جيهان

سەرچاوەکانی حکوومەتی سووریا: "کۆبوونەوەکەی نێوان سەرکۆماری سووریا شەرع و سەردەستە شاهین بێ ئەنجام بوو"

Mohammed Hamood Ali Al Ragawi, Ali Semerci, Ömer Koparan, Muhammed Karabacak  | 20.01.2026 - نوێکردنەوە : 20.01.2026
سەرچاوەکانی حکوومەتی سووریا: "کۆبوونەوەکەی نێوان سەرکۆماری سووریا شەرع و سەردەستە شاهین بێ ئەنجام بوو"

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

کۆبوونەوەکەی نێوان سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع لەگەڵ یەکێک لە سەردەستەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/سەدەگە، فەرهاد عەبدی شاهین ناسراو بە مەزڵوم عەبدی لە بارەی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵبوونی تەواوەتی کە لە دیمەشق ئەنجامیان دا، بێ ئەنجام بوو.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی دوێنێی دیمەشق لە نێوان شەرع و شاهین، سەرچاوەیەکی حکوومەتی سووریا ئاماژەی بەوە کرد هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار یان ڕێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵبوونی تەواوەتی لە نێوان لایەنەکاندا بەدی نەهاتووە.

سەرچاوەکە ڕایگەیاند: "لایەنی سەدەگە لە کۆبوونەوەکەدا نەرمیی پێویستی نیشان نەدا. لە قۆناغی داهاتوودا کۆبوونەوەی نوێ ئەنجام دەدرێت".

بەپێی ئەو هەواڵەی لە هەژماری تێلێگرامی کەناڵی جەزیرەدا بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە شێوەیەکی سەرەکی باس لە پێگەی پارێزگای حەسەکە کراوە کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر سنووری عێراق.

لەو کۆبوونەوەیەی لە دیمەشق پایتەخت بەڕێوەچوو و پێنج کاتژمێری خایاندووە، شاهین پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی حەسەکە لەژێر کۆنترۆڵی ڕێکخراوەکەدا بمێنێتەوە، لە بەرامبەردا شەرع مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بچنە ناو شارەکە و دامەزراوەکانی دەوڵەت وەربگرنەوە.

لە بەرامبەر پێداگریی شاهین بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی شارەکە بە تەواوەتی لە دەستی ڕێکخراوەکەدا بێت، شەرع ڕایگەیاندووە لەو حاڵەتەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بەردەوام دەبێت.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە شەرع داواکاری شاهینی بۆ پێدانی پێنج ڕۆژ مۆڵەتی زیادە بۆ ڕاوێژکردن ڕەتکردووەتەوە و، داوای وەڵامی کۆتایی کردووە تا نیوە شەوی ڕۆژی دوو شەممە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حکوومەتی سووریا بە تەلەڤیزیۆنی فەڕمی وڵاتەکە "ئیخباریە"ی ڕایگەیاند گفتوگۆکان بێ ئەنجام بوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın