Muhammed Ali Kamal
08 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2020
سلێمانی- (AA)
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌نراوێكدا دوایین ئاماره‌كانی په‌یوه‌ست به په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوكرده‌وه.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوی ژماره ٧٤ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی، كه به‌رواری ئه‌مڕۆی له‌سه‌ره، رێكاره‌كانی په‌یوه‌ست به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، درێژه‌یان هه‌یه.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به دۆخی كه‌ره‌نتین، ئاماژه به‌وه‌كراوه، تاوەکو ئەمڕۆ ١٠ هه‌زار و ٢٧١ هاووڵاتی، "ئەوانەی کە لە دەرەوەی ووڵات گەڕانەتەوە و ئەوانەی کە بەرکەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەکان"ن کەرەنتینکراون، لەئێستادا تەنها هه‌زار و ١٧١ هاووڵاتی لە ٣٣ شوێنی جیاوازی کەرەنتینكردن ماونەتەوە؛ ٤٩٥ لە هەولێر، ١١٩ لە سلێمانی، ٥٥٦ لە دهۆك و یه‌ك هاووڵاتی لە راپەرین.
تیشكخراوهته سه‌ر ئه‌وه‌ش نۆ هه‌زار و ١٠٠ هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوون و گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان، ئه‌وه‌ش دوای تەواوکردنی ماوەی ١٤ رۆژ، ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان، و پشتراستکردنەوەی ئەوەی کە هەڵگری ئەو نەخۆشییە نین، لەگەڵ کەرەنتینکردنی ژمارەیەکی دیكه‌ی هاووڵاتییان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا کە کۆی گشتیان ١٦٧ هاووڵاتییه.
له‌باره‌ی ژماره‌كانی پشكنینه‌وه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی باسی له‌وه‌كردووه، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا؛ هه‌زار و ٢٣٦ پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون، ٥٤٥ له هەولێر، ٣٥٢ له سلێمانی، ٣٠٤ له دهۆك، ٣٥ له هه‌ڵه‌بجه و باس له‌وه‌كراوه هیچ تووشبوویه‌كی نوێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارنه‌کراوه.
تیشكخراوهته سه‌ر ئه‌وه‌ش، کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوه ئەنجامدراون، ٥١ هه‌زار و ٩٩ پشکنینن.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا كۆی گشتیی ژماره‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكراوه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه: کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی کوردستان ٣٩١ تووشبووه، لەنێویاندا پێنج حاڵه‌تی مردن هەیە و ٣٦١ نەخۆش چاکبوونەتەوە، ئێستا تەنها ٢٥ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان.