Rewa Mahmood Hasan
02 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2020
سلێمانی - AA
لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVİD-19) لە وڵاتی چین و دواتر گواستنەوەی بۆ وڵاتانی تری جیهان کەرتی تەندروستیی و ئەوانەشی کاری تیادا دەکەن، یەکێک بوون لە قارەمانەکانی ئەم چیرۆکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە و رێگریکردن لە مەرگی ئازیزان.
چیرۆکی قارەمانەکانی تەندروستیی کە شەو رۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زۆربەی وڵاتان هەمان چیرۆکە تەنها کاراکتەری چیرۆکەکان دەگۆڕێن.

هەرێمی کوردستانیش کە یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنای لە یەکی ئاداردا راگەیاند، هەر زوو یەکە تەندروستییەکان، بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی کەوتنەخۆیان و هەموو رێکارێکیان گرتەبەر بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
زۆرێک لە کارمەندانی تەندروستیی لەخۆربوردووانە ژیانی خۆیان تەرخانکردووە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و هەندێکیان بە چەندین رۆژ خێزانەکانیان نابینن تەنها لەپێناو هێشتنەوەی هاووڵاتییان بە سەلامەتی و دوور لە هەڕەشەی ڤایرۆسەکە.

دکتۆر باخان تاڵەبانی چیرۆکی یەکێکە لەو قارەمانانەی کە تەواوی ژیانی خۆی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتا جیهانییە تەرخانکردووە، ئەو خەڵکی شاری کەرکووک و دانیشتووی سلێمانی-یە و شوێنی کارەکەی لە تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجەدایە.
وەک خۆی باسی لێوە دەکات، خۆبەخشانە کار دەکات، چونکە ئەرکی ئەو تەنها مانەوەیەتی لە نەخۆشخانە بۆ ١٢ کاتژمێر، لەدوای وەرگرتنی پشوو، بەڵام ئەوەی ئەم قارەمانەی نێو چیرۆکەکە جیا دەکاتەوە لەوانی تر، مانەوەیەتی بە خۆبەخشانە و گەڕانە بە گوندە دوورە دەستەکانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، تاکو هەموولایەک بەدوور بکات لە ڤایرۆسەکە.
"هەندێک جار هەیە ٤٨ کاتژمێر لەسەر یەک نەخەوتووین تەنها بۆ ئەوەی کە هەموو لایەک تەندروست بن"

دکتۆر باخان تاڵەبانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەو شێوەیە باس لە تێپەڕینی ٤٨ کاتژمێر دەکات لە ژیانی خۆی و دەڵێت "سنووری کارکردنی ئێمە پارێزگای هەڵەبجەیە، بەتەواوی گوندەکانیانەوە، رۆژانە دەرچوونمان دەبێت بۆ تەواوی گوندەکان. دوای ئەوەی بەپێی دوایین زانیاری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڤایرۆسەکە تایبەتمەندی بڵاوبوونەوەی هەیە بە هەوادا، بۆیە هەندێک لەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەوان شەکرە و نەخۆشی دڵ و فشاری خوێن و هەندێک نەخۆشی تر، بۆیە بە باشمان زانی کە لە بری ئەوەی ئەوان سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و رووبەڕووی هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە، ئێمە لە رێگەی تیمێکی خۆبەخشەوە بچین دەرمان و پێداویستیە تایبەتیی تەندروستییان بۆ دابین بکەین. هەندێک جار هەیە ٤٨ کاتژمێر لەسەر یەک نەخەوتووین تەنها بۆ ئەوەی کە هەموو لایەک تەندروست بن، لەکاتێکدا کاتی دەوامی ئاسایی خۆمان زۆر لەوە کەمترە."

تیمە خۆبەخشەکە کە پێکهاتوون لە دوو شۆفێر، یاریدەدەرێکی پزیشکی بەناوی هونەر سەفەر و ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنی خێرای پڕ لە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، رۆژانە بەردەوام بە شەو و رۆژ سەردانی گوندەکان و ناوچەکانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە دەکەن، چارەسەریی دەدەنە ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی درێژخایەن و نەخۆشی ساردیان هەیە و ناتوانن بچنە بنکە تەندروستییەکان. لەکاتێکدا زۆربەی نەخۆشخانە و کلینیکە راوێژکارییەکان داخراون.
ناوبەناو لەکاتی گەیشتن بە گوندەکاندا لە رێی بڵندگۆی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکەیەوە دکتۆر باخان تاڵەبانی بەیاوەری هاوەڵەکانی رێنمایی دەدەنە هاووڵاتییان کە بچنە ماڵەکانیانەوە.

هاوکات لەڕێی بڵندگۆکەوە داوا دەکات کە ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەک شەکرە و فشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە و پێوسیتیان بە چارەسەر و دەرمان هەیە، لەبەردەمی ماڵەکانیاندا ئامادەبن تاکو چارەسەریی پێویستیان بۆ بکرێت.
دایە خەدیجە ساڵح کە کە بەهۆی نەخوێندەواریەوە نازانێت تەمەنی چەندە و نیشتەجێی گوندەی ئاوایی رۆستەم بەگ-ە یەکێک لەو کەسانەی بەهۆی رووداوێکەوە نەشتەرگەری بۆ قاچی راستی کراوەو پلاتینی بۆ جێگیرکراوە، ئەو کە نەخۆشی فشاری خوێن و دڵی هەیە، بەهۆی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە ناتوانێت تەنانەت کوڕەکەشی بنێرێت بۆ وەرگرتنی دەرمان و چارەسەرییەکانی، ئێستا نەخۆشخانەیەک هاتۆتە بەردەمی ماڵەکەی.

دایە خەدیجە کە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەی خۆی چاوەڕوانی تیمە پزیشکییەکەی دەکرد، دەڵێت، "من قاچی راستم پلاتینی تیایە، نەخۆشی فشاری خوێنیشم لەگەڵە، بۆیە هەموو کات کوڕەکەم دەچوو دەرمانەکانی بۆ وەردەگرتم، بەڵام ئێستا کەسمان ناتوانین بچینە نەخۆشخانە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە، بۆیە ئەمان هاتن چارەسەریی و دەرمانەکانیان بۆ هێنام، زۆر سوپاسیان دەکەم، هیوادارم تەمەنیان درێژ بێت، بۆ خزمەتی خەڵکی."
"ئەگەر بڕۆمەوە لای منداڵەکانم دەبێت ١٤ رۆژ خۆم کەرەنتینە بکەم"

دکتۆر باخان تاڵەبانی کە هێشتا لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدایە و خاوەن دوو منداڵە و لای نەنکیان لە سلێمانی دەمێننەوە، باس لەوە دەکات هەندێکجار بە ٢٥ رۆژ کەسوکاری خۆی نابینێت، کاتێکیش دەچێتەوە ماڵ، بەهۆی هیلاکییەوە دەخەوێت و هیچ کاتی نابێت بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵەکانیدا بەسەری ببات.
لەئێستادا دکتۆر باخان تاڵەبانی بەئەستەمی دەزانێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە بتوانێت سەردانی منداڵەکانی بکات، چونکە بۆ تەندروستی ئەوان دەبێت لەکاتی گەڕانەوەدا، خۆی ١٤ رۆژ کەرەنتینە بکات ئنجا دەیانبینێت، ئەویش بەهۆی کارەکەیەوە کە زیاتر بەرکەوتەی هەیە لەگەڵ نەخۆش و نەخۆشخانەدا.

دکتۆر باخان تاڵەبانی باس لەوە دەکات کە راستە کاتی دوامەکەی ئەو دیاریکراوە، بەڵام ئەو بەوە دڵخۆش دەبێت کە لەکاتی پێویستیدا خەڵکەکە بەجێ نەهێڵێت، هەر بۆیە بڕیاریداوە کە تا کۆتایی بەم پەتا جیهانییە دێت لە ناوچەکە، بەردەوام لە ئەرکدا بێت، تاکو خزمەتێکی زیاتری هاووڵاتییانی پارێزگای هەڵەبجە بکات لە رووی پزیشکییەوە.
دکتۆر باخان تاڵەبانی رێنمایی ئەوە دەدات بە هەموو لایەک کە تەنها دکتۆر و پسپۆڕە تایبەتەکان دەتوانن رێنمایی بدەن بە هاووڵاتییان، بەدەر لەوە نابێت هیچ لایەنێکی تر رێنمایی تەندروستی بڵاوبکاتەوە وەک ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێت.
دکتۆر باخان تاڵەبانی باسی لە پێداویستییەکانی پارێزگای هەڵەبجە کرد لە رووی کەلوپەلی پزیشکی و دەستکێش و دەمامک و جلوبەرگی تایبەتەوە و گوتی: "ئێمە پێوستمان بە کەلوپەلی پزیشکی هەیە نەوەک دروستکردنی نەخۆشخانە، چونکە ئەگەر بێت و نەخۆشیەکە زۆر تەشەنە بکات، رەنگە هەموو نەخۆشێک لەنێو ماڵەکەی خۆیدا چارەسەریی وەربگرێت، نەخۆشخانەیەکی ١٨ قەڕەوێڵەیی ناتوانێت ئەو هەموو نەخۆشە لەخۆ بگرێت".
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە وەک دابونەریتی خەڵکی ناوچەکە لەکاتی پێویستدا خورما و تووی وشک دەخۆن، بۆ ئەوەی سیستەمی بەرگریی لەشیان بەرزبکەنەوە، هاوکات برسێتی بەرۆکیان نەگرێت و دەڵێت "ئەو کاتانەی بڕە پارەیەک لە پای نان خواردن وەردەگرین لە نەخۆشخانە، بۆمان نییە نانی نەخۆشخانە بخۆین، دواتر بەهۆی ئەوەی کە شوێنی نیشتەجێمان هەڵەبجە نییە، ئامادەکردنی خواردن ئەستمە، بۆیە زۆر جار بە خورما و تووی وشک خۆمان تێر دەکەین."