سەرکۆمار ئەردۆغان: "سەرکەوتنی قەرەباغ خاڵێکی وەرچەرخانە بە ئاراستەی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەی قەوقازدا"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "سەرکەوتنی قەرەباغ تەنیا کۆتاییهێنان نەبوو بە نادادپەروەری، بەڵکو دەرگای نوێی لە ناوچەکەماندا کردەوە. هاوسەنگی لە جیۆپۆلێتیکی ئاسیا و ئەورووپاش گۆڕی".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، سەرکەوتنی قەرەباغ تەنیا کۆتاییهێنان نەبوو بە نادادپەروەری، بەڵکو دەرگای نوێی لە ناوچەکەدا کردووەتەوە و هاوسەنگی لە جیۆپۆلێتیکی ئاسیا و ئەورووپاش گۆڕیوە.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە ڕێوڕەسمێکدا کرد کە بە بۆنەی ٨ی تشرینی دووەم، ڕۆژی سەرکەوتن لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان ساز کرابوو.
لە میانی رێوڕەسمەکەدا، سەرکۆماری تورکیا بە بۆنەی پێنجەمین ساڵی سەرکەوتنی سوپای ئازەربایجان لە جەنگی دووهەمی قەرەباغ کە بە ڕۆژی سەرکەوتن ناسراوە، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان لەسەرەتادا وێڕای دەربڕینی ئاواتی سەرکەوتن بۆ ئازەربایجان و سوپاکەی، ڕایگەیاند: "هەر هەنگاوێک کە سوپای ئازەربایجان لە قەرەباغ ناوێتی و هەر دڵۆپە خوێنێک کە بۆ سەربەخۆیی و سەربەرزی داوێتی، بە وشەی زێڕین لە مێژووی جیهانی تورک'دا دەنووسرێتەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "بە لێهاتوویی براکەم ئیلهام (عەلێڤف)، سوپای ئازەربایجان قەرەباغی لە دەست داگیرکاری ڕزگار کرد و ئاگرێکی ٣٠ ساڵەی لە دڵی هەمووان کوژاندەوە".
ڕاشیگەیاند: "سەرکەوتنی قەرەباغ تەنیا کۆتاییهێنان نەبوو بە نادادپەروەری، بەڵکو دەرگای نوێی لە ناوچەکەماندا کردەوە. هاوسەنگی لە جیۆپۆلێتیکی ئاسیا و ئەورووپاش گۆڕی".
سەرکۆمار ئەردۆغان دەربارەی سەرکەوتنی سوپای ئازەربایجان لە قەرەباغ گوتیشی: "ئەو سەرکەوتنە وەک کۆتایی پێهێنانی پرۆسەیەک نابینین بەڵکو بە خاڵێکی وەرچەرخان بە ئاراستەی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەی قەوقازدا دەیبینین. ئەو سەرکەوتنە شکۆدارە دەبێتە هۆی ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی کە بە ڕوانگەیەکی بونیادنەرانەی هەردوو سەرکردە ئاشتی بەهێز دەکات. ئەوەی پێویستیشە تورکیا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی".
لە کۆتاییدا سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "بە پڕۆژەی هێڵی باکۆ-تفلیس، بۆڕی نەوتی جیهان، شاھدەنێز، تاناب و لەسەرووی هەموویانەوە ئازەری–چیراک–گونەشلی هاوکارییەکانمان گەیاندە لووتکە و ئێستا بە هێڵی گازی ئیغدیر–نەخجوان هاوپەیمانییەکەمان بەهێزتر کرد".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
