توركيا, جيهان

تورکیا: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەبن تا ئەو کاتەی کەشوھەوای ئەرێنی لە عێراقدا بەردەوام بێت"

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان: " ھیوادارین حکوومەتی داھاتووی عێراق بەژیری و لێھاتووییەوە سەرکردایەتی وڵات بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکاندا، ھەروەھا ھاوکاری دامەزراوەیی لەگەڵ تورکیادا، بەھێز بکات".

Haydar Karaalp, Zahir Sofuoğlu  | 09.02.2026 - نوێکردنەوە : 10.02.2026
تورکیا: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەبن تا ئەو کاتەی کەشوھەوای ئەرێنی لە عێراقدا بەردەوام بێت"

Baghdad

بەغدا ــ AA

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەڕون، ھەروەھا پەیوەندییەکانی بازرگانی، ئابووریی و وەبەرھێنانی نێوان تورکیا و عێراق پتەوتر دەبن و زیاتر پەرەپێدەدرێن تا ئەو کاتەی کەشوھەوای ئەرێنی لە عێراقدا بەردەوام دەبێت.

ئانڵ بۆرا ئینان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ھەڵسەنگاندنی بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، ھەروەھا ھاریکارییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق کرد.

سەرەتا باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان ئاماژەی بە سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە لە ١١ی مانگی تشرینی ٢٠٢٥ ئەنجامدرا و گوتی: "ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پێشکەوتنێکی ئەرێنییە بۆ دیموکراسی، ھەروەھا لەئێستادا ھەوڵەکان لە عێراق بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بەردەوامن لە کاتیکدا کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردراوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند مانگی داھاتوودا دوای ھەڵبژاردنی سەرکۆمار، حکوومەتی نوێی عێراق پێکبھێندرێت".

باسی لەوەشکرد کە لەئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو سەقامگیری و ئاسایشی عێراق باش بووە و ڕایگەیاند کە ئێستا عێراق گرنگی بە گەشەپێدان و ھاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوەی دەدات و گوتی: "لە دوو خولی ڕابردووی حکوومەتی عێراقدا، بەرنامەیەکی حوکمڕانی شەفافتر و بەرپرسیار، ھەروەھا بۆ بەھێزکردنی چوارچێوەی دامەزراوەیی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا دانراوە".

ھەروەھا ئانڵ بۆرا ئینان ئاماژەی بە گرنگی ئەو سەردانە کرد کە سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ عێراق ئەنجامیدا و لە میانیدا ژمارەیەک ڕێککەوتننامەی گرنگ لەنێوان ھەردوو وڵات واژووکراون و ڕایگەیاند کە دوای سەردانەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەردانی تورکیای کرد کە لە میانیدا بەھەمان شێوە، ژمارەیەک ڕێککەوتننامەی گرنگ لەنێوان ھەردوو وڵات واژووکراون.

گوتیشی ھیوادارین حکوومەتی داھاتووی عێراق بەژیری و لێھاتووییەوە سەرکردایەتی وڵات بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکاندا، ھەروەھا ھاوکاری دامەزراوەیی لەگەڵ تورکیادا، بەھێز بکات و لەبەرامبەردا ئێمەش بەردەوام دەبین لە کارکردن لەم ئاراستەیە و ئەم دیدگایە خۆمان بە دەسەڵاتدارانی عێراقی دەگەیەنین".

جەختی لەوەش کردەوە کە "ڕێگای گەشەپێدان" بە پرۆژەیەکی گرنگ و درێژخایەن دادەنرێت و تورکیا ھاوبەشێکی گرنکە لەو پرۆژەیەدا، بەھۆی ئەوەی پڕۆژەکە بەناو خاکەکانیدا تێپەڕدەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا بە پِشتوانیکردنی لە پڕۆژەی"ڕێگای گەشەپێدان"، دیدێکی ڕوونی خۆی بۆ داھاتووی عێراق خستووەتەڕوو.

ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی پرسەکانی پەیوەستدار بە ئاو و گۆڕانی ئاووھەوار تاوتوێ کردووە و گوتی: "ئێمە بەیەکەوە لێکۆڵینەوە دەکەین لەبەر ڕۆشنایی ئەو چوارچێوە ڕێککەوتننامەی کە واژوومان کردووە لە بواری ئاو و میکانیزمی تەمویلکردن کە بنەماکانی جێبەجێکردنیان دیاری کردووە، لەوەی چۆن و بە چی شێوەیەک دەتوانین بە ھاوبەشی دووبارە ژێرخانی ئابووری عێراق ببوژێنینەوە".

- "ھیوادارین ھارکاریی نێوان تورکیا و عێراق لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بەھەمان شێوەی ئێستا بەردەوام بێت"

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان باسی لە ھاریکارییەکانی ئێستای نێوان وڵاتەکەی و عێراق کرد لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و گوتی: "ڕێڕەوی تورکیا بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر لە چەند ناوچەیەکدا دەبینین، تورکیا کاریگەری نەرێنی تیرۆری لەسەر بووە و فراوانبوونی ڕێکخراوى تیرۆریستی لە عێراق، سووریا و ئێران و ئەورووپا دەبینین سەرکۆمارن و وەزیری دەرەوەی وڵاتەمان چاوەڕێی ئایندەیەک دەکەن کە تیرۆر نەک تەنھا لە تورکیا بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکەدا بنبڕ بکرێت، ئێستا دەبینین دەسەڵاتدارانی عێراقی بەشێوەیەکی گشتی بەشداری ئەم ڕێڕەوە دەکەن".

گوتیشی: "ھیوادارین ھارکاریی نێوان تورکیا و عێراق لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بەھەمان شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، بێگومان ئێمە پۆلێنکردنی پەکەکە وەک رێکخراوێکی قەدەغەکراو وەک پێویست نابینین، بەڵکو لەو باوەڕەداین کە دەبێت بە فەرمی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن بکرێت".

- "بازرگانانی تورکیا، پاڵپشتییەکی گەورە بۆ گەشەپێدان لە عێراق پێشکەش دەکەن"

ئانڵ بۆرا ئینان سەبارەت بە زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق، گوتی: "دابەزینی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکەمان لەم ساڵانەی دواییدا و ناکۆکيیەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر لەسەر بەڕێوەبردنی داھات، بەتایبەتییش داھاتی گومرگی، کاریگەری نەرێنی لەسەر قەبارەی بازرگانیمان ھەیە".

ڕاشیگەیاند: "بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانیمان بەردەوام دەبین لە پەیوەندییەکانمان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر و لابردنی ھەموو ئەو بەربەستانەی کە ڕێگرن لەبەردەم کاری بازرگانی نێوانمان".

گوتیشی: "بازرگانانی تورکیا، پاڵپشتییەکی گەورە بۆ گەشەپێدان لە عێراق پێشکەش دەکەن و لەئێستادا یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیانی تورکیا لە بەسرە کاری وەبەرھێنان دەکات، ھەروەھا زۆرێک لە بەڵێندارانی تورکیا پڕۆژەی گرنگ بۆ داھاتووی عێراق جێببەجێ دەکەن، بۆیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەبن تا ئەو کاتەی کەشوھەوای ئەرێنی لە عێراقدا بەردەوام بێت".

ڕوونیشیکردەوە کە لەئێستادا بۆڕی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کار دەکات و گوتی: "لەئێستادا، ڕۆژانە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەو بۆڕییەوە ھەناردەی بەندەری جەیھانی تورکیا دەکرێت و لەوێ بڕە نەوتە ھەناردەکراوەکان لە ڕیگای تانکەرەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە دەگوازرێتەوە بۆ کڕیاران و دەسەڵاتدارانی عێراقمان ئاگادارکردوووتەوە، لەوەی کە ڕێککەوتنەکە لە مانگی تەمووزی داھاتوو کۆتایی پێ دێت، ھەروەھا ئێمە پێشنیازی خۆمان بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی گشتگیر پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە ‌کە بارودۆخی ئێستای لە بە رچاوگرتووە و لەبەرامبەردا بە رپرسانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکە سەردانی تورکیایان کردووە و ھیوادارین لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەتی نوێدا، گفتوگۆی زیاتر لەو بارەیەوە ئەنجام بدەین".

- "ڕۆڵی تورکمان زۆر گرنگە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی"

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان باسی لە دۆخی تورکمان لە عێراق کرد و گوتی: "ئێمە لەو باوەڕەداین کە تورکمانەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان ئێمە و عێراقدا لە ھەموو کۆبوونەوەیەکدا کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی ئەنجامی دەدەین، پشتیوانی خۆمان بۆ تورکمان نیشان دەدەین، بۆ ئەو پێگەیەى کە شایستەیانە لە سیستەمی عێراقدا ھەبێت".

ڕاشیگەیاند: "ئێمە بەرەی تورکمانی عێراق بە نوێنەری سیاسی سەرەکی تورکمانەکان دادەنێن، جگە لەوەش‌ بەرەی تورکمانی لە ھەڵبژاردنەکەی ئەم دواییەدا ئەنجامێکی باشی بەدەستھێناوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın