
Beijing
پەکین ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە ئەگەری داخستنی گەرووی ھورمز دەبێتە مایەی مەترسی لەسەر ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی کاڵا و ئاماژەی بەوەشدا کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، گوا چیاکون ڕایگەیاند کە گەرووی ھورمز، ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ بازرگانی نێودەوڵەتیی کاڵا و وزە و گوتی: "ئەگەری داخستنی گەرووی ھورمز، کاریگەریی خراپ لەسەر ئابووریی جیھان دروست دەکات".
گوتیشی: "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکات".
داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە ھەوڵی زیاتر بدات، لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و ھۆشداری ئەوەی دا کە بەردەوامبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە، مەترسی لەسەر گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتانی جیھان و ناوچەکە دروست دەکات، ھەروەھا ناوچەکە بەرەو گرژیی زیاتر دەبات.
ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی لەسەدا ٤٥ی ھاوردەکردنی نەوت بۆ چین بە کەنداو و گەرووی ھورمزدا تێدەپەڕێت کە ئەوەش وایکردووە ئاسایشی ناوچەکە بۆ چین گرنگ بێت.