Hakan Çopur
17 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2021
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی "CNN"، وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی بەرنامەکەی دایەوە.
زۆرینەی بابەتەکانی ناو بەرنامەکەش تایبەتبوون بە رەوشی پەتای کۆرۆنا لە ئەمریکا و هەڵمەتەکانی ڤاکسیندان، جۆ بایدن داوای لە گەلەکەی کرد متمانە بە حکوومەت بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ وەک پێویست ئامادەکاری نەکراوە بۆ هەڵمەتی ڤاکسیندان و گوتی: "کاتێک ئێمە هاتینە سەر دەسەڵات بڕێکی زۆر کەم ڤاکسین هەبوو. بەپێی ئەو گرێبەستانەی واژوومان کردوون تا کۆتایی مانگی تەمووز، ٦٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسین وەردەگرین، بەم شێوەیە بەشی هەموو هاووڵاتییان ڤاکسینمان دەبێت".
جۆ بایدن داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکا کرد هەرکەسێک دەستی دەگاتە ڤاکسینەکە خۆی ڤاکسین بدات و پێشی وابوو کە پەتاکە هەتا کۆتایی ساڵ بەراورد بە ئێستا، زۆر لاواز دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا کە قوتابخانەکان دەتوانن قۆناغ بە قۆناغ وەک رابردوو دەست بە خوێندن بکەنەوە.
جۆ بایدن جەختی لەوەشکردووە کە سوورن لەسەر دەرکردنی پاکێجی یەک ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتوانی کۆرۆنا.
سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پیران لەسەر بە بێتاوان ناساندنی دۆناڵد ترەمپ لە دۆسیەی دوورخستنەوەکەیدا پرسیارێکی ئاراستەکرا و لە وەڵامدا گوتی: "بەدرێژایی چوار ساڵی رابردوو هەموو هەواڵەکان دەربارەی ترەمپ بوون. لە چوار ساڵی داهاتوودا، هەموو هەواڵەکان دەربارەی گەلی ئەمریکا دەبن، ئیدی لە قسەکردن لەسەر ترەمپ بێزاربووم".
جۆ بایدن دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین باسی لەوە کرد کە لەگەڵ چین لە زۆر بواردا لە رکابەریدان و دەربارەی نیگەرانییەکانیان لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بەردەوام دەبن لە گەیاندنی نیگەرانییەکانیان بە حکوومەتی پەکین.
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی پرسی پەنابەران گرت و ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ کار لەسەر ئەوە دەکەن مافی هاووڵاتیبوون ببەخشن بە ١١ ملیۆن پەنابەری نایاسایی کە لەئێستادا لە ئەمریکان، هەروەها سنووردارکردنی رێگەدان بە هاتنی پەنابەران کە لە سەردەمی ترەمپ بۆ پێنج هەزار کەمکرابووەوە دووبارە بۆ ١٢٥ هەزار بەرزدەکرێتەوە.