هاکان فیدان: "دەمانەوێت کوردەکان لە سووریا ماف و شوناسیان پارێزراو بێت و لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا بگەن بە ڕێککەوتن"
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان: "(لە سووریا) جووڵەی هەندێک گرووپمان لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بینی و ناچاربووین هۆشداری و ئاگاداری خۆمان بدەین".

Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لەبارەی پێکدادانی نێوان دوورزییەکان و هەروەها هۆزە بەدەوییەکان لە سووریا و "مەترسی دابەشبوونی" ئەو وڵاتە هۆشداری دا و ڕایگەیاند، "ئێمە جووڵەی هەندێک گرووپمان لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بینی کە دۆخەکەیان دەقۆزتەوە. کۆمەڵێک بەیاننامە و ڕاگەیاندراو. ناچاربووین وەک تورکیا هۆشداری و ئاگاداری خۆمان بدەین، چونکە خواستی ئێمە یەکێتیی و یەکگرتوویی وڵاتەکەیە".
فیدان لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی NTVی وڵاتەکەی لەبارەی پرسەکانی ڕۆژەڤەوە قسەی کرد.
هاکان فیدان لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە سووریا و هەڵوێستی تورکیا، جەختی لە گرنگی سووریا بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا کردەوە و ئاماژەی بە یەکێتی، ئاسایش و ئارامی وڵاتانی دراوسێ و کاریگەرییان لەسەر تورکیا کردەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی سەرەکی تورکیا گەرەنتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئارامییە لە ناوچەکەدا و ڕاشیگەیاند کە دۆخێک لە سووریا بە پشتیوانی تورکیا، وڵاتانی ناوچەکە، یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا هاتووەتە ئاراوە.
هاکان فیدان ئاماژەی بەوەش دا کە حکوومەتی نوێی سووریا دیدێکی ئەرێنی هەبوو بۆ ئەو دۆخە، گوتی: "هەموو کاتێک شایەتی ئەوە بوون کە هەندێک لایەن دۆخی دووبەرەکی، ناسەقامگیری و نەبوونی هێز لە سووریا دەقۆزنەوە و دەیانەوێت سووریا لە نائومێدی و بێ دەسەڵاتیدا بهێڵنەوە. کاتێک بینیان کە بە دیپلۆماسی ئێمە و هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەیانتوانی ئەو ئامانجانەیان بپێکن، ئێستا دەستیان داوەتە جێبەجێکردنی سیناریۆی دیکە".
فیدان وێڕای ئاماژەدان بە قسەیەکی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو کە گوتبووی، ڕوانگەیەکی ئەرێنی بەرامبەر بە سەقامگیری سووریادا نییە، ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەدوای ئامانجێکی لەو چەشنە دایە.
- وەک تورکیا ناچار بووین کە هۆشدار بدەین
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە پێکدادانی نێوان دوورزییەکان و هۆزە بەدەوییەکان سووریا دا و بە هەڵە ناوی هێنان و داوای کرد کە بەرپرسانی ڕووداوەکان سزا بدرێن و گوتی: "ئێمە جووڵەی هەندێک گرووپمان لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بینی کە دۆخەکەیان دەقۆزتەوە. کۆمەڵێک بەیاننامە و ڕاگەیاندراو. ناچاربووین وەک تورکیا هۆشداری و ئاگاداری خۆمان بدەین، چونکە خواستی ئێمە یەکێتیی و یەکگرتوویی وڵاتەکەیە. وەک چۆن بۆ پاراستنی یەکێتی و یەکگرتوویی وڵات نابێ شوناسەکانی ئەتنیکی و مەزهەبی لەناو ببرێن، بە هەمان شێوازیش ئاگرتێبەردانی هەموو وڵاتیش بە ناوی ئەوەی کە شوناسەکانی ئەتنیکی و مەزهەبی هەستێکی خۆشیان هەبێت، هەڵەیە. ئێمە پێویستە ئەو هاوسەنگییە بدۆزینەوە و لەسەر بنەمای ئەو هاوکێشەیە بچینە پێشەوە".
هاکان فیدان ڕاشیگەیاند، تورکیا و زۆر وڵات لەسەر ئەو بڕوایەن کە پێویستە حکوومەتی ناوەندی ڕێز لە شوناس و مافی دەسەڵاتە خۆجێییەکان بگرێت و گوتیشی: "بەڵام هیچ کەس مافی ئەوە نییە کە چەک بە دەستەوە بگرێت و دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بە کار بهێنێت. دەوڵەتیش تەنیا بە هۆکاری ئەوەیکە دەوڵەتە و چەکی هەیە، بۆی نییە کە ئەم گرووپانە لەناو ببات".
- خواستمان ئەوەیە کە (پەکەکە-یەپەگە) ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئادار جێبەجێ بکات
هاکان فیدان جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە گوتبووی، "ئەگەر ئێوە لە ڕێگەی توندتیژی پەرە بە ناسەقامگیری و دابەشبوون(ی سووریا) دەدەن، ئێمەش ئەوە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر وڵاتەکەمانی دەزانین و دەستوەردان دەکەین"، لەم بارەیەوە گوتیشی: "پەیوەندی بە ناوەڕۆکی هەڕەشەکە هەیە، بۆ نموونە یەپەگە چەکی بە دەستە، خۆشی هەڵنەوەشاندووەتەوە. چاومان لەوەیە کە ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئادار جێبەجێ بکات. ئێمە دەمانەوێ ئەم بابەتە لە چوارچێوەی کەشێکی ئەرێنی بچێتە پێشەوە. ئێمە دەمانەوێ ئەوانیش لەو کەشە ئەرێنییەدا بەرەو سووریای نوێدا هەنگاو بنێن، ئەو شوێنەی کە هەموو لایەک بە بێ خوێنڕشتن و ئازار هەست بە یەکسانی بکەن و کوردەکان شوناس، ماف و یاساکانی خۆیان بپارێزن و موڵک و ماڵ و مافی کولتووری و هاووڵاتیبوونیان پارێزراو بێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان بانگەوازی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە کرد و گوتی، "گرنگە هەسەدە بە بێ ئەوەی کات بکووژن، خۆبەخشانە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا بگەن بە ڕێککەوتن و هەنگاوێکی ڕاستەقینە و هەمیشەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بنێن. ئەگەر ئەوان بە دوای گەرەنتییەکدا هەن، پێویستە وڵاتانێک وەک تورکیا لەبارەی مافە بنەڕەتییەکانیاندا، ئازادییەکان و ئاسایش گیان و ماڵیان، بە شایەت وەربگیرێت، بە پێچەوانەوە درێژەدان بەو بوونی ئەو گرووپە چەکدارانە لە وڵاتەکەدا بە بیانووی جۆراوجۆر، قبوڵکراو نییە".
هاکان فیدان قسەکانی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا تۆماس باراک لەبارەی پەکەکە/یەپەگەی وەبیر هێنایەوە کە گوتبووی، ئەوان بەڵێنی پێکهێنانی دەوڵەتیان پێ نەداون بەڵکو هانیان دەدەن کە تێکەڵ بە حکوومەتی ناوەندی بن" و ئەوەی بە "بەیانێکی بەجێ" لەقەڵەم دا و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان لە نزیکەوە دۆخەکە هەڵدەسەنگێنن و ڕەواییش دەدەن بە حکوومەتی ناوەندی و پشتیوانی لێ دەکەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان گوتیشی، ئەوان چاوەڕوانی ئەوەن کە کاتێک لە سووریا دۆخێک هاتە ئاراوە حکوومەتی ناوەندی دەستوەردان بکات و لە کاتی پێویستیشدا تورکیاش پشتیوانی بدات و گوتی: "لە کۆتاییدا ئێمە بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین. چونکە نامانەوێ سیناریۆی پەکەکە لە عێراق و سووریا دووبارە بێتەوە و گەلی وڵاتەکەمان ئەو دۆخە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵی داهاتوو، هاوشێوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو، دووبارە تاقی بکاتەوە".