Sarmand Hameed
03 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی ١١ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) ی راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کە لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، ١١ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 دەستنیشانکران کە شەش پیاو و دوو ئافرەت و سێ منداڵن.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، حەوت لە تووشبووەکان لە پارێزگای سلێمانییە و بەرکەوتەی توشبووی پێشوون و یەک لەوان پێشینەی گەشتی ئێرانی هەبووە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە سێ تووشبووی دیکە لە پارێزگای هەڵەبجەن کە منداڵن و بەرکەوتەی تووشبووی پێشوون و تووشبووەکەی دیکە لە قەزای دەربەندیخانە و بەرکەوتەی تووشبووی پێشووە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ٢٠١ تووشبووە کە لەنێویاندا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە و ٦٢ نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانەی دیکە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکییدان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە و سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.