Muhammet Ali Kemal
14 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2017
برۆکسل- AA
یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سەر بەرپرسانی رووسیا و جوداخوازە ئۆکراینییەکانی، بەهۆی ئەو کردەوانەی دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا، سەروەریی و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە، بۆ ماوەی 6 مانگی دیکە درێژکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوێک کە لەلایەن کۆنسەی یەکێتیی ئەورووپاوە بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی ئەو چالاکییانەی دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا، سەروەریی و سەربەخۆیی ئۆکراینا، ماوەی سزاکانی سەر بەرپرسانی رووسیا و جوداخوازە ئۆکراینییەکان و سنووردارکردنی ڤیزە تاوەکو 15ی ئەیلوولی 2017 درێژکرایەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە لەئەنجامی هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخەی لەئێستادا هەیە، ئەوە گەڵاڵە بوو کە هیچ بیانوویەک نییە بۆ هەڵگرتنی سزاکان و لەنێو لیستی ئەو کەسانەی سزاکان دەیانگرێتەوە، سەروەت و سامانیان بلۆک کراوە و یاساغی ڤیزەیان خراوەتە سەر، 37 کۆمپانیا و 150 کەس بوونیان هەیە.
ئەو سزایانە بۆ یەکەمجار لەمانگی ئازاری 2014دا بەهۆی ئەوەی کە رووسیا بەشێوەیەکی نایاسایی 'کرێمیا''ی خستە سەر خاکی وڵاتەکەی، دەستی پێکرد.
ئامانج لەو سزایانە ئەوەیە کە فشار بخرێتە سەر رووسیا تاوەکو پابەند بێت بە رێککەوتننامەی ئاگربەستی مینسک.