hemn husain
20 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2016
بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندی زانستی و ئەکادیمی و پێکەوەژیان و کارکردن لە بواری زانستیدا، ئەنجوومەنی زانکۆ نێودەوڵەتییەکان دانیشتنێکی رێکخست لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی هەرێمی کوردستان دکتۆر یوسف گۆران و کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر محەمەد ئاکیف و سەرۆکی بیست زانکۆ لە عێراق.
لە دانیشنەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی دکتۆر یوسف گۆران ئاماژەی بە مەبەستی دانیشتنەکەیان کرد و گوتی: "ئێمە لە ناوچەیەکین کە زۆر پێویستە پەیوەندی زانستی و ئەکادیمی لە نێوان پێکهاتەکاندا هەبێت و پەرە بەو بوارە بدرێت کە خزمەت بە هەموو پێکهاتەکان دەگەینێت و لێرەوەش پەیوەندی زانستی خۆمان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان و دراوسێکان دووپات دەکەینەوە بۆ پەرەپێدانی بواری زانستی و ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان".
هەر لەو دانیشتنەدا، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، محەمەد ئاکیف تیشکی خستە سەر پەیوەندییە زانستییەکان و پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکان و گوتی: "هەوڵی ئێمە ئەوەیە ئەو پەیوەندییە زانستییەی کە هەیە پەرەی پێبدەین لە نێوان پێکهاتەکان و هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان تورک و عەرەب و کورد و عەجەم. ئێمە هەڵگری پەیامێکین کە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە و پێشتریش ئەم دانیشتنە لە تورکیا ئەنجام دراوە، بەڵام چونکە لە هەولێریش ئەنجام درا مانای ئەوەیە کە بابەتێکی گرنگە".
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ئامانجی کۆبوونەوەکە و گوتی: "ئەم دانیشتنەی ئەمڕۆ قسەکردنە لەسەر ئەو چەمکە گرنگانەی کە تایبەتە بە ناوچەکە بە تایبەتی پێکەوەژیان و ئاشتی، ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەش کە نزیکەی 29 دەوڵەت تێیدا ئەندامە و زیاتر لە 150 زانکۆی تێدایە و قسەکردن لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان بابەتێکی گرنگە بۆ ئێستا چونکە دەبینین کە بارودۆخی ئەمنی ناجێگیرە و لە بەشیکی زۆر لە ناوچەکەدا شەڕ لە ئارادایە بۆیە دەبێت ئەوانەی خۆیان بە ناوەندێکی بیرکردنەوە دەزانن، بە دیدەیەکی جیاوازەوە لەم بارودۆخە بڕوانن".
ئەگەرچی قوتابییانی توانسازی، ئەوانەی ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن و بە هۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی بۆیان خەرج نەکردووە بەڵام وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە پێدانی بڕە پارەیەک کرد و گوتی: "ئەمە گرفتێکی داراییە کە ئەمەش تایبەت نییە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەڵام ئێمە لەم دۆخە خراپەی داراییدا، هەوڵمانداوە کە هەندێک لەو شایستە داراییەیان بۆ چارەسەر بکەین و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەجبەیەک پارە دەخەینە بەردەست ئەو قوتابییانە بەڵام ئەم گرفتە داراییە ناتوانین بڵێین چارەسەر دەبێت".
سەبارەت بە کەمکردنەوەی خەرجی و چاکسازییەکانی ناو دامودەزگاکانی حکوومەت و کەمکردنەوەی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەربە وەزارەتەکانیش، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوە کرد تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە و گوتی: "ئێمە سەرەتا بە چاکسازی زانستی دەستمان پێ کرد و ساڵی پار ریزبەندی نیشتمانیمان راگەیاند کە تێیدا بە ئاستی زانکۆکانمان دەرکەوت، پاشان دەستکاریکردن و گۆڕینی رێنمایی ماستەر و دکتۆرا ئەوەش بەشێک بووە لە چاکسازی زانستی، ئەگەریش باسی دارایی و کارگێڕی بکەین ئەوا توانیمان لەم ماوەیەدا 173 بەڕێوەبەرایەتی لە وەزارەتی خوێندی باڵا کەم بکەینەوە جا چی بە هەڵوەشاندنەوە بێت یان دەمجکردن بێت، ئێستاش بیر لەوە دەکەینەوە کە کار لەسەر بەشەکانی دیکەی زانکۆ بکەین و بەشەکان ببەستینەوە بە بازاڕی کار".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی زانکۆی دهۆک پرۆفیسۆر دکتۆر موسڵح دهۆکی گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانکۆ نێودەوڵەتییەکانە کە پێی دەڵێن IUC و هەموو زانکۆی جیهان لە خۆ دەگرێت کە 150 زانکۆ لە 29 وڵات لە خۆ دەگرێت و بارەگاکەی لە وڵاتی تورکیایە، ئەم کۆبوونەوەیەش تایبەتە بە پێکەوژیان و ئاشتی و پەرەپێدان بە بواری زانستی".
دوای ئەوەش سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆ نێودەوڵەتییەکان دکتۆر ئۆرهان عەزیز ئۆغلو گوتی: "سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکەین کە لەم دانیشتە بەشداربوو، ئامانجی ئێمە لەم دانیشتنە بۆ ئەوەیە بتوانین چارەسەری کێشە زانستییەکان بکەن و لەم چوارچێوەیەشدا بتوانین پەرەپێدانێک بواری زانستی و ئەکادیمی بدەین، مەبەستی ئێمەش پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە و دەمانەوێت تورک و کورد و عەرەب پێکەوەبژین و گرنگ ئەوەیە لەو پەرەپێدانە زانستییە بەردەوام بین و چەندین ساڵە ئەم پێکهاتانە پێکەوە دەژین و دەبێت ئەوەش بزانین کە دونیا گۆڕاوە و نابێت ئیمپرالیزم بتوانێت بەسەرماندا زاڵ بێت".
جێگەی ئاماژەیە ئەنجوومەنی زانکۆ نێودەوڵەتییەکان IUC ناوەندێکی زانستی ئەکادیمییە و بارەگا سەرەکیەکەی لە تورکیایە و هاوکات وڵاتانی ئاسیا و ئەفەریقا و ئەورووپا لە رێگای ئەو ئەنجوومەنەوە پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکان دروست دەکەن.