
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاند کە گرنگە بە ئامانجی سەپاندنی ئاشتیی و سەقامگیری لە ناوچەکە گرژییەکان کەم بکرێنەوە.
نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، فاتیح یڵدز بەبۆنەی تەواوبوونی ئەرکەکانی لە عێراق کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح ھەوڵ و کۆششەکانی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لە پێناو بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە ماوەی کارکردنی لە عێراق بەرزنرخاندووە، ھەروەھا ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کار و ئەرکەکانی ئایندەیدا.
باس لەوەشکراوە کە ھەر لە میانی دیدارەکەدا، سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و کارکردن بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا، بەجۆرێک خزمەت بەرژەوەندییەکانی ھەردوو گەلی دۆست بکات گفتوگۆکراوە، ھەروەھا باس لە دوا پێشھات و گۆرانکارییەکانی ناوچەکە کراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە بەرھەم ئەحمەد ساڵح جەختیکردووەتەوە لە گرنگی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان، ھەروەھا پشتیوانیکردن لە گفتوگۆ و دیالۆگ بە مەبەستی چارەسەری پرسە ھەڵپەسێردراوەکان و رێزگرتن لە سەروەری و رەتکردنەوەی دەستدرێژی، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان و ھەر کارێک کە ببێتە ھەڕەشە بۆسەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە، ھاوکات جەختیکردووەتەوە لەسەر ھاریکاری ھاوبەش لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی.