Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ڕایگەیاند: "حکوومەتی عێراق لە دۆخێکدایە ڕێگە دەدات خاکەکەی لەلایەن هێزێکی چەکداری دیکەوە داگیر بکرێت. ئەمە وەک هەڕەشەیەکی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ سەر خۆی نابینێت".
لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵی (CNN Türk)دا، فیدان وەڵامی پرسیارەکانی ئەحمەد هاکان-ی دایەوە.
لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی سیاسەت و گوتارەکانی سەبارەت بە سووریا دەکرێن، فیدان گوتی: "ئێمە هەر کاتێک ڕەخنە لە یەپەگە دەگرین و باس لەو شوێنانە دەکەین کە داگیری کردوون، ئەوان دەڵێن'ئەمە هەڵمەتێکە دژی دەستکەوتەکانی کورد".
فیدان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە عەقڵییەتی ڕێکخراوەیی یەپەگە ئایدۆلۆژیایەکە وای کردووە کوردان لەو ناوچانەی لێین پەیوەندیی دوژمنکارانە لەگەڵ دراوسێکانیان پەرەپێبدەن، ئاستی خۆشگوزەرانییان ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر بێتەوە و لەبری ئەوەی ببنە بەشێک لە زۆرینەی ناوچەکە، ببنە کەمینە، ڕێکخراوەکە دەیەوێت ناوچەیەکی بچووکیش بێت بەڕێوەی ببات.
هەروەها فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر دەرفەت و جێگرەوە بۆ گەلی کورد بڕەخسێنرێت، وەک ئەوەی لە تورکیا هەیە بە شێوازێکی دیکە سەیری دۆخەکە دەکەن و، گوتی: "کاتێک ئەمە دەڵێیت، ئەو کەسانەی خاوەنی ئەم بۆچوونەن و ئەو عەقڵییەتەی یەپەگە و ڕێکخراوەکە لەگەڵ کورد وەک یەک دەبینێت، دەڵێن ئەوە خەریکی دژایەتی دەستکەوتی کوردانن. لە کاتێکدا ئێمە دەبینین تۆ ئەو شوێنانەت داگیر کردووە کە خەڵکی لێیە، وەک دێرازۆر و ڕەققە. ئێمە لێرە ساڵانێکی زۆرە پەیوەندیمان لەگەڵ هۆزەکان هەیە. دەبینین کام کاراکتەرە چی دەکات و کەی ڕوودەدات".
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە تەنیا بۆ جێبەجێ کردنی هەندێک سیاسەت لە بەرژەوەندی ڕێکخراوەکەدا، پێویست ناکات کوردەکان بکرێنە ئامانجی ڕق و کینە لە ناوچەکەدا، هاوکات ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە سکاڵاکردنی گەلانی ناوچەکە لای وڵاتانی دیکە و بانگهێشت کردنی وڵاتانی وەک ئیسرائیل و فەڕەنسا بۆ ناوچەکە.
گوتیشی: "ئێوە گەلی ناوچەکەن. هەمووان چۆن گفتوگۆ دەکەن، ئێوەش وەرن لەگەڵ کاراکتەرەکان گفتوگۆ بکەن. وەرن لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بکەن، لەگەڵ ئەم و ئەو گفتوگۆ مەکەن، بەڵام ئێوە بە مەرجی پێشوەختەوە دێن''. ئەوەیشی خستەڕوو کە دەیبینن ئەم شێوازە بە چی کۆتایی دێت.
"ئەم کارە لایەنێکی عێراقیشی هەیە. دوای لایەنی سووریا، لایەنی عێراق دێت. پشتیوان بە خودا عێراق وانە لەوەی ئێرە وەردەگرێت و بڕیارێکی ژیرانەتر دەدەن و گواستنەوە لەوێ ئاسانتر دەبێت." فیدان وای گوت و، ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە عێراق دەبێتە کێشەیەکی گەورە.
فیدان بە پێویستی زانی حکوومەتی عێراق ئیرادەیەک بەرامبەر پەکەکە پێشان بدات و گوتی: ''ناکرێت و نابێت ئەو پێکهاتەیەی شنگال لەوێ بمێنێتەوە".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا عێراق دەگاتە ئەو خاڵەی بڵێت من دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییم و نابێت هیچ ڕێکخراوێکی چەکدار لە ناو خاکەکەمدا هەبێت؟" فیدان گوتی: "بەڵێ. خاوەنداری کردنی حکوومەتی عێراق بۆ کێشەی پەکەکە، لەسەر ئاستی گوتار، مێژووەکەی بۆ پێنج ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە".
فیدان ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ هاتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، حکوومەت بۆ یەکەمجار دەستی بە باسکرنی ئەم بابەتە کردووە و، گوتی:
"لە سەردەمی بەڕێز سوودانی و ئەو کۆبوونەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کە ئەو کاتە کرا، پەکەکە زیاتر کەوتە ناو چەقی باسی بەغدا. بۆچوونی ئێمە هەمیشە هەر ئەوە بووە: پەکەکە ڕێکخراوێکە دژی تورکیا دامەزراوە، بەڵام لە ناو تورکیادا هیچ ناوچەیەکی نییە داگیری کردبێت یان بتوانێت داگیری بکات. بەڵام لە بەرامبەردا لە عێراق و سووریا پارچە زەوییەکی زۆر فراوان داگیر دەکات. کێشەکە لەوەی کێشەی من بێت، زیاتر بووەتە کێشەی تۆ. تۆ چۆن دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریت کە بەم شێوەیە ڕێگە بە بوونی ئەمە دەدەیت؟"
هاکان فیدان ڕایگەیاند عێراق هێزی بەسەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەدا دەشکێت و، گوتی: "دەزانین هۆکاری حەواندنەوەی ئەم پێکهاتەیە لەو وڵاتە چییە".
فیدان ئاماژەی بەوەیش کرد کە دەوروبەری شنگال لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە دەورەدراوە و نزیکەی بیست کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز کردووە و، گوتی: "کاتێک حەشدی شەعبی لە وشکانییەوە پێشڕەوی بکات و ئێمەش لە ئاسمانەوە ئۆپەراسیۆن بکەین، کارەکە دوو بۆ سێ ڕۆژ دەخایەنێت. کاتێکی زۆری ناوێت. ئەوەندە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سادەیە".
گوتیشی: "حکوومەتی عێراق لە دۆخێکدایە ڕێگە دەدات خاکەکەی لەلایەن هێزێکی چەکداری دیکەوە داگیر بکرێت. ئەمە وەک هەڕەشەیەکی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ سەر خۆی نابینێت. کێ وەک هەڕەشەی ئاسایشی نیشتمانی دەبینێت؟ نایزانم. ٦-٧ ساڵ لەمەوبەر دژی تورکیا بوو، ئێستا لە کرداردا شتێکی وا نییە، لە ناو وڵاتەکەدا هاوسەنگیی دیکە هەیە".
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری بوونی نووری مالیکی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، فیدان ڕایگەیاند: "سیاسەتی فەڕمی ئێمە هیچ کاتێک بەو شێوەیە نییە کە سەرۆکوەزیرانێک بە هەڵبژاردن و لە ڕێگەی پەرلەمانەوە هاتبێت، پەسەندی نەکەین. هەرکەسێک بێت، ئێمە لەوێ کار دەکەین".
فیدان باسی لەوەیش کرد لە مەخموور بە گشتی ئۆرگانە مەدەنییەکانی ڕێکخراوەکە، لە شنگال هێزە سەربازییەکان و لە قەندیل فەرماندەیی و کۆنترۆڵ هەن و، گوتی "لە بلۆکی گارا لەو دیوی ئەو ناوچەیەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ دەیگرێتەوە، جێگیربوونی ڕێکخراوەکە هەیە".
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەم ناوچانە هەندێک گۆڕانکاری ڕوو دەدەن.
سەبارەت بە گۆڕینی ڕژێم لە ئێران لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی، فیدان ڕایگەیاند: "بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی بۆ سەر ئێران ڕژێم ناگۆڕدرێت. ئەو خەیاڵێکی پووچە. کێشە لەگەڵ ڕژێمەکە نییە، کێشە لەگەڵ بڕیار و سیاسەتەکانی ڕژێمەکە هەیە. لە ڕژێمی ئێران ڕژێمی زۆر سەختتریش هەیە. ئێرانییەکان بۆمبی ئەتۆمیان نییە و هیچ بەڵگەیەکیش بۆ هەوڵدان بۆ ئەم مەبەستە نییە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا دەستپڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکی هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا؟ فیدان ڕایگەیاند: "بە ئاشکرا دەڵێم کە ئێمە نامانەوێ کە شایەتی گۆڕانکارییەکی بەرچاو بین کە هاوسەنگی ناوچەکە تێک بدات، تێکچوونی ئەو هاوسەنگییە خەسارێکی جددی لە هاوکارییەکانی ناوچەکە دەدات. ئەوە هانی هەندێک وڵاتی دیکە دەدات کە کێشەی جیاوازیان هەیە، شیکردنەوەی جیاوازی بۆ بکەن بە ئاراستەی هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی بچن. ئەوەش بمانەوێ و نەمانەوێ، تورکیا هان دەدات کە بە هەمان ئاراستەدا بڕوات".
گوتیشی: ''لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، لە ئێستادا لایەنی کەم هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگێکی لەناکاو نییە - (ئەگەری ڕێککەوتن) گەریمانەی ڕێککەوتنێک هەیە، دەرگا بۆ ئەوە کراوەیە".
سەبارەت بەوەی کە ئایا لایەنەکان کات دەکوژن یان دانوستانێکە لە ناخەوە دەکرێت؟ فیدان گوتی: ''هەردووکیان هەیە، ئەو پێویستییەکی ستراتیجیە. کاتێک چوویتە ناو ئەم جۆرە دانوستانانە، ئامادەکاری بۆ سیناریۆکانی دیکەش دەکرێت. ئێران ئەزموونێکی لەو شێوەیەی دیکەی هەیە کە کاتێک سەرقاڵی دانوستان بوو، هێرشی کرایە سەر".
دەربارەی ئەوەی لە کاتی دوایین هێرشدا کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆبیۆ پەیوەندی پێوە کردووە، فیدان گوتی: "گوتی بە ئێرانییەکان بڵێ، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەموو شتێک دەبێت".
ڕاشیگەیاند: "ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، لایەنەکان ئیرادەیەکیان هەبێت بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان. دەستپێکردنی لە پرسی ئەتۆمییەور بڕیارێکی گرنگ بوو. پرسی ئەتۆمی گرنگترین پرسە. ناوچەکە توانای هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەی نییە. بە هەموو توانایەک هەوڵ دەدەین بۆ ڕێگریی لە هەڵگیرسانی جەنگ".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
