Azat Muhammet
10 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک، رزگار سدقى نێروەیى لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى لەو ناوچانە کرد کە لە ژێر دەسەڵاتى چەکدارانى پەکەکەن لە هەرێمى کوردستان بە گشتى و پارێزگاى دهۆک بە تایبەتى.
ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک، رزگار سدقى نێروەیى لە سەرەتادا ژمارەى ئەو گوندانەى خستەڕوو کە لە ژێر کۆنتڕۆڵى پەکەکەدان و گوتى: "لە سەرتاسەرى ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان بە هەموو پارێزگاکانەوە 650 گوند لەلایەن پەکەکەوە دەستى بەسەردا گیراوە و بەهۆیەوە تەواوى ئەو گوندانە چۆڵکراوە و دانیشتووانەکەى بۆ ناوچە جیا جیاکانى هەرێمى کوردستان ئاوارەبوون. لە گوندە داگیرگراوەکاندا پارێزگاى دهۆک پشکى شێرى بەرکەوتووە".
رزگار سدقى نێروەیى وەک خۆى ئاماژەى پێدەکات لێکۆلینەوە و بەدواداچوونى لەسەر ناوچەکانى ژێر دەستى چەکدارانى پەکەکە کردووە، باس لە ئەنجام ئەو لێکۆڵینەوانە دەکات و دەڵێت: "لە ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانمان لەو ناوچانەى کە پەکەکە دەستى بەسەردا گرتووە دەرکەوتووە زۆرترین زیان بە ژێرخانى ئابوورى ئەو ناوچانە کەوتووە کە لە ماوەى رابردووەوە تا ئێستا کەوتووەنەتە دەست پەکەکە، زیانە ماددیەکانیش بە ملیارەها دینار مەزەندە دەکرێت، چونکە هەموو شوێنێک لەو ناوچانە بووەتە سووتەمەنى شەڕى چەکدارانى پەکەکە".
لەبارەى هۆکارى ئاوارەبوونى دانیشتووانى گوندەکانى دەست پەکەکە، ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک گوتی: "ئەو ناوچانەى پەکەکە دەستى بەسەردا گرتووە بەهیچ شێوەیەک جێگەى ژیان و گوزەرانى هاووڵاتییانى سڤیلى تێدا نەماوە. سەد لە سەد بوونەتە ناوچەى سەربازى و چوونەتە قاڵبى ناوچەى جەنگ یان ناوچە قەدەغەکراوەکان، بۆیە خەڵک ناچاربووە لەو گوندانە ئاوارە بێت بەرەوە چەند ناوچەیەکى دوور لە دەسەڵاتى پەکەکە، چونکە هەر کاتێک هاووڵاتییان لە چەکدارانى پەکەکە نزیک ببنەوە دووچارى هەڕەشە، رفاندن، کوشتن و تۆقاندن دەبنەوە".
ناوبراو ئاماژەیش بەوە دەکات "ئەو گوندانە بەهۆى بوونى چەکدارانى پەکەکە چۆڵکراون هیچ پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى پێ نەگەیشتووە، چونکە دواى نەمانى رژێمى بەعسى لەناوچوو خەڵک بەو ئومێدە بوون خزمەتى حکوومەتى هەرێمیان پێ بگات، کەچى پەکەکە باڵى بەسەر ناوچەکەدا کێشا لە هەموو خێر و بێرێکى حکوومەت و ناوچەکە بێبەشى کردن".
ئەو گوتیشی: "تەواوى ئەو ناوچانەى لەژێر کۆنتڕۆڵى پەکەکەن، ناوچەى کشتوکاڵی پڕ خێر و بێرن پێش داگیرکارى پەکەکە، جووتیاران لەو ناوچانە باخچەى سەوزە و میوەیان دروست دەکرد و بۆ ئەوەى سوودمەن بن لە خاکى پڕ خێری ناوچەکە، بەڵام دواى نزیکبوونەوەى پەکەکە لە ناوچەکە و داگیر کردن و دامەزراندنى بنکە و بارەگاکانیان لە گوندەکانى سنوورى هەرێمى کوردستان، خەڵکەکەیش دەستبەردارى پیشەى جووتیاریی بوون، چونکە چەندین ساڵ گەنم و جۆ و دانەوێلەى جووتیاران بە هۆى شەڕى پەکەکەوە دەسووتان و زیان بە خەڵکەکە دەگەیشت".
- "لە سنوورى دهۆک لەلایەن پەکەکە دیاردەى کوشتن هەیە".
ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک، رزگار سدقى نێروەیى لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکە تیشکى خستە سەر سنوورى پارێزگاى دهۆک و گوتى: "پارێزگاى دهۆک لەڕووى زیانەکانى چەکدارانى پەکەکەوە پشکى شێرى بەرکەوتووە، چونکە لە سنوورى ئەم پارێزگایەدا زیاتر لە ٢٥٠ گوند چۆڵکراوە و دانیشتووانەکانیشان ئاوارەى نزیک ناوەندى پارێزگا بوون بۆ ئەوەى خۆیان لە مەترسییەکانى پەکەکە بپارێزن، چونکە لەو ناوچانە پەکەکە شەڕ بە هاووڵاتییان دەفرۆشێت".
گوتیشى: "لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، زۆرینەى گوندەکانى شارۆچکەى ئامێدى، ئینجا زاخۆ و ئاکرێ لە دەست چەکدارانى پەکەکەن، تەنها لە شارۆچکەى ئامێدى ١٩٠ گوند بەهۆى پەکەکەوە چۆڵکراوە و زیانى زیاتر لە ٣ ملیار دینار بە ژێرخانى شارۆچکەکە کەوتووە. تەواوى ئەم گوندانە چوڵکراون و بەشێک لە خانووەکانیشیان سووتاون، هەر هاووڵاتییەک بیەوێت سەردانى گوندەکەى بکات لەلایەن پەکەکە یان رێگرى لێ دەکرێت یانیش مۆڵەتى کاتێکى دیاریکراوى پێ دەدرێت، مەبەستى دەبڕینەکانم ئەوەیە ئەو گوندانە بە هەموو مانایەک قەدەغە کراوە لە دانیشتووانى ناوچەکە".
رزگار سدقى نێروەیى بە نیگەرانییەوە دێتە سەر باسى دیاردەى کوشتن و رفاندنى هاووڵاتییانى سڤیل لەلایەن پەکەکەوە و دەڵێت "بەداخەوە دیاردەى کوشتن و رفاندنى هاووڵاتییان لەلایەن پەکەکەوە هەیە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک. بە تایبەت لە سنوورى قەزاى ئامێدى، پێش چەند رۆژێک هاووڵاتییەک بەناوى (بەڕۆژ رەمەزان) بە گولـلەى چەکدارانى پەکەکە کوژرا و ژمارەیەکیش رفێنران، ئەمە کاردانەوەیەکى توندى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان بە گشتى و و پارێزگاى دهۆک بە تایبەتى دژبە پەکەکە دروست کرد".
نێروەیى هۆشدارى پێکدادانێکى مەترسیداریش دەدات لە نێوان دانشتووانى ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ چەکدارانى پەکەکە و دەڵێت "داوا دەکەین پەکەکە بارودۆخى هاووڵاتییان لەبەر چاو بگرێت، چونکە خەڵک بێزار و توڕەن لەم چەکدارانە هاووڵاتییانیش حاڵەتى کوشتن و رفاندنى بەردەوام لەلایەن پەکەکە، کاردانەوەى توندییان دەبێت و بەدوور نەگرە پێکدادان و کێشە دروست بێت، تەنانەت زۆر جار هاووڵاتییان سەردانى گوندەکانى خۆیان دەکەن لەلایەن پەکەکەوە رێگریان لێ دەکرێت ئەوەش دەبێتە کێشە لە نێوان هاووڵاتییان و چەکدارانى پەکەکە".
ئەوەیشى گوت "یەکێک لەو خاڵانەى دۆخەکەى سەختتر کردووە، چەکدارانى پەکەکە بنکە و بارەگاکانیان لەناو گوند و ماڵى هاووڵاتییان دادەنێن بۆ ئەوەى خۆیان بپارێزن لە بۆردومانەکانى تورکیا، ئەوەش زیاتر بووەتە هۆکارى خاپوور بوونى ماڵ و حاڵى هاووڵاتییانى ئەو 650 گوندەى سنوورى هەرێمى کوردستان، بە تایبەت ئەو ٢٥٠ گوندانەى سنوورى پارێزگاى دهۆک".
- "دەروازەى سەرزێڕ بەهۆى پەکەکەوە سوودى نەبووە"
ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک، رزگار سدقى نێروەیى ئاماژە بە گرنگى دەروازە سنوورییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا دەکات و دەڵێت "هەموو دەروازە سنوورییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا گرنگى تایبەتی خۆیان هەیە، بازرگانى نێوان هەرێم و تورکیا زۆر بە هێزتر دەکات، بەڵام بوونى هەڕەشەى پەکەکە لەسەر دەروازە سنووریەکان زیانى بە جموجۆلى بازرگانى هەرێم گەیاندووە".
ناوبراو نایشاردەوە کە پەکەکە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەى دەروازەى سەرزێڕ لە سنوورى ئامێدى سوودێکى بەرچاوى بۆ هەرێمى کوردستان نەبێت، چونکە پەکەکە لە چوار دەورى ئەو دەروازە سنوورییە بوونیان هەیە، گوتیشى: "ئەگەر هەڕەشەى پەکەکە لەسەر دەروازەى سەرزێڕ نەبووایە، ئێستا بازرگانییەکى گەورە لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستانى بوونى دەبوو، بەڵام بەداخەوە پەکەکە لەوەش زیانى بۆ ئێمە هەبووە".
لە کۆتاییدا ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک دەڵێت: "منیش وەک هاووڵاتى ئەو گوندانەى بەهۆى پەکەکەوە ئاوارە بوونە، تێر بە چاوى خۆم گوندەکەى خۆمم نەبینیوە، هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى دهۆک بە تایبەتى دژى بوونى پەکەکەن لە هەرێمى کوردستان و داوا دەکەن گوند و ماڵەکانیان نەکەنە مەیدانى شەڕ و ململانێکان، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکوومەتى هەرێمیش ئەو داوایەى ئاراستەى پەکەکە کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبووە".