Sarmand Hameed
16 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٣٠٢ پشکنین ئەنجام دراوە، دەرەنجام تەنها سێ تووشبووی نوێ تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری کارەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو، هەزار و ٣٠٢ پشکنین ئەنجام دراوە کە ٦٤٧ لە هەولێر، ٢٩٥ لە سلێمانی، ٣٠٨ دهۆک و ٥٠ هەڵەبجە بووە و دەرەنجام تەنها سێ تووشبووی نوێ تۆمارکراوە کە یەکیان لە پارێزگای سلێمانی و دوو تووشبووەکەی دیکە لە پارێزگای هەڵەبجە بووە و هەموویان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا ئاماژە بەوەدراوە کە لە دەستپێکی رێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا حەوت هەزار و ٦٩٥ هاووڵاتیی کەرەنتین کراون، لەو ژمارەیە لە ئێستادا تەنها هەزار و ٣١٩ کەس لە کەرەنتین ماونەتەوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان کۆی گشتی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بریتیە لە ٣٣٥ حاڵەت، لەو ژمارەیەش ١٦٩ لە ھەولێر، ١٢٩ لە سلێمانی، ١٥ لە دھۆک و ٢٢ حاڵەت لە ھەڵەبجە تۆمارکراون و چوار حاڵەتی گیانلەدەستدانیش لە سلێمانی ھەبووە.
کۆی ئەوانەی چاکبوونەتەوە بریتیین لە ٢٢٧ کەس و لەو ژمارەیەش ١٠٦ لە ھەولێر، ١٠٠ لە سلێمانی، ١٢ لە دھۆک و نۆ کەسیش لە پارێزگای ھەڵەبجە، دوای وەرگرتنی چارەسەر و پشکنینی کۆتایی، گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانییان.
کۆی ئەو کەسانەیشی کە لە نەخۆشخانەکان لە ژێر چاودێری پزیشکیدان بریتییە لە ١٠٤ کەس، لەو ژمارەیەش ٦٣ لە ھەولێر، ٢٥ لە سلێمانی، سێ لە دھۆک و ١٣ کەسیش لە ھەڵەبجە لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.