Sinan Doğan
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
بۆگۆتا - AA
سەرکۆماری کۆلۆمبیا، گوستاڤۆ پێترۆ ئەوەی خستەڕوو کە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ پێدانی ئەو چەکە رووسیانەی لە دەستیاندایە بە ئۆکراینا، قبوڵ ناکەن.
گوستاڤۆ پێترۆ لە میانی حەوتەم کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکی حکوومەت و دەوڵەتەکانی ئەمریکای لاتین و دەریای کاریبی، گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەمریکا پێشنیازی ئەوەی بۆ کردوون کە ئەو چەکە رووسیاییانەی لە دەستی کۆلۆمبیادایە و بەکاریان ناهێنێت، بیبەخشێتە ئۆکراینا، گوتیشی: "لە ساڵانی رابردوودا، کۆلۆمبیا بۆ پێویستی ناو وڵاتەکەی هێلیکۆپتەر و کەلوپەلی جەنگیی لە رووسیا کڕیوە. ئەو پێداویستییانە لەئێستادا کێشەی چاککردنەوەیان هەیە و گۆڕێنی پارچەکانیان ئاستەمە. لە گوتووێژمدا لەگەڵ هەندێک بەرپرسی ئەمریکا، پێشنیازی ئەوەیان کرد کە کێشەی چاککردنەوەی پێداویستییەکان چارەسەر دەکەن و دواتر دەینێرن بۆ ئۆکراینا".
سەرکۆماری کۆلۆمبیا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەم پێشنیازەی ئەمریکایان رەتکردوەتەوە و رایگەیاند: "دەستووری وڵاتەکەمان پێماندەڵێت کە دەبێت لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا داکۆکی لە ئاشتی بکەین. بۆ بەردەوامبوونی جەنگ لە ئۆکراینا، چەکەکانی رووسیایان رادەست ناکەین، با ئەم کەلوپەلە جەنگییانە وەک یەدەگ لە وڵاتەکەماندا بمێننەوە".
گوستاڤۆ پێترۆ ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی لایەنگری کۆتاییهێنان بە جەنگەکەیە لە رێگەی دیالۆگەوە و تەنها و تەنها لایەنگری ئاشتیین نەک هیچ کام لە لایەنەکانی جەنگەکە.