زۆرترین کۆمپانیای تورکیا میوانی سێزدەھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوەی ھەولێرن
٥٠ کۆمپانیای تورکیا بەشداری سێزدەھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوەی ھەولێرن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەنیازن زیاتر لە جاران پەرە بە کارەکانیان بدەن.

Arbil
ھەولێر - AA
٥٠ کۆمپانیای تورکیا بەشداری سێزدەھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوەی ھەولێرن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەنیازن زیاتر لە جاران پەرە بە کارەکانیان بدەن.
رۆژی سێشەممە ٢٣ی ئایار، سێزدەھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوە و ژێرخان و ئامێر و کەرەستەی بیناسازیی لە ھەولێر کرایەوە کە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت و تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
لە پێشانگاکەدا، ٢١٤ کۆمپانیا لە ١٥ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن، لەنێویاندا تورکیا بە پلەی یەکەم دێت کە بە ٥٠ کۆمپانیا بەشدارە و لە دوای ئەویش هیندستان دێت کە بە ٣١ کۆمپانیا بەشدارە، هاوکات لە پێشانگاکەدا، ٤٠٠ بڕاندی جیهانیی بەشداری دەکەن.
مەحمود سۆیوپاک بەرپرسی هەنارەدکردن لە کۆمپانیای (Noas company) کە یەکێکە لە کۆمپانیا بەشداربووەکانی تورکیا کە لەبواری هەناردەکردنی جۆرەکانی (گڵۆپ و بلاجکتۆر) ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەوەی پێشتر نیگەرانییان لە سەقامگیریی ناوچەکە هەبووە نەیانتوانیووە بێنە هەرێمی کوردستان و جەختیش لەوە دەکاتەوە دوای بەشدارییکردنیان لە پێشانگاکەدا تێڕوانینیان بەرامبەر دۆخی ئەمنی و سەقامگیریی گۆڕدراوە و پلانیان وایە لە هەرێمی کوردستانیش پەرە بە کارەکانییان بدەن.
مەحمود سۆیوپاک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من بەڕێوەبەری هەناردەکردنی کۆمپانیاکەم، پێشتر نیگەرانیمان هەبوو لەبارەی دۆخی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا هەست دەکەین کە وزەیەکی زۆری بیناسازیی لە هەولێر هەیە و بازاڕێکە جێگای متمانەیە و باوەڕپێکراوە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ هەناردەیەکمان بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام هەناردەمان بۆ ٣٥ وڵات هەبووە، لەئێستاشەوە پلانمان هەیە کە لە هەرێمی کوردستان پەرە بە کارەکانمان بدەین".
مەحمود سۆیوپاک گوتیشی: "لە میانی ئەم دوو رۆژەدا، سەردانمان زۆر بووە بازرگانان لە نزیکەوە بابەتەکانیان بینیووە، هەوڵمانداوە لە دروستکردنی بابەتەکانمان زیاتر کەرەستەی تورکی تیادا بەکاربهێنین، مەگەر بۆ هەندێک بابەتی سەرەتایی نەبێت کە پێویستە لە وڵاتی چینەوە هاوردەی بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگی بە ئیکۆنۆمی دەدەین، بەبێ دوودڵی دوای ئەو پێشانگایەش بەهۆی سەقامگیریی و ئاسایشەوە بیر لەوە دەکەینەوە کە لقێکی کۆمپانیاکەمان بهێنینە هەولێر".
بەهۆی ئەوەی پێشانگاکە سنووردارە و تەنها بازرگانان دەتوانن سەردانی بکەن و لە نزیکەوە بابەت و بڕاندە جیهانییەکان ببینن، وەک پێشانگاکانی پێشووتر جەنجاڵ نابێت و کەمتر خەڵک لە هۆڵی پێشانگاکەدا دەبینرێن.
هاوکات نوێنەری کۆمپانیای عالەمئۆغڵو ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمپانیاکەیان یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی تورکیا و ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەنیازن لە داهاتوودا لقێکی کۆمپانیاکەیان لە هەولێر بکەنەوە.
نوێنەری کۆمپانیای عالمئۆغڵو، یەعقوب نامیق کەریم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دووەمجارە بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر دەکەین، ئێمە گەورەترین کۆمپانیای بواری بەرد و مەڕمەڕین لە تورکیا، تەمەنی کۆمپانیاکەمان ٨٣ ساڵە و شەش کانگامان ھەیە کە بەردی لێ دەردەھێنین، لە هەریەک لە ناوچەکانی دەنیز و ئەسکی شەھیر، هەروەها بەردەکان گوازینەوە بۆ کارگە گەورەکانمان و لەوێ بە باشترین ئامێری پێشکەوتوو دەیبڕین و دواتر دەینەخشێنین بۆ ئەوەی لە پڕۆژەکان بەکاری بهێنین".
یەعقوب نامیق کەریم، باسی لە کوالێتی بابەتەکەیان کرد و گوتی: "بە گشتی بازرگانان سەردانمان دەکەن، هەروەها خەڵک حەزیان لە نرخی ھەزرانە، بەڵام بەھۆی ئەوەی مەڕمەڕەکانمان کوالێتی باشە بۆیەش نرخەکانی کەمێک گرانترە چونکە تێچووی زیاترە لە مەڕمەڕی ئاسایی".
پێشبینی دەکرێت لە میانی ئەو چوار رۆژەدا، ژمارەیەک گرێبەستی بازرگانیی واژوو بکرێت و بازرگاکان خۆشحاڵن بە بەشداریکردنیان لە پێشانگاکەدا و ئاماژە بەوە دەکەن کە بەنیازن لەمەودوا لە هەولێر پەرە بە کارەکانیان بدەن.
لەم بارەیەوە یەعقوب نامیق کەریم گوتی: "تا ئێستا گرێبەستمان نەبووە بەڵام خەڵک زۆر ھاتوون و، بۆ دروستکردنی پڕۆژەکانی خۆیان نموونەیان بردووە و چاوەڕێ دەکرێت دواتر سەردانمان بکەنەوە و گرێبەستی بازرگانیمان لەگەڵ بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تاوتوێی ئەوە دەکەین کە لە داهاتوودا لقێکی کۆمپانیاکەمان لە ھەولێر بکەینەوە".
یەکێک لە کۆمپانیا بەشداربووەکان کە تایبەتە بە کەرستەی دەستی (پلایرس، سکوێر سپانێر، دەرنافیس، درێل و هتد..) لە شاری دهۆکەوە هاتووە و ئاماژە بەوە دەکات کە لە میانی ئەم دوو رۆژەدا، بازرگانێکی زۆر سەردانی کردوون ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەمڕۆ گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی عێراقی واژوو دەکەن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەیوان، عەلی محەمەد ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکەمجارە بەشداری پێشانگایەکی وا دەکەین، ئەمجارە ئامانجمانە کڕیارێکی زۆر بدۆزینەوە، چونکە تاکە وەکالەت لە عێراق ئێمەین لە بابەتی عودەد، لەم دوو رۆژەشدا بازرگانێکی زۆر سەردانیان کردووین و زیاتر پرسیار لە بابەتی کوالێتی دەکرێت".
گوتیشی: "لە میانی ئەم دوو رۆژەدا، پەیوەندییەکی باشی بازرگانییمان دروستکردووە، لەم چوارچێوەیەشدا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ گرێبەستێک واژوو بکەین لەگەڵ کۆمپانیایەک کە لە شاری رومادی-یەوە هاتوون".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن