جيهان, ئابووری

ھەولێر و بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن

- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ھەلومەرجە، لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی ھاوبەشمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم کاتە سەختە، بڕیارمانداوە بە زووترین کات ڕێگە بە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری ھەرێمی کوردستان بدەین".

Zana Natık Kerem  | 17.03.2026 - نوێکردنەوە : 18.03.2026
ھەولێر و بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن

Arbil

ھەولێر ــ AA

ھەولێر و بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن و چاوەڕوان دەکرێت سبەی چوارشەممە، ھەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆڕی ھەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکاتەوە.

لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ھەلومەرجە نائاساییەی ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە، و لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی ھاوبەشمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم کاتە سەختە، بڕیارمانداوە بە زووترین کات ڕێگە بە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری ھەرێمی کوردستانەوە بدەین".

ھەروەھا مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندووە: "ھاوتەریب لەگەڵ بەغدا گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت بۆ ھەڵگرتنی بەپەلە سنووردارکردنەکانی ھاوردەکردن و بازرگانیکردن بۆ ھەرێم، ھەروەھا بۆ دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن لە ژینگەیەکی ئارامدا دەست بە بەرھەمھێنان بکەنەوە".

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەدا، سوپاسی ئەمریکای کردووە بۆ پاڵپشتیکردن لەو پڕۆسەیە و ڕایگەیاندووە: "سوپاسی دڵسۆزانەم ئاراستەی ھاوبەشەکانمان دەکەم لە ئەمریکا بۆ ڕۆڵ و پشتیوانی بێوچانیان لەم پرۆسەیەدا".

لە بەرامبەردا وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند کە بەغدا و ھەولێر لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە سبەینێ‌ کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە ھەناردەکردنی نەوت لە بۆڕی ھەرێمی کوردستان دەست دەستپێدەکاتەوە و گوتی: "لە قۆناغی یەکەمدا، بڕی ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی لە بۆڕی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەناردەی بەندەری جەیھانی تورکیا دەکرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın