Sinan Doğan
22 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2021
بۆگۆتا - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کۆلۆمبیا بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیانیان لەدەستداوە، ١٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاند.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی کۆلۆمبیا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٤٨ کەس بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە کە ئەوەیش زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانە بەو پەتایە لەوەتەی لەو وڵاتە سەریهەڵداوە، بەوەیش کۆی ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا لەو وڵاتە بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار و ٥٨٢ کەس.
لە کاتێکدا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٣ هەزار و ٢٣٩ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا تۆمارکراوە، تێکڕای ژمارەی تووشبووانی پەتاکە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٩٦٨ هەزار و ٤٠٥ کەس، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی لە دوای تووشبوون پەتاکەیان تێپەڕاندووە و چاکبوونەتەوە بەرزبووەتەوە بۆ سێ ملیۆن و ٦٨٥ هەزار و ٩٤٧ کەس.
هەروەها ژمارەی ئەوانەی لەئێستادا هەڵگری ڤایرۆسەکەن ١٦٩ هەزار و ٩٩٤ کەسن و رێژەی پڕی یەکەکانی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکان لەنێوان ٨٥-٩٠ لەسەدایە.
لە لایەکی دیکەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسین دژبە پەتاکە، ١٤ ملیۆن و ٩٥٣ هەزار و ٨٦٩ کەس دۆزی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و چوار ملیۆن و ٧٨١ هەزار و ٧٦٩ کەسیش دۆزی دووەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
کۆلۆمبیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەسە، ریزبەندی دەیەمینی گرتووە لەڕووی تۆمارکردنی زۆرترین حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا.