزگای جیاردی گرووپ لۆگای ئیتاڵیا بە هاوکاری کۆمپانیای بەرزنجە، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویان کرد و ئامانجی سەردانەکەیان بریتییە لە پێدانی قەرز بەمەبەستی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی و پەرەپێدانی بوارەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو عەبدولستار مەجید گوتی: "ئەو شاندە لە کۆمەڵێک کەسی وەبەرهێنەر پێک دێت کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سەردانی ئێمەیان کردووە و کۆمەڵێک پێشنیازیان هەبوو سەبارەت بە پێدانی قەرزی درێژخایەن کە بۆ ئەو قۆناغەی ئێستای ئێمە زۆر گرنگە".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بە کۆمەڵێک پێشنیاز کرد و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە هەندێک رێگامان بۆ داناون، رێگای یەکەم ئەوەیە کە دەتوانین کارئاسانییان بۆ بکەین سەبارەت بە ئامێرەکانی کشتوکاڵی بۆ ئەوەی سوود بە هەرێمی کوردستان بگەیەنن، رێگای دووەم ئەوەیە کە ئێمە پرۆژەی خۆمان پێشکەشی ئەوان دەکەین و چاوەڕوانی وەڵام دەکەین".
لەبارەی بڕی قەرزەکە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتی: "باسی ژمارەمان نەکردووە بەڵام ئاماژەیەیان بەوە کردووە کە ئامادەیی ئەوەیان هەیە کە قەرزی گەورە و درێژخایەن بدەن".
سەبارەت بە چۆنیەتی پڕۆژەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، عەبدولستار مەجید گوتی: "کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی هەیە کە ئێستا توانای جێبەجێکردنمان نییە و ئەگەر ئەم پرۆژانە جێبەجێ بکەین ئەوە لە هەندێک بەشی کشتوکاڵیدا دەگەین بە ئاستی خۆبژێوی، بۆ نموونە بەرهەمەکانی شیر و سەوزە و میوە لە هەندێک بواردا".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژە بە گرنگی بەنداوەکان دەدات و رایدەگەیەنێت کە لەبەر قەیرانی دارایی ژمارەیەکی زۆر لە پرۆژەکانیان لەکار کەوتوون و توانای جێبەجێ کردنیان نییە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا عەبدولستار مەجید گوتی: "ئێمە پرۆژەی ئاو و ئاودێریمان هەیە و بەتایبەتی بەنداوەکان، لە ئێستادا 24 پڕۆژەی گرنگمان هەیە کە هەندێکیان لەبەر قەیرانی دارایی لە کار کەوتوون و هەندێکیش بە خراپی کارەکانیان دەکەن".
عەبدولستار مەجید پێی وایە قەیران و نەبوونی بوودجە هۆکارن لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کەرتی کشتوکاڵی و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پرۆژەی ئاودێری گەورەمان هەیە بۆ نموونە پرۆژەی ئاودێری شەمامک کە بڕی 80 هەزار دۆنم ئاودێری دەکات بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی پرۆژەکە نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە".
دواتر سەرۆکی دەزگای جیاردی گرووپ، لۆگا جیاردی گوتی: "یەکەمجارە ئێمە دێینە هەرێمی کوردستان و هەوڵ دەدەین هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەین بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان و ئەگەر زانیمان پرۆژەکان گرنگە ئەوە ئامادەین خەرجی تەواوکردنی پرۆژەکان لە ئەستۆ بگرین و ئێستا چاوەڕێی پرۆپۆزەلی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکەین تاوەکو دیراسەی بکەین".
سەبارەت بە چۆنیەتی سیستەمی پێدانی بڕی قەرزەکە، لۆگا جیاردی ئاماژە بە سیستەمی بانکی ناوەندی دەکات لە هەرێمی کوردستان و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دەمانەوێت ئێوە گرەنتی ئەوەمان پێ بدەن لەلایەن بانکی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان و جگە لەوەش رێگای جۆراوجۆر هەیە بۆ پێدانی قەرزەکە".
دواتر سەرۆکی رێکخراوی بەرزنجی، ئەحمەد بەرزنجی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "دوای دروستبوونی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بیرمان لەوە کردەوە کە لە رێگای هەندێک کۆمپانیای وەبەرهێنەر هەوڵی ئەوە بدەین کە رووبەڕووی ئەو قەیرانە ببینەوە، دوای ئەوەی سەردانێکی دەرەوەی وڵاتمان کرد و لەگەڵ کۆمپانیای جیاردی گرووپ هەماهەنگیمان کرد و توانرا لە رێگای ئێمەوە شاندێکی ئەم گرووپە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەمڕۆش لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆبووینەوە و کۆمەڵێک پێشنیاز خرایە بەردەم هەردوولا و لەماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی دەبێت".