Sarmand Hameed
21 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2020
ھەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ھەولێر، دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال رایگەیاند، شەش نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە و باری تەندروستیان تەواو جێگیر بووەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دوای ئەنجامدانی پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ ھەر شەش تووشبووەکە و دەرچوونی ئەنجامەکانی بە نێگەتیڤ، بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای ھەولێر چاکبوونەتەوە، گەیشتووەتە ١٤٠ کەس.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا، ٣٣٧ حاڵەتە، لەو ژمارەیەش ١٦٩ حاڵەت لە پارێزگای ھەولێر، ١٣١ لە پارێزگای سلێمانی، ١٥ لە پارێزگای دھۆک و ٢٢ حاڵەتیش لە پارێزگای ھەڵەبجە تۆمارکراون.
بە چاکبوونەوەی ئەم شەش تووشبووە، ژمارەی ئەو نەخۆشانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە لە ھەرێمی کوردستان بە تەواوەتی چاکبوونەتەوە گەیشتە، ٢٩٢ نەخۆش کە ١٤٠ یان لە ھەولێر، ١٢٢ لە سلێمانی، ١٥ لە دھۆک و ١٥ نەخۆشیش لە ھەڵەبجە بوون.
ھەروەھا چوار حاڵەتی گیانلەدەستدانیش لە شاری سلێمانی ھەبووە و، لە ئێستادا تەنھا ٤١ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان کە ٢٩ لە پارێزگای ھەولێر، پێنج لە پارێزگای سلێمانی و حەوت نەخۆشیش لە پارێزگای ھەڵەبجەن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێگرییکردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماکان و چەند شوێنێکی دیکە، ھەروەھا وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.