ئەو منداڵانەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/سەدەگە لە سووریا بە زۆر چەکداری کردبوون چیرۆکی خۆیان گێڕایەوە
Ankara
حەسەکە - AA
دوو منداڵی سووری کە یەپەگە/سەدەگە بە زۆر کردبوونیە چەکدار و دوای ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا ئازاد بوون، ئاماژەیان بەوە کرد لەناو کەمپەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەدا ژمارەیەکی زۆر منداڵی دیکەی وەک ئەوان هەن کە بە زۆر چەکدار کراون.
ئەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای سووریا بۆ سەر یەپەگە/سەدەگە ئەنجامی دا، سەرلەنوێ پرسی ئەو منداڵانەی هێنایەوە بەر باس کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە بە زۆر چەکداری کردوون.
ئەو دیمەنانەی ڕێکخراوەکە لە بارەی ئەو کەسانە بڵاوی کردوونەتەوە کە لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ هێزەکانی سووریا کوژراون، دەریخست ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/سەدەگە ژمارەیەکی زۆر منداڵی چەکدار کردووە.
بەکر فەیز بەلەش و حوسام ئیبراهیم جاسم، دوو منداڵی سوورین و لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەوە بە زۆر چەکدار کرابوون، چیرۆکی خۆیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گێڕایەوە.
بەکر تەمەنی ١٦ ساڵ و حوسام-یش ١٧ ساڵە. هەردوو منداڵەکە بە ڕەچەڵەک عەرەبن و، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا کاتێک ویستوویانە بە قاچاخ بپەڕنەوە بۆ تورکیا بۆ کارکردن، لە شاری عەین ئەلعەرەب لە باکووری سووریا لەلایەن ڕێکخراوەکەوە دەستگیرکراون و، دواتر بە زۆر کراون بە چەکدار.
حوسام کە خەڵکی منبجە، باسی لەوە کرد لە کاتی پەڕینەوە بۆ تورکیا لە عەین ئەلعەرەب دەستگیرکراون و، پاشان بە زۆر براون بۆ حەسەکە بۆ مەشق و ڕاهێنانی سەربازی، ئەوەیشی خستەڕوو کە زۆربەی هاوڕێکانی لەو کەمپەدا منداڵانی تەمەن ١٥ بۆ ١٧ ساڵ بوون.
حوسام باسی لەوەیش کرد کە لە ناو کەمپەکەدا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینەوە ئەشکەنجە دراون و، لە بارودۆخێکی خراپ و سەرمادا ڕاگیراون.
هەروەها حوسام ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی ئەوانەی لەگەڵی بوون منداڵی تەمەن خوار ١٨ ساڵ بوون و، دوای ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای سووریا توانیویانە ڕزگاریان بێت و خۆیان ڕادەستی سوپا بکەن.
بەکری تەمەن ١٦ ساڵ، باسی لەوە کرد لە عەین ئەلعەرەب دەستگیرکراوە و بە زۆر نێردراوە بۆ کەمپەکانی ڕەققە و حەسەن دەروێش و، گوتی: ''لە بارودۆخێکی برسێتیدا ڕاگیراین و هەر کاتێکیش ویستبێتمان ڕابکەین بە کوشتن هەڕەشەیان لێدەکردین، تا دواجار پاش ئۆپەراسیۆنەکەی سوپا ڕزگارمان بوو".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
