
Arbil
هەولێر - AA
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل و باڵێوزی ئەمریکا لە عێراق، ماسیۆ تۆلەر و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆب والەر و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژکارانی باڵای سەربازیی سوپای ئەمریکا، لە بارەگای میرەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمریکا، لە رێگەی راوێژکارانی باڵای سەربازی ئەو وڵاتە لە ھەرێم، بە بەھای ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، کۆمەک و ھاوکاری سەربازی پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئەمڕۆ بەشێک لەو ھاوکاریە رادەستی لیواکانی ١٤ و ١٦ ی پیادەی وەزارەت کرا.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، بەر لە دەستپێکردنی رێوڕەسمی راگەیاندنی ئەو کۆمەک و ھاوکارییە سەربازییانە لە کۆبوونەوەیەکدا، وەزارەتی پێشمەرگە و شاندی ئەمریکا دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پرسی راوەدوونانی تیرۆریستانیان تاوتوێکرد. ھەروھا پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، دوای کۆبوونەوەکە، ھەردوولا بەشێوەیەکی مەیدانی کۆگاو کەلوپەلە سەربازییەکانی کە لایەن سوپای ئەمریکاوە پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە کرابوو، بەسەرکرایەوە.
دواترھەریەک لە وەزیری پێشمەرگە و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
لە دەستپێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند: "خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەشدارم لەم مەراسیمە، کە دووپاتکردنەوەی بەڵێن و پەیمانی بەردەوامیدانە بەدۆستایەتی و پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی ئەمریکا".
شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی: "لە دەستپێکی شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش، سوپای ئەمریکا ھاوشانی ھێزی پێشمەرگە و وڵاتانی ھاوپەیمانان رۆڵی گەورە و کاریگەری ھەبوە لە تێکشکان و راوەدوونانی تیرۆریستان لە تەواوی ناوچەکەدا، ئێمە بە بایەخەوە لە ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانی ئەمریکا دەڕوانین و دۆستایەتیمان پەرەدانی زیاترە بە پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئارامی و ئاسایشی ھەرێم و ناوچەکە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد کە "ھێزی پێشمەرگە، سەرباری دۆخی ئابووری ھەرێم و پەتای جیھانی کۆرۆنا و سەختی باری داراییمان، بەڵام ھەمیشە سازو ئامادەیە بۆ پاراستنی خاک و ئاشتی و ئارامی ناوچەکە. دوێنێ لەبری جیھان بەھاوکاری دۆستەکانمان لە وڵاتانی ھاوپەیمانان، شەڕی دڕەندەترین تیرۆریستانمان کرد، ئەمڕۆش دەبینین لێرەو لەوێ داعش دەستی بەچالاکی و جوڵەو کردەوەی ترسنۆکانەی تیرۆریستی کردووەتەوە، ئەمەش وا پێویست دەکات ھاوکاری و یارمەتییەکان بۆ ھێزی پیشمەرگە زیاتر و زیاتر بکرێت، تا بنبڕکردن و لەناوبردنی تەواوەتی ئەو تیرۆریستانە کە تائێستاش مەترسی جدییان ماوە. لەوبارەیەشەوە لە ماوەی رابردوودا ھۆشداری ئەوەمان داوە".
وەزیری پێشمەرگە روونیشی کردەوە، کە ھاوکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ھاوپەیمان پەیوەستە بە پرسی خۆڕێکخستنەوەی زیاتری ھێزەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی تەواوەتی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و لەمبارەیەوە رایگەیاند: "کاروانی خۆڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامی ھەیە و ھەنگاو بەھەنگاو پێشەوەچوونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاسای چاکسازی وەزارەت لە ماوەی رابردوودا، پرۆسەی یەکخستنەوەکەی خێراتر و کاریگەرتر کردووە، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵی ھەمووانە و بەردەوامیش دەبین".
گوتیشی: "پرسی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، پرۆسەیەکی حەتمیە و بەردەوامی ھەیە، ئەگەرچی لەمپەر و ئاستەنگەکان زۆریش بن، بەڵام ئیرادەی سەرکەوتن و جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە بەھێزترە و، لە جێبەجێکردنیشی ناوەستین. ھەنگاوی باش و جیددی نراوە و بەشێک لەو پرۆسەیە بەباشی جێبەجێکراوە، کە ئامانج لێی دروستکردنی ھێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی سەربەخۆیە".
شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند، "ھاوکارییە سەربازی و لۆجیستەکانی سوپای ئەمریکا، یەکەمجار نییە و ئەمڕۆش بە تەشکیلاتی نوێ و پڕچەککردن و کۆمەککردنی لیواکانی ١٤ و ١٦ی پیادەی پێشمەرگە پێدەنێینە قۆناغێکی گەشەسەندوتر لە دامەزراوەییکردنی زیاتری ھێزی پێشمەرگەی کورستان. بۆیە لێرەوە بەدەرفەتی دەزانم، سوپاس و ستایشی گەلی کورد و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گەل و حکوومەتی ئەمریکا رابگەینم، لە ھاوکارییە بەردەوامەکانی سوپای ئەمریکا بۆ ھێزی پێشمەرگە، کە جیا لە کۆمەک و ھاوکاریە سەربازییەکان، لەڕووی مەشق و راھێنانەکانیشەوە، لەرێگەی راوێژکارانی سەربازی سوپای ئەمریکا، رۆڵی گەورە و بەرچاویان بینیوە لە بەرزکردنەوەی توانستی سەربازی ھێزەکانی پێشمەرگە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل ئاشکرای کرد، لە ئێستادا دڵنیایی زیاتر لەنێوان ھەردوولا ھەیە و ئێمە چەندینجار دەستپێشخەریمان کردووە لە گەیشتن بەرێککەوتنی کۆتایی، کە دەرئەنجامەکەی بە قازانجی سەقامگیری ئەو ناوچانە تەواودەبێت، کە بۆشایی ئەمنی تێدایە و لێرەو لەوێ تیرۆریستان دەرفەت وەردەگرن وخەڵکی بێ تاوان دەکەنە ئامانج. گوتیشی: "ئێستا پەیوەندیی و گفتوگۆکان بەردەوامی ھەیەو خوازیارین زەمینەسازی زیاتر لەو بارەیەوە بکرێت و لەکاتێکی زوودا بگەینە رێککەوتن".
دواتر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماسیۆ تۆلەر رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەو کەلوپەلانەی کە پێشکەشمان کردووە تەنھا بەشێکە لەو کەلوپەل و ئامێری چاککردنەوە و ئۆتۆمبێلە سەربازیانەی، کە ویلاییەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەھای ٢٥٠ ملیۆن دۆلار پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەی دەکات، ئەمە جیا لە تیمێکی ئامادەکراو بۆ راھێنان و مەشقپێدانی ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر ئەو کەل و پەلانە، کە جێگای دڵخۆشی ئێمەیە".
ماسیۆ تۆلەر راشیگەیاند: "ئەو کۆمەک و ھاوکارییە پابەندی ئێمە بۆ خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە لە پاراستنی خاک و سەقامگیری ناوچەکە و ھێنانەکایەی ئاسایش و ئارامی".
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رووی قسەکانی کردە وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان و گوتی: "بە درێژایی کەمپینی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە ئازاکانی ئێوە قوربانی و شەھیدی زۆریان داوە، ئێمە وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێزانینمان ھەیە بۆ قوربانییەکان و رۆڵی ئێوە سەلامەتی و ئاسایشی ناوچەکە پارێزراوتر دەکات و رۆڵەکەتان بەرزدەنرخێنین".
ماسیۆ تۆلەر راشیگەیاند: "شەرەفمەندین ئەمڕۆ کە بەردەوامین لە پاڵپشتی و ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئایدۆلۆژیای خراپ و تیرۆریستان و پاراستنی سەقامگیری ھەرێم و ناوچەکە".
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماسیۆ تۆلەر سوپاسی وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان کرد لە روونکردنەوە و بەرچاوروونی کردنی لەھەمبەر پرسی چاکسازی پێشمەرگە و رایگەیاند، "یارمەتییەکانی ئێمە لەرووی جێبەجێکردن و سەرکەوتنی چاکسازی بەردەوامی دەبێت، چونکە تاوەکو وەزارەتی پێشمەرگە بەھێز بێت، عێراق بەھێزتردەبێت".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن