
Baki
باکو - AA
سەرەڕای ئاگربەست، سوپای ئازەربایجان بەرپەرچی سەرجەم پەلامارەکانی سوپای ئەرمینیا دایەوە کە بە درێژایی شەوی رابردوو کردیە سەر سەربازانی سوپای ئازەربایجان و یەکەکانی نیشتەجێبوون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە شەڕ و پێکدادانەکان بەشێوەیەکی چڕ لە بەرەکانی ئاغدەرە، هۆجاڤەند، فوزوڵی، زەنگیلان و گوبادلی بەردەوامە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سوپای ئازەربایجان بەرپەرچی سەرجەم پەلامارەکانی سوپای ئەرمینیای داوەتەوە و سەربازانی ئەرمینیا کە زیانێکی زۆریان لێکەوتووەتەوە، پاشەکشەیان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سوپای ئازەربایجان دژەفڕۆکەیەکی جۆری Osa، سێ سیستمی مووشەکی گراد، شەش تۆپهاوێژی جۆری D-30، پێنج تۆپهاوێژی جۆری D-20 و تۆپهاوێژێکی جۆری D-44، دوو تۆپهاوێژی جۆری Giatsint B، تۆپێکی هاوەنی ١٢٠ میلیمەتری، سیستمێکی مووشەکی دژەتانکی کۆنکورس و شەش ئۆتۆمبێلی ئەرمینیای لەناوبردووە و ژمارەیەکی زۆر سەربازیشی لە چالاکی خستووە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە هێزەکانی ئەرمینیا کە ئۆتۆمبێلەکانی رووی لە کەمبوونەوە کردووە دووچاری کێشەی چەک، تەقەمەنی و خۆراک بوونەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو سەربازانەی لە ئەرمینیاوە هێنراون شەڕکردنیان رەتکردووەتەوە و هەڵاتوون، کۆنترۆڵی بەرەکانی جەنگ لەژێر دەستی سوپای ئازەربایجاندایە.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان لە راگەیەندراوێکی دیکەیدا باسی لەوە کرد کە سوپای ئەرمینیا لە کاتەکانی بەیانیەوە بۆردومانی شاری تەرتەر کردووە.
ئەو ئاگربەستە کاتییەی ئەمریکا بەمەبەستی مرۆیی لە قەرەباغ رایگەیاند کە ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەری رێککەوتوون لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ٢٦ی تشرینی یەکەم، چووبووە بواری جێبەجێکردنەوە.