وەزارەتی بەرگریی تورکیا: ''لە میانی هەفتەی ڕابردوودا حەوت تیرۆریستیی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووەتەوە''
Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، حەوت تیرۆریستیی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووەتەوە.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی وەزارەتەکەدا، ڕاوێژکاری پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا و گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەدمیرال زەکی ئاکتورک بۆ ڕۆژنامەنووسان دوا.
ئاکتورک باسی لەوە کرد کە سوپای تورکیا، بێوچان بەردەوامە لە ئەرک و چالاکییەکانی لە پێناو مانەوەی دەوڵەت و دەستەبەرکردنی ئارامیی گەل و، ڕایگەیاند: "لە هەفتەی ڕابردوودا، حەوت تیرۆریستیی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەستکردەوە، کارەکانی گەڕان و پشکنین لە ئەشکەوت، پەناگە و حەشارگەکان و هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە ناو سنوورەکانمان و دەرەوەی سنوورەکان بەردەوامە".
سەبارەت بە هەڵمەتەکانی لەناوبردنی تونێل لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی سووریا، ئاکتورک ڕایگەیاند: "هەڵمەتەکانی لەناوبردنی تونێل لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی سووریا درێژەی هەیە و سێ کیلۆمەتر تونێلی دیکە لەناوبرا، بەوەیش تا ئێستا کۆی درێژیی تونێلە لەناوبراوەکان لە ناوچەکانی تەل ڕەفعەت و منبج گەیشتووەتە ٧٢٣ کیلۆمەتر".
هەروەها ئاکتورک جەختی لەسەر بەردەوامی چالاکییەکانی پاراستنی سنوور کردەوە و، ڕایگەیاند: "٢٤٩ کەس کە یەکێکیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستییە دەستگیرکراون. لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو کەسانەی هەوڵیانداوە بە ڕێگای نایاسایی سنوور ببەزێنن و دەستگیرکراون، گەیشتووەتە هەشت هەزار و ٧٩٤ کەس".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
